میدیای نابەرپرس و کاریگەرییەکانی لەسەر وەرگر
د.پاڤی جەمیل - راگری کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی

لە سەردەمی مۆدێرنەدا، کەلتوری باوی کۆمەڵگەکان، کەلتوری بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیا و ئامێری زیرەکە، راگەیاندن وەکو دەسەڵاتێکی کارا کاریگەری هەیە لەسەر بیرکردنەوە و گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگە، ئەم پرۆسەیەش لە رێگەی ئامڕازەکانی راگەیاندنی بینراو، بیستراو، خوێنراو، یان سۆشیال میدیادا، بەدواداچوون بۆ هەواڵەکان دەکەین و زۆرجاریش لەسەر بنەمای ئەوەی میدیاکان بۆمان دەخەنەڕوو، بۆچوون و هەڵوێستەکانمان پێکدەهێنێت، بەڵام ئەگەر میدیا بەرپرسیارێتی پیشەیی خۆی لەدەستبدات، ئەوکات لە ئامرازێکی بڵاوکردنەوەی زانیاری و هەروەها بەخشینی زانیاری راست و گواستنەوەی راستییەکان، دەگۆڕێت بۆ سەرچاوەی زانیاری هەڵە و ترس و دابەشبوونی کۆمەڵگە.
میدیای نابەرپرسیار چییە؟
میدیای نابەرپرسیارانە، هەر ناوەڕۆکێکی میدیاییە کە وردبینی و باوەڕپێکراوی تێدا نییە و پشت بە هەستیاریی و زیادەڕۆیی لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست، یان شێواندنی راستییەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجی سیاسیی، ئابووری، یان کۆمەڵایەتی دەبەستێت. بە سادەیی ئەوە میدیایە، کە زیاتر سەرنجی لەسەر راکێشانی سەرنجە نەک گەیاندنی راستییەکان و پشتگوێخستنی رۆڵی پەروەردەکردن و رێنماییکردنی دروستی خەڵک. بۆ نموونە، کاتێک هەواڵەکان زیادەڕەوییان تێدادەکرێت بۆئەوەی وەک قەیرانی گەورە دەربکەون، یان کاتێک دەنگۆی تاکەکان یان دامەزراوەکان بە بێ پشتڕاستکردنەوەی رەسەنایەتییان چەندینجار بڵاودەکرێنەوە، میدیای نابەرپرس کاریگەریی نەرێنی بەرچاوی لەسەر بینەر دەبێت.
لە زانستی راگەیاندندا، چەندین تێۆر هەیە کە شرۆڤەی ئەم دۆخەی میدیا دەکات لەو تێۆرانەش:
١- تێۆری پلەبەندی رێکخستن "نظرية ترتيب الأولويات Agenda Setting"
ئەم تیۆرییە باس لەوە دەکات کە میدیاکان بە خەڵک ناڵێن بیربکەنەوە، بەڵکو زیاتر دەڵێن، تەنها بیر لەم شتە بکەنەوە. بە واتایەکی تر، میدیا بە گرنگیدان بە هەندێک رووداو و بابەت و پشتگوێخستنی هەندێکی تر، پلەبەندی لە هزری وەرگردا دروست دەکات، کاتێک میدیا نابەرپرسیارانە تەنها تیشک دەخاتە سەر ئەو بابەتانەی کەوا خۆیان مەبەستییانە وەرگر سەرقاڵ بکەن و دەیانەوێت وەرگر، لە پرسە گرنگ و راستییەکان دووربخەنەوە.
٢- تیۆری بەکارهێنان و تێرکردن "استخدام و الاشباعات"
ئەم تیۆرییە پێشنیازی ئەوە دەکات، کە وەرگران میدیا بەکاربهێنن بۆ تێرکردنی پێداویستییە مەعریفی و کات بەسەربردن و یان بابەتە کۆمەڵایەتییەکانیان، بەڵام میدیای نابەرپرسانە ئەم پێداویستیانە بەرەو لایەنی نەرێنی ئاراستە دەکات. لە بری دەوڵەمەندکردنی بابەتەکانی راگەیاندن دڵەڕاوکێ و دەنگۆ دەچێنێت و لە بری کات بەسەربردنێکی بەسوود، ناوەڕۆکێکی پووچەڵ یان توندوتیژیی دەخاتەڕوو کە بیرکردنەوە و رەفتاری بینەر تێکدەدات.
