هەڵبژاردنی ئایندە و رەوشی ناوچە دابڕاوەکان
ساھیرە مەحمود - نووسەر

وەک لای هەمووان ئاشکرایە کە عیراقی فیدراڵ لە هەڵبژاردنی پەرلەمان نزیک دەبێتەوە و ئامادەکاریی دەکات بۆ ئەوەی پێکهاتەکانی وڵاتەکە بەشداری بکەن و نوێنەری راستەقینەی خۆیان بۆ دەسەڵاتی یاسادانان دەستنیشان بکەن، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی هەڵبژاردنی ئەم جارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە چوارچێوەی کێبڕکێیەکی زۆر جیاوازدایە لەنێو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی عیراقی لە شیعە و سوننە و کورد بەڕێوەدەچێت، کە هەریەک لەو پێکهاتانەش خاوەن حزب و لایەنی سیاسیی خۆیانن، بۆیە بەدەستهێنانی زۆرینەی کورسی پەرلەمانی، بەپێی پێوەر و میکانیزمەکانی پرۆسەکە، دەکەوێتە ناو خانەی ململانێیەکان لە ناوچە جیاوازەکان و بازنەی هەڵبژاردنەکان، ئەوکات هەر پێکهاتە و حزب و لایەن و قەوارەیەکی سیاسی، زۆرینەی کورسی مسۆگەر بکات، دەتوانێت حکومەتی ئایندەی عیراق پێکبهێنێت، لەم ئان و ساتەدا، ئەو کاندیدانەی کە خاوەن کەسێتی بەرز و خاکی و دڵسۆزن و شوێن دەستیان لە کۆمەڵگادا دیارە، بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵک، ئەوانە دەتوانن دەنگی باش مسۆگەر بکەن و سەرکەوتن بەدەستبهێنن، بەتایبەتی لەناوچە دابڕاوەکانی سنووری بازنەی هەڵبژاردنی پارێزگای دیالە، بۆیە رەوشی ئەم قۆناغەی کارکردنی ئێستا، لەچاو قۆناغەکانی پێشتر زۆر جیاوازترە، چونکە لەماوەی رابردوودا، گەلێک کێشە و گرفتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەمنی جیاجیا و چەندین رووداو و گۆڕانکاری روویانداوە و پێدەچێت پێشهاتی دیکەش بێتە ئاراوە، کە ئەوانەش کاریگەریی خراپیان لەسەر هەست و دەروونی خەڵکی ناوچە دابڕێنراوەکان بەگشتی و سنووری پارێزگای دیالە و قەزای خانەقین و دەڤەری گەرمەسێر بەتایبەتی هەبووە و دەبێت، لێرەدا بەپێویست دەبینرێت کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەشێوەیەکی واقیعبینانە پێداچوونەوە بە ئەرکەکانیدا بکات و بەخوێندنەوەیەکی وردتر تەواوی ئەگەرەکان هەڵبسەنگێنێت و هەر لەئێستاوە هەنگاوەکان خێراتر بکات بۆ چۆنێتی شۆڕبوونەوە بۆ نێو جەماوەر و لە نزیکەوە گوێبیستی کێشە و داخوازییەکانیان و دڵدانەوەیان ببێت.
لەلایەکی دیکەشەوە گرنگیی خۆی دەبێت ئەگەر هەر لەئێستاوە یەکێتی کاندیدەکانی خۆی شۆڕبکاتەوە بۆ نێو خەڵک، تاوەکو پێگە و سەنگ و قورساییان لەناو جەماوەر و کۆمەڵگەدا دیار بێت.
هەروەها هەوڵ بدەن کە خۆیان بە کادران و ئەندامان و لایەنگران و جەماوەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بناسێنن، لەگەڵ ئەوەشدا خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵک بکەنە بنەمای ئەرکی ئایندەیان، چونکە سەرکەوتنی ئەمجارە دەبێتە سەرکەوتنی دیموکراسی و ئاشتی و ئاوەدانی و بەدەستهێنانی ئایندەیەکی گەش و جێبەجێکردنی کار و پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ناوچە دابڕێنراوەکانی سنووری پارێزگای دیالە، بەپێچەوانەوە ئایندەی سنوورەکە ناڕۆشن دەبێت و کوردستانیبوونی دەڤەری خانەقین و گەرمەسێر لەدەست کورد دەردەچێت ، بۆیە لەم قۆناغەدا ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە هەوڵ و کۆششەکان چڕ بکرێنەوە، چونکە ئەرکی ئەم قۆناغە لەپێناوی بەدیهێنانی ئایندەیەکی گەش و چارەنووسسازدایە و لە ئەستۆی هەمووانیشدایە.