دەستپێکردنەوەی ژیان دوای جیابوونەوە
وەردە رەشید - نووسەر

پرۆسەی هاوسەریی لە ژیانی هەر تاکێکدا زۆرترین کاردانەوە بە دوای خۆیدا دەهێنێت، لەبەرئەوە بەردەوام لێرە و لەوێ زۆرترین قسە و باسەکان لەبارەی ئەم پرۆسەیە و هەڵوەشانەوەیەوە دەکرێت.
دیارە هەڵوەشانەوەی پرۆسەی هاوسەریی بەدەر نییە لە کاردانەوە نەرێنییەکان لەسەر دەروون و ئاڕاستەی ژیانی کەسەکان، هەمیشە پێمخۆشە قسەکانم لەبارەی چۆنێتی خۆگونجاندن بێت لەگەڵ پرۆسەکە و ئاڕاستەکردنی کەسەکان بێت بۆ سەرکەوتن تیایدا، بەڵام لەم سەردەمەدا ئامارەکان پێمان دەڵێن، ژمارەی جیابوونەوەی هاوسەران بەردەوام لە هەڵکشانداندایە و رێژەکەی زیاترە لە بەستنی گرێبەستی هاوسەریی، بۆیە ناکرێت خۆمان لە باسی چۆنێتی خۆگونجاندن لەگەڵ قۆناغی جیابوونەوەدا ببوێرین، چونکە بەشێک لە هاوسەران دوای جیابوونەوە بەبێ خۆشویستنی خودی خۆیان بە جۆرێک کە پێیانوایە بۆ خەم خواردن خوڵقێنراون، هەمیشە خۆیان دەخەنە نێو گێژاوی بیرکردنەوە لە رابردوو و پەشیمانبوونەوە لە چۆنێتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ ژیانی پێشوودا.
ئەو کەسانەی لە دوای جیابوونەوە باری دەروونی خۆیان ئاڵۆز دەکەن، بە شێوەیەکی گشتیش دەکرێن بە دوو بەشەوە، بەشێکیان بەهۆی ئەوەی هۆکاری سەرەکی بوون لە جیابوونەوەکەدا، هەمیشە سەرزەنشتی خۆیان دەکەن بەوەی نەیانتوانیوە بە جۆرێک مامەڵە لەگەڵ پرۆسەکەدا بکەن کە بەردەوام بێت، ئەمەش نا دادییە بەرامبەر خود، چونکە رابردوو بەشێکە لە ژیانی هەموو تاکێک، دەبێت بە تەواوی کەموکورتییەکانەوە قبوڵی بکەین و ئەزموونی لێ وەربگرین، بە دڵنیاییەوە هەندێک شکست مرۆڤ بەهێز دەکات و فێری ژیانی دەکات، بەشەکەی دیکەیان ئەو کەسانەن هۆکاری سەرەکی نەبوون لە جیابوونەوەکەدا، بەڵکو تووشی ئەمری واقیع بوون، بۆیە بەهۆی هەستکردن بە فەرامۆشکردن جۆرێک لە هەستی خۆ بە کەمزانی تیایاندا دروست دەبێت، ئەم هەستەش جارێکی دیکە لە تێگەیشتنێکی نا لۆژیکییەوە سەرچاوە دەگرێت، چونکە فەرامۆشکردنی هەر مرۆڤێک لەلایەن هاوسەرەکەیەوە مانای بچووکی ئەو نابەخشێت. هەروەک نووسەری بەناوبانگی عەرەب نزار قەبانی دەڵێت:(هەموو مرۆڤێک رووبەڕووی لەبیرکردن دەبێتەوە)، هەربۆیە ئەم جۆرە کەسانە وا هەست دەکەن، جارێکی دیکە هاوسەرێکی راقی وەک هاوسەری پێشوو نایەتەوە نێو ژیانیان، ئەم بەشەیان تەنانەت لە دوای هەڵبژاردنی هاوسەرێکی نوێ، چەمکی بەراوردکاری دەبێتە پیشە و خەیاڵیان، خاڵە لاوازەکانی هاوسەریی تازە بە خاڵە بەهێزەکانی هاوسەری پێشوو بەراورد دەکەن ئەمەش هەڵەیەکی کوشندەیە، چونکە هەموو مرۆڤێک خاڵی بەهێز و لاوازی هەیە.
دەکرێت من لە هەندێک خاڵدا لە هاوڕێکەم باشتربم، ئەویش لە هەندێک خاڵدا لە من باشتربێت، بۆیە ناکرێت بەردەوام بیرکردنەوە لە خاڵە بەهێزەکانی هاوسەری پێشوو وا لە کەسەکان بکات لە ئاست خاڵە بەهێزەکانی هاوسەری تازەدا نابینابن، لە بەرامبەردا چەندین کەس هەن لە دوای جیابوونەوە، هەوڵی خۆ بونیادنانەوە دەدەن و پەرە بە توانا و لێهاتووی خۆیان دەدەن، واتە پلان دادەنێن بۆ دەستپێکردنەوەی ژیانێکی نوێ، بۆ نموونە زۆر کەس لە دوای جیابوونەوە هەوڵدەدەن بڕوانامە لە بوارێکدا بە دەستبهێنن یان خۆیان فێری زمانی بیانی دەکەن و... هتد. بە راستی ئەمە کار و هەڵوێستێکی ژیرانەیە و دەکرێت ئەزموون لەم جۆر کەسانە وەربگیرێت.