توندوتیژی دژ بە ژنان یان کۆمەڵگە؟

هەریار جەمیل رەنجبەر - نووسەرو هۆنەر

لەگەڵ هەڵاتنی خۆری شارستانیەت و تەکنۆلوژیا، کێشە کۆمەڵایەتییەکانیش رێڕەوێکی جیاوازیان لە جاران وەرگرتووە، ئەو کێشانەش لە ئەزەلەوە هەبوون و بەردەوام لە هەڵکشان و داکشاندابوون لەژێر کاریگەریی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری و ڕامیاری.


کێشەکان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جۆر و رێژەیان دەگۆڕێت، بۆ نموونە لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا بەهۆی بەرزیی هوشیاریی و یاسا بەرکارەکان بە رێژەیەکی کەمتر بەرچاو دەکەون، لە کاتێکدا لە وڵاتانی تازە پێگەیشتوو و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا کێشەکان لە زیاد بووندان.

 

کێشەکان هێشتا زۆرن
لە هەرێمی کوردستان کێشەکان هێشتا زۆرن و رۆڵی یاساش لەم بوارەدا، وەک پێویست نابینرێ،. ئێستا ‎رێژەی توندوتیژی لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان لە زیادبووندایە و هەر ساڵێکیش بە مۆدێلێک و شێوازێکی جیا خۆی دەنوێنێ، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک کە بە بۆچوونی ئێمە ئەمانەی خوارەوە بەشێکی ئەو هۆکارانەن:
١- خراپ بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای نوێ، وەک مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و نەزانینی بەکارهینانی بەشێوەیەکی گونجاو، هۆکاری سەرەکییە بۆ لە دەستدانی باڵانسی مۆڕاڵی لە کۆمەڵگە سادە و ساکارەکان.
٢- نەبوونی یاسا بۆ پاراستنی تاوانلێکراو (مجنی علیە)، لە تاوانبار (جانی)، واتا بۆ نموونە ئەو کەسەی ژنێک بە تاوانی شەرەف دەکوژێت، سزایەکی کەم خایەن وەردەگرێت بە ناوی شەرەف، ئەمەش بەهەموو شێوەیەك دەبێت قەدەغەبکرێت.
٣- نزمیی ئاستی رۆشنبیریمان و تەسکیی بیرکردنەوەکان.
٤- کەمیی بەرنامەی رۆشنبیری لە میدیاکان لەسەر ئەو بوارە .

بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان
‎بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیش، چەندین رێوشوێن و هەنگاو هەن کە ئەگەر بگیرێنەبەر، کاریگەرییەکی بەرچاویان دەبێت لەسەر دۆخەکە، وەک: 
١-زۆرکردنی بەرنامەی هوشیارکەرەوە و رۆشنبیری لە میدیاکان و زیادکردنی سیمیناری کۆمەڵایەتی، هەروەها هاندان بۆ نەهێشتنی نەخویندەواری، واتە هەوڵ بدرێت توانای ئاستی خوێندەواری ژنان و پیاوان  بەرز بکرێتەوە.


٢- وەك چۆن یارمەتی ژنی تاوانلێکراو دەدرێت، دەبێت یارمەتی پیاوانی تاوانباریش بدرێت، لە رێگەی هوشیارکردنەوەی دەربارەی مەترسییەکان و دەرهاویشتەکانی بەکارهێنانی توندوتیژی دژ بە ژنەکانیان یان خوشکەکانیان یان کچەکانیان.


٣- لە مزگەوتەکانەوە، کە یەکێکە لە پێگە پیرۆزە کۆمەڵایەتی و ئاینییەکان و بەزۆریی پیاوانمان رووی تێدەکەن، داوای نەهێشتنی توندوتیژی بکرێت و بە گوناحێکی گەورە دابنرێت. با لێرەدا پیاوە ئاینییەکانمان رۆڵی خۆیان ببینن لە رێگەی  مینبەری مزگەوتەکانەوە تەئکیدبکەنەوە کە ئایینی ئیسلام دژی ئەو دیاردەیەیە .


٤- گریمان ئەگەر هەر ژنێک دووچاری هەڵەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتی بووەوە یان تەنانەت خیانەتیشی کرد، ئەوا هەوڵبدرێت رێگەی شارستیانە بگیرێتەبەر بۆ چارەسەری کێشەکە لە جیاتی پەنابردنە بەر توندوتیژی یان کوشتن، ئەرکی رێکخراوەکانیشە پیاوان و ژنان هوشیاربکەنەوە لە رێگەی کردنەوەی خولی تایبەت.


‎٥--سەروەریی یاسا و گۆرینی ئەو بەندە یاساییانەی، کە دەڵێت کوشتن لەسەر شەرەف سزایەکی قورسی نابێت، هەرکەسێک کەسێكی تر بکوژێت چ لەسەر شەرەف بێت یان نا، دەبێت سزای یاسایی خۆی وەربگرێت، ئەگینا ئەمە دەبێت بە جۆرێک لە هاندان و رێگەخۆشکردن بۆ ئەو تاوانانە. ‎جگە لەوانە، نابێت بەھیچ شێوەیەک جیاوازیی بخرێتە نێوان ھەردوو رەگەزەکەوە لە بابەتی جێبەجێکردنی یاساکان. 


‎ئەگەر ئێمە رەچاوی ئەم خاڵانە بکەین و بەهەمووان کاریان بۆ بکەین، ئەوا بێگومان کاریگەریی خۆی دەبێت لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوازێکی باشتر و شارستیانەتر.