ئاگرەكەی هەڵەبجە لە نێوان ناسا و یاسادا

ژینەر محەمەد-نووسەر

ناسا لەنوێترین راپۆرت و شیكاركردنی كارەساتە سروشتییەكەی هەڵەبجەدا، دەستەواژەی رووداو و ئازارێكی زۆر گەورە بەكاردەهێنێت، بەڵام راستی ئازارەكە لە ئاسمانەوە هەست پێناكرێت، بەڵكو كوێستانییەكان دەزانن و كۆچەرییەكان دركی پێدەكەن و دانیشتووانی ناوچەكەش تێدەگەن، كە ئەوەی سووتاوە تەنها دار بەڕووی دەستی باپیرە و دارەبەنی میراتی بنەماڵە رەسەنەكان نییە، بەڵكو مێژوو گڕیگرتووە و رابردوویەكی درێژی لەگەڵ خۆیدا بردووە.

 

ساندرا بوڵوك ـ ی ئەكتەر، چیرۆكی گفتوگۆی لەگەڵ تاكە گوڵی ناو ئینجانەی ژوورەكەی دەگێڕێتەوە و هەموو دووان و ئاخاوتنێك لەناو تەنهایی زۆری رۆحدا بە ئاوەدانییەكی گەورە وێنا دەكات، ئەگەر هێزی گوڵێكی ناو ئینجانە بۆ قسە ئەوەندە زۆر بێت، ئایا دەبێت هێزی هاوار و ناڵەی ئەو هەموو دارستان و درەخت و نەمامەی هەڵەبجە چەند بووبێت كە لە حاڵی سووتاندا دەنگیان گەیشتووەتە ئاسمان؟، ئەمە ئازارێكە تەنها هەڵەبجەییەكان و ئەو پاڵەوانانە لێیتێدەگەن، كە بە هێزی بازوو سەرگەرمی كوژاندنەوەی ئاگرەكە بوون و دوو جوامێریش لەپێناو كۆتایی هێنان بە ئاگر سووتان و شەهید بوون.

 

دیاریكردنی ناونیشان و بەستنەوەی (ناسا) بە (یاسا)وە، ئەگەر بەشی یەكەمی پەیوەست بێت بەدیوی هەڵسەنگاندن و چاودێرییكردنی زیان و ئاكامە ترسناكەكانی ئەو رووداوەوە، ئەوە بەشی دووەمی بۆ پێداچوونەوەیەكی جددی ناوخۆییە بەو یاسا و رێسایانەی كە لە ئەنجامی كەمتەرخی یان بە ئەنقەست دەبێت بەسەرچاوەی كارەساتێكی سروشتی لەو جۆرە، راستی ئەگەر رێزگرتن لە ژینگە و پاراستنی سامانی ژینگەیی وڵات لە سۆنگەی بەرپرسیارییەتی ئەخلاقی و لە چوارچێوەی بەهای باڵای نیشتمانیدا نەپارێزرا، ئەوە بە زەبری هێز و هێزی یاسا دەبێت سنوورێك بۆ رووداوی لەو جۆرە دابنرێت.

 

راستییەكەی تائێستا نازانرێت هۆكارەكانی كەوتنەوەی ئەو ئاگرە بە جۆشە لەچییەوە سەرچاوەی گرتووە و بەرەنجامی كەمتەرخەمی بووە یان دەستی ئەنقەست و روداوی دروستكراو، بەڵام هەركامێكیان بێت پێویستە بۆ داهاتوو میكانیزمی چاودێرییكردن زیاتر بكرێن و رێگە نەدرێت رووداوی لەو جۆرە دووبارە ببێتەوە.

 

هەروەها پاش بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، تیمەكانی بەرگری شارستانی چ لە رووی سەرچاوەی مرۆیی و چ لە رووی ئامێر و كەلوپەلی پێویستی هاوچەرخ ئاوڕیان لێبدرێتەوە، چونكە ناكرێت هەڵەبجە كە ناوبانگێكی گەورەی لە زۆری سەوزایی و درەختدا هەیە، بە ئاگرێكی لەمجۆرە ماڵوێرانی ژینگەیی دروست بێت و ناوچەیەكی گەشتیاریی ئاوا گرنگ ببێت بە قوربانی.