بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە پەرەسەندندایە

هەنار موفتی - نووسەرو هۆنەر

اددە هۆشبەرەکان، بریتیین لەو ماددانەی کاریگەریی خراپ لەسەر کارکردنی مێشکی مرۆڤ دروست دەکەن و دەبنە هۆی گۆڕانکاری لە باری تەندروستی، رەفتار، هەڵسوکەوت، هەست و سۆز، بیرکردنەوە و هۆشی کەسەکەدا.


لە هەرێمی کوردستان بەتایبەت لەناو توێژی گەنجاندا، بە رێژەیەکی کەمیش ژنان لە رێگەی هاوسەر و هاوڕێکانیانەوە ئالوودەی ماددەی هۆشبەر دەبن، ئەوەش یەکێکە لەو دیاردە خراپ و ترسناکانەی کە کاریگەریی خراپی لەسەر نەوەکان و کۆمەڵگەی کوردی بەگشتیی هەیە.


کەسی بەکارهێنەری ئەو ماددەیە تەندروستی و رفتار و هەڵسوکەوتی دەگۆڕێت و ناتوانێت کۆنترۆڵی خۆی بکات و زاڵ ببێت بەسەر خودی خۆیدا، بەردەوام  شپرزە و سەرلێشێواو و ناڕێک دەبینرێت، ئەوەش کاریگەریی دەبێت لەسەر نەمانی کەسایەتی و دەکەوێتە بەر تانەوتەشەری خێزان و کەسوکار، خەڵکیش بە چاوی سووک و قێزەون سەیری دەکەن، زۆر جاریش رووبەڕووی ئاستەنگی گەورەی ماددی و لە دەستدانی کار و پیشەکەی دەبێتەوە  لە ئەنجامی  ئەو رفتارە نابەجێ و نادروستانەی دەیانکات.


بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر کاریگەریی لەسەر خێزان و پرۆسەی هاوسەریی دەبێت، لەبەرئەوەی کەسی ئالوودە بوو بە کەڵکی ژیانی هاوسەریی و باوکایەتی نایەت بەردەوام کێشە و گرفت دروست دەکات، بێ ئاگا دەبێت لە پەروەردەکردنی منداڵەکانی دواجار خێزان تووشی لێکترازان و هەڵوەشانەوە دەبێت.


کەسی ئالوودەبوو هەندێکجار بۆ دەستکەوتنی پارە بۆ کڕینی ماددەکە پەنا دەباتە بەر کاری تاوانکاریی وەک دزی و کوشتن ئەوەش بەکارهێنەرەکەی تووشی سزای یاسایی دەبێتەوە.


ئەوەی جێگەی نیگەرانییە لە هەرێمی کوردستان سەنتەرێک نییە بۆ چارەسەری توشبووان  و ئالودەبووان بە ماددە هۆشبەرەکان، لە کاتێکدا لە هەموو وڵاتانی دنیا بە دەیان سەنتەر و رێکخراو هەن بۆ چارەسەری توشبووان بەو ماددە کوشندەیە، هەر بۆیە رۆژ لە دوای رۆژ  توشبووان و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر روو لە زیادبوونە.


بڵاوبوونەوە و زۆربوونی ژمارەی ئالوودەبووان بە گەورەترین گرفت دادەنرێت کە رووبەڕووی شارستانی سەردەم بووەتەوە، ئەم گرفتە خەڵک و نەتەوە و کەلتور ناناسێت و هەموو سنوورەکان بە ئاسانی دەبڕێت، ئەوەش تاک، خێزان و کۆمەڵگە بەرەو داڕمان دەبات.