٣-تیۆری دەروازەپارێزی
بەپێی ئەم تیۆرە میدیا ئەو هەواڵانە هەڵدەبژێرێت کە دەگاتە رای گشتی. لە حاڵەتی میدیای نابەرپرسیاردا بەرژەوەندیی سیاسیی، یان بازرگانی کۆنترۆڵی ئەو بابەتانە دەکەن، کە بڵاودەکرێنەوە و وەرگرەکان زانیاری ناتەواو، یان چەواشەکاریان لەلایەن بەجێدەهێڵێت، ئەمەش وا دەکات رای گشتی بە هەڵەدا بەرێت و بە پێی سیاسەتی میدیایی ئاڕاستەی بکات.
کاریگەریی میدیای نابەرپرس لەسەر وەرگر چییە؟
دەتوانین بڵێین کۆمەڵێک لایەن لەخۆدەگرێت لەوانە:
١- لە رووی دەروونییەوە
وەرگرەکان لە ئەنجامی زیادەڕەوییکردنی بەردەوامی رووداوەکاندا، تووشی دڵەراوکێ و ترس دەبن، لەوانەیە متمانەیان بە سەرچاوە میدیاییەکان لەدەست بدەن. لە هەندێک حاڵەتدا ئەمە دەبێتەهۆی گرژی بەردەوام یان هەستکردن بە بێدەسەڵاتی لە بەرامبەر رووداوەکاندا.
٢-لە رووی کۆمەڵایەتییەوە
میدیای نابەرپرسیار بەشدارە لە بڵاوکردنەوەی ناتەبایی لە نێوان گروپە جیاوازەکان و بەها هاوبەشەکانی وەک، هاودەنگی و رێزگرتن لە یەکتر، لاواز دەکات. هەروەها لەوانەیە دووبەرەکی لە نێوان ئەندامانی کۆمەڵگەدا زیاد بکات، یان هاندەری رەگەزپەرستی بێت ئینجا چ سیاسی بێت یان کۆمەڵایەتی یان ئایینی.
٣- لە رووی سیاسییەوە
میدیای نابەرپرس دەتوانێت بیروڕای گشتی بەلاڕێدا ببات و بەشداریی دیموکراسی لاواز بکات و دەنگۆیەک بچێنێت کە کاریگەری لەسەر هەڵوێستی دەنگدەران و بڕیارە سیاسییەکان هەبێت.
چۆن بتوانین بەرپەرچی میدیای نابەرپرسانە بدەینەوە؟
لە رێگەی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری پێشوەخت، وەرگر فێری چۆنیەتی پشتڕاستکردنەوەی هەواڵ و سەرچاوەکانی بکرێت. پێویستە کەناڵەکانی راگەیاندن پیشەییانە کار بکەن و پابەندبن بە پیشە و ئەخلاقی کاری رۆژنامەنووسییەوە، ئەوەش لە رێگەی پاراستنی بابەتی بوون و وردبین لە بڵاوکردنەوەی زانیاری و خۆیان لەژێر کاریگەریی فشارە سیاسیی یان ئابوورییەکان بەدووربگرن. لە رێگەی بەهێزکردنی یاسا و چاودێرییکردنی میدیاکان و دەرکردنی یاسای روون بۆ سزادانی ئەو دامەزراوانە، یان ئەو کەسانەی کە بە ئەنقەست هەواڵی چەواشەکارانە بڵاودەکەنەوە و پشتگیریی لە میدیای بەدیل و میدیای سێبەر دەکەنەوە. هاندانی ئەو پلاتفۆرمانەی کە ناوەڕۆکی ورد و متمانەپێکراو پێشکەش دەکەن، بۆئەوەی کێبڕکێ لەگەڵ دەزگاکانی راگەیاندنی نابەرپرسیار بکەن.
لە کۆتاییدا میدیا ئامرازێکی بەهێزە، کە دەتوانێت هۆشیاریی بنیات بنێت، یان تێکیبدات، هەروەها رەنگدانەوەی هۆشیاریی و بەرپرسیارێتی کۆمەڵگەیە. میدیای نابەرپرسیار وەرگر دەکاتە قوربانی ترس و زانیاری هەڵە، کاریگەریی لەسەر دەروون و رەفتاریان دەبێت، پەیکەری کۆمەڵایەتی هەڵدەوەشێنێتەوە و بەشداری سیاسیی لاواز دەکات. بۆیە کۆمەڵگە پێویستی بە هۆشیاریی رەخنەگرانە و میدیای پیشەیی بەرپرسیار و یاسای رێگری هەیە، بۆ دڵنیابوون لەوەی، کە میدیا وەک ئامرازێکی زانین و تێگەیشتن بمێنێتەوە، نەک ئامرازێک بۆ شڵەژان و سەرلێشێواوی و زانیاری هەڵە.