كاریزما بوون، هێزی نەبینراو و رۆشنكەرەوەی رێگەی ژن
ڕووبار مەجید - دکتۆرا لە یاسای دەستووریی

بەگشتی كاریزما بوون، یان خۆڕسكە و لەگەڵ لەدایكبووندایە یان بە چەند رێگەیەك بەدەست دەهێنرێت، سەبارەت بە ژنی كاریزما بریتییە لە: بوونی ژنێكی پێشەنگ و جیاواز لە ژنانی تر كە كۆمەڵێك تایبەتمەندی و توانای تێدا هەن، رەنگە یەكە بە یەكە باسكردنیان ئاسان نەبێت، بەڵام دەتوانین بڵێین ئەو تایبەتمەندییانە وای لێ دەكەن خۆشەویست و شیرین و كاریگەر بێت لای ئەوانی تر، ئەوانیش وەك باوەڕ بەخۆبوون واتا زاڵبوون بەسەر ترسی ناوەكی، بیركردنەوە و هەڵسوكەوت كردن بە شێوەیەكی ئەرێنیانە و گەشبینانە و دەركەوتن بە شێوەیەك جێگەی سەرنج بێت، بەڵام بەبێ لەخۆبایی بوون و زیادەڕەوی، رووبەرێكی تایبەت بۆ كەسایەتی خۆی بهێڵێتەوە، تێیدا گرنگی بە دەرخستن و بەرەوپێشبردنی بەهرە و تواناكانی و زیادكردنی دەستكەوت و سەركەوتنەكانی و هێنانەدی ئامانجەكانی بدات، هەنگاوی گەورە بنێ و بزانێت چۆن و كەی دەدوێ و كەی بێ دەنگ دەبێ، هەروەها بتوانێ لە رێی ئامادەبوونی بەهێز و هێزی كەسایەتییەوە كەسانی تر بە لای خۆیدا رابكێشێت و كاریگەرییان لەسەر دروست بكات و وزەی ئەرێنی بڵاوبكاتەوە، زەردەخەنەیەكی راستگۆیانەی وای هەبێت خەڵك حەز بە ناسین و نزیكی بكات، بەهای خۆی بزانێت و زیرەكیی سۆزداری هەبێت، واتە بتوانێت لە دەركردنی بڕیارەكانیدا سۆز و لۆجیك بە شێوەیەكی هاوسەنگ بەكاربهێنێت و بتوانێت سەركەوتووانە بڕیار بدات، دوور بكەوێتەوە لەخۆ بە لاواز پیشاندان و بەكارهێنانی گریان و فرمێسك بە تایبەتی لە بابەتە جددیەكاندا و بتوانێت بە رێگەی تر گوزارشت لە سۆزی بكات و هەست بەوانی تر بكات، هەروەها لێهاتوویی و زیرەكی كەسی و كۆمەڵایەتیی هەبێت واتە خۆی و كۆمەڵگەكەی بە باشی بناسێ و خاوەن هونەری خۆبەڕێوەبردن بێت و توانای ئاڕاستە كردنی رەفتارەكانی و رێكخستنی و پەیوەندی كۆمەڵایەتی بەهێز و بەرهەمداری هەبێت لە رێگەