کورد و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەلی سووریا

سۆزان حەمە تاتە -نووسەر

لە سووریای دوای روخانی رژێمەکەی ئەسەد، بڕیارە مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٥ یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوەبچێت، ئەوەش دەبێتە سەرەتایەکی دیکە لە ژیانی سیاسیی نوێی سووریا و دەرفەت دەداتە هێزە سیاسییەکانی لە پرۆسەکەدا خۆیان تاقیبکەنەوە. 


لەگەڵ ئەوەشدا چەندین بەربەست، کەموکووڕی و ئاماژەی نەرێنی هەن کەوا دەکەن هیچ جۆرە دڵنیاییەک بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە بەتەواوەتی، هەروەها بۆ کاریگەربوونی ئەنجومەنی گەل یان پەرلەمانی سووریا لە داهاتوودا نەبێت.


پەرلەمانی سووریا لە ٢٠١  ئەندام پێکدێت، خاڵی نەرێنی لێرەدا ئەوەیە یەک لەسەر سێی ئەو ژمارەیە، لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سوریاوە بەبێ دەنگدان دەستنیشان دەکرێن، ئەوەی دیکەیشی بە هەڵبژاردن، روونە بەشەکەی ئەحمەد شەرع هەر لەو کەسانە دەبن کە راستەوخۆ وەلائیان بۆ خۆی هەیە، ئیتر ئەوانی دیکەیش بێگومان بەشێکیان هەر سەر بە خۆی دەبن و زۆرینەیەکی پەرلەمانی بۆ خۆی دروستدەکات و دەتوانێت زۆر پرۆژەیاسا بەئاسانی لە بەرژەوەندیی خۆی تێپەڕێنێت.


بێگومان کورد لە سووریا بە ئەگەرێکی زۆرەوە بەشدار دەبن لەو هەڵبژاردنەی داهاتوودا دەکەن و گرنگ ئەوەیە چەندە دەتوانن لە رێگەی پرۆژە، بەرنامە و لیستی هاوبەش و یەکگرتووی کورد و هاوپەیمانەکانیان لە ناوچە کوردییەکان یان ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرێتیی خۆسەر، زۆرینەی دەنگ و کورسییەکان ببەن و دواتریش لەناو پەرلەمانی سووریادا ببنە فراکسیۆنێکی کاریگەر و نەهێڵن لە رێگەی یاساوە لە مافەکانیان بێ بەش بکرێن.


یەکێک لە مەترسییەکان لە رێگەی ئەو پەرلەمانەوە ئەوەیە، کەوا بەرپرس دەبێت لە نووسینەوەی دەستوورێکی هەمیشەیی بۆ سووریا، ئامانجی ئەحمەد شەرع و هێزە وەلائییەکانی، نووسینەوەی دەستوورێکی ناوەندیی ئیسلامییە، دژی فیدراڵی و پیدانی مافی راستەقینەی نەتەوەکان بەتایبەتی کورد دەبێت، چونکە لە راگەیەندراوی دەستووریشدا بەهەمان شێوە ناوی کۆماری عەرەبیی سوریا جێگیرکرا و فیدراڵی رەتکرایەوە و جەخت لەسەر دروستکردنی سوریایەکی خاوەن سیستم ناوەندیی "مەرکەزی" کرایەوە و دواتریش لە چەندین بۆنەدا شەرع و حکومەتەکەی هەر ئەو قسەیان کردەوە.


بەو پێیەی نەتەوەی کورد زۆرینە نییە لە سووریا، بۆیە لەناو پەرلەمانەکەشیدا نابێتە زۆرینە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەزموونی دروستکردنی هاوپەیمانێتی لەگەڵ عەلەوییەکان و دروزەکان و هێزە ئازادیخوازەکانی دیکە، دەبێتە دەرفەتێکی باش بۆ ئەوەی بتوانن پێکەوە لەناو پەرلەمانی سووریادا کاریگەربن و رێگربن لە دروستکردنی دەوڵەتێکی ناوەندی- ئیسلامی و بەرهەمهێنەری تاکڕەوی و حوکمی رەهای سەرۆکی سووریا کە بەپێی هەموو فاکتەکان ئەگەر رێگریی لەو ویستە سیاسییە نەکرێت، ئەوا سوریای داهاتوو بەهۆی تاکڕەوی و ناوەندێتییەوە دەبێتە مەترسیی گەورە بۆ سەر کورد و مافەکان و ئەزموونەکەی.