فراوانبوونی پێگەی ژن لەنێو سیاسەتدا
ڕەنگین مەلا سەمەد- نووسەرو ڕۆژنامەنووس

سیاسەت بەندە بە ئامانجێکی دیاریکراوەوە، واتە دەسەڵات و توانای بڕیاردان بەسەر تەواوی پرنسیپەکانی کۆمەڵگە و دیاریکردنی ئەرکی تاک و داکۆکیکردن لە تەواوی بەرژەوەندییەکانی. بەشداریی ژنانیش لەنێو سیاسەت و دەسەڵاتدا وادەکات پێگەی ژن باڵاتر بێت و زۆرترین دەسەڵاتی لە ناوەندی بڕیاردا هەبێت و زیاتر داکۆکی لە بوونی خۆی و هاوشێوەکانی بکات.
هەرچەندە رێکخراوی زۆر هەن تایبەت بە ژنان بۆ داکۆکیکردن و هەڵوێستنواندن بەرامبەر بە پێشێلکردنی مافەکانی ژنان، بەڵام ئەمە بەس نییە، پێویستە سیاسەتیش بەشێک بێت لە شەن و کەوی کێشەکانی ژنان و کەمبوونەوەیان لە رێی دەسەڵاتدا، بۆیە گرنگە ژنانیش بەشدارییان هەبێت، چونکە بێ بوونی ئەوان دەسەڵات و بڕیاریش لاسەنگ دەبێت، بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەتێکی دروستیش پێویستمان بە تەواوکاریی و تێهەڵکێشی هێز و هزر هەیە، نابێت ئەوەش نادیدە بگیرێت کە بەشێک لە هەوڵ و چالاکی و ماندووبوون و داواکارییەکانی ژنانی ئازادیخواز و چالاکوان نەبووایە، بەشداریی ژنان لە سیاسەت و دەسەڵاتدا نەدەبووە واقیع و بەرە و باڵادەستیی پەلبکێشێت، بەڵام گرنکە ئەو ژنانەی سیاسەت هەڵدەبژێرن و دەگەنە ناوەندی بڕیار پشتبەستوو بن بە ئینتیمایەکی رۆحی نەتەوەیی، هاوکات خاوەن ئەزموونێکی پەرشوبڵاو لە چالاکی و جووڵە بن، باکگراوندێکی زانستیی قووڵیان لە ئەرکەکەیاندا هەبێت و خاوەن ئایدۆلۆژیایەکی هەقخوازانە بن، تا بتوانن بیکەنە بنەما بۆ بەڕێوەبردن و داکۆکیکردن لە تەواوی مافەکانی ژنان.
حزب و قەوارە سیاسییەکانیش پێویستە بواری زیاتر لەوەی هەیە بدەن بە ژنان، رێژەی بەشدارییان بۆ زیاتر بکەن، چونکە لایەنی کەم وەلانان و پشتگوێخستن و بە کەم سەیرکردنی ژنان لەو پرۆسەیەدا، کەلێنێکی گەورەیان بۆ دروستدەکات و بەرەو لاوازییان دەبات.
خاڵی سەرەکیی لەنێو حزبەکاندا، کارکردنە لەوەی چۆن بتوانرێت متمانەی ژنان بگەیەننە ئەو ئاستەی بێ ترس و دوودڵیی و ئاستەنگ، بڕیار لەسەر بەشداری و بەرەوپێشچوونی خۆیان بەرەو گەیشتن بە دەسەڵات بدەن، سیاسەتێکی حەکیم و دادپەروەر بەڕێوەبەرن.
پێویستە سیاسەت و دەسەڵاتیش ببێتە ئەو دەلاقەیەی ژنان بکەنە میراتگر بۆ دەستاودەستکردنی پێگەکان و وەرگرتنی پۆستە باڵاکان، نەک لە چوارچێوەیەکدا ژنان قەتیس بکەن و پەراوێزیان بخەن، یان بچووکیان بکەنەوە، نابێت دەسەڵات ژنان بەکاربهێنن بۆ بەرژەوەندییەکانیان، یان گەشەکردنێکی کارتۆنییانەیان پێببەخشن کە کار لە بەها ئەخلاقییەکانیان بکات و لە پێشچاوی کۆمەڵگە قێزەونیان بکات.
دەبێت لە دەسەڵاتدا سنوورەکان بۆ ژنان پارێزراوبن و بە پێوەری سەنگ و ئەخلاق و گوێگرتن و متمانە و توانا و ئیستیغلال نەکردن دەورەبدرێن، بۆئەوەی ژنان لە رێی سیاسەتدا نەکرێنە ئامانج و خۆراکی سیاسییە باڵادەستە چاوچنۆکەکان، تا لەدواییدا نەبنە چیرۆکێکی بە ئازار لە کۆمەڵگەدا و تووشی شکست و دۆڕان ببن.
پێویستە ژنان لەنێو دەسەڵاتدا خاوەن کارنامەیەکی یەکگرتووبن، سڵنەکەنەوە لە سیاسەت و دەسەڵاتی پیاوان، ئارەزووەکانیان بۆ چوونە نێو دەسەڵات زیاتر بکەن، سیاسەت لە ململانێی نامرۆڤانە و ژەهراویبوون داماڵن، پەردەی سەر گەندەڵییەکان بدڕێنن، بۆ لە چاڵنانی زۆرلێکردن و پیاوسالارییش پێویستمان بە لەشکرێک لە ژنانی ئازا و بوێر و دانا و خاوەن زانست و بەرگریکار هەیە، تا بە یاسا رێگەی سیاسەت و دەسەڵاتیشمان بۆ فەراهەم بکەن.