مردن بەهۆی برسێتییەوە، لووتکەی دڕندەیی
سۆزان حەمە تاتە- نووسەر

جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، خەریکە هەموو سنوورەکان تێدەپەڕێنێ، ئەگەر مرۆڤ ویژدانی هەبێت، دەکەوێتە بەردەم ئاڵنگارییەکی مرۆیی گەورەوە.
هێزەکان کێن و چین دروستبوونی گومان و پرسیار لەسەریان مافی هەر کەسێکە، بەڵام ناکرێت لە سەدەی بیست و یەکەمدا مرۆڤ بەتایبەت منداڵان بەهۆی برسێتییەوە بمرن.
بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین لە کەرتی غەززە، ژمارەی ئەو فەلەستینییانەی کە لە ٧ی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ وە تائێستا بەھۆی برسێتییەوە لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە، بەرزبووەتەوە بۆ ٣٤٨ کەس، راستییەکەی ئەو ئامارە لووتکەی دڵڕەقی و بێ دەربەستیی جیهانە بەرامبەر منداڵان، ئەوانەی هەر ناشزانن پێناسە و مانای جەنگ چییە.
لە جەنگدا گرتنەبەری رێوشوێنی برسیکردن و ئابڵووقەی ئابووری بۆ سەرکەوتن بەسەر هەر هێز و لایەنێکدا بێت، میکانیزمێکی چەوتە و سەرکەوتنی راستەقینەی لێ بەدی نایەت، خۆ سەرکەوتن هەر ئەوە نییە ناوچە یان شار و شوێنێک داگیر بکەیت، بەڵکو سەرکەوتن ئەوەیە هاوشانی جەنگ، مافەکانی منداڵ و مرۆڤی مەدەنی بپارێزیت و خەڵک برسی نەکەیت و ژێرخانی تەندروستی و پەروەردە بپارێزیت بۆ ئەوەی کاریگەریی راستەوخۆ نەکاتە سەر ژیانی کۆمەڵگە بەگشتی، لەو سۆنگەیەوە کە کۆمەڵگە هەمووی بەرپرسیار و بەشداری جەنگ نییە.
وردبەرەوە، لە گۆشەی ژووری چەند ماڵێک، یان ژێر خێمە و یان بەدەم هاواری برسێتییەوە، ١٢٧ منداڵ لە شارێکدا دەمرن، جیهان ئەمە دەزانێ، دەزانێ و لەسەری قسەدەکات، بەڵام هاوار ناکات و بەجددی کار بۆ رێگرتن لە برسێتی منداڵ ناکات، هەڵبەت ئەوە دەزانم ئەو منداڵانەیش قوربانیی سیاسەتی توندڕەوی و سەرکێشیی دوور لە لۆژیکن، بەڵام ناکرێ بەدەم ئازاری برسێتییەوە و بە بەرچاوی جیهانەوە مرۆڤ، ژن و منداڵ، پیر و نەخۆش بمرن و زلهێزەکانیش هەر نوزە نوزیان بێت.
راستییەک هەیە ئەمەیە: نابێت مرۆڤ بەهۆی برسێتییەوە بمرێت، رەنگ و دەنگی مرۆڤەکە گرنگ نییە، دەبێت سەدەی بیست و یەک ببێتە سەدەی کۆتایی جینۆساید و برسێتی و جەنگە بێ ماناکان، ئەو جەنگانەی بەدوای خۆیاندا ماڵوێرانی و سەرگەردانی دەهێنن، بەهاکان ژێرپێ دەخەن، جوانییەکان دەکوژن.
جیهان و وڵاتانی زلهێز دەتوانن سەدەی بیست و یەکەم بکەنە سەدەی ئاشتی، مرۆڤدۆستی و ژینگەپارێزی، سەدەی گەڕانەوەی مافی دزراوی نەتەوەکان، سەدەیەک تیایدا یەکسانی و دادپەروەری لەنێوان مرۆڤ و نەتەوەکاندا، جیهانێک بێت دوور لە چەک و خۆێنڕێژی.