"دەوڵەتی تورکیا ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەکاتە ئامانج کە بۆ ئازادی دەنووسن"

سارا ڕازا دەڵێت: قەوارەی هەرێمی کوردستان لەبەردەم مەترسییەکی گەرەدایە، پێویستە هاوڵاتیان ئەم بارودۆخە بۆ حکومەت و دەسەڵاتداران جێنەهێڵن، ئەگەر دەوڵەتی داگیرکەر هێرۆ و گوڵستانی شەهید کرد، بەڵام سەدان هێرۆ و گوڵستان لەدایک بوونەوە.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا تەنها بە ناوچە سنورییەکان و هێرشە لەشکرکێشییەکانییەوە نەوەستاوە، لە ٢٣ی ئابی ئەمساڵدا، لە نزیک گوندی تەپە ڕەش لە سنووری شارۆچکەی سەیدسادق سەر بە پارێزگای سلێمانی ئۆتۆمۆبێلێکی ڕۆژنامەنووسان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بە ئامانج گیرا، لە ئاکامی بۆردوومانەکەدا، گوڵستان تارا خەڵکی باکووری کوردستان، کە لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە کاری ڕۆژنامەنووسی دەکات، هێرۆ بەهادین کاری مۆنتێری لە کۆمپانیای چەتر دەکرد، گیانیان بەختکرد، هەروەها ڕۆژنامەنووسێکیش بە ناوی ڕێبین بەکر دانیشتووی شاری سلێمانی و سەرپەرشتیاری دیجیتاڵ میدیای کۆمپانیای چەترە، بریندار بوو.

 

"هێڵی خیانەت لە باشووری کوردستاندا ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانی ئازاد دەکاتە ئامانج"

سارا ڕەزا، ئەندامی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، باس لەوەدەکات، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەردەوام کار لەسەر لەناوبردنی کولتوور و ژینگەی کوردستان دەکات، بەردەوام لە هەوڵی قڕکردنی تاکی کوردان و دروستکردنی دەوڵەتی تورکیایە لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان، لە هەوڵی داگیرکردنی زمان و خاک و نەتەوە و ژینگەی هەرێمدان بۆ خۆبونیادنانیان لە ناوچە کورد نشینەکاندا، دەشڵێت: دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە نزیکەی ٤٠ بۆ ٥٠ کیلۆمەتر هاتوونەتە خاکی باشووری کوردستانەوە، دەوڵەتی تورکیا لە دەروەی خاکی عێراقن، بەڵام بە ئاسانی ڕێگەیان پێدەدرێت لە خاکی عێراق و هەرێمی کوردستاندا درۆنەکانیان هەڵبدەن، ئەو مرۆڤانەی قەڵەمەکانیان لەسەر ئازادی دەنووسێت و هەوڵی ئازادبوون دەدەن، دەیانکەنە ئامانج و شەهیدیان دەکەن.

 

سارا ڕەزا، وتیشی: وەک هەموو جارێک دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هاوڵاتیانی مەدەنی لە باشووری کوردستاندا دەکاتە ئامانج، لە ڕیکەوتی ٢٣ی ئابدا دەوڵەتی تورکیا دوو ژنە ڕۆژنامەنووسی بە ناوەکانی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین بە ئامانج گرت، هەبوونی ئەم هێرشانە بۆ سەر میدیاکار و ڕۆژنامەنووسانی ئازاد دەگەڕێتەوە بۆ هێڵی خیانەت لە باشووری کوردستاندا، هێڵی خیانەت کە پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکەیە دەستی لە تەواوی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەر دایە، هەرچەند هەڵی ڕووخاندنی داگیرکەران بین دوو ئەوەندە هێڵی خیانەت لاواز دەکەین، هەروەها حکومەتی عێراق بەرپرسیارە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و شەهیدکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە باشووری کوردستاندا.

 

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەکرد، "هێرۆ و گوڵستان ڕۆحیان شاد، دەوڵەتی داگیرکەر هێرۆ و گوڵستانی شەهید کرد، بەڵام سەدان هێرۆ و گوڵستان لەدایک بوونەوە" هەروەها وتی: قەوارەی هەرێمی کوردستان لەبەردەم مەترسییەکی گەرەدایە، پێویستە هاوڵاتیان ئەم بارودۆخە بۆ حکومەت و دەسەڵاتداران جێنەهێڵن، بێدەنگی هاوڵاتیان ڕێگە خۆشدەکات بۆ هێڵی خیانەت و داگیرکەران، پێویستە تەواوی هاونیشتیمانیان و نیشتمانپەروەران هەڵوێستیان هەبێت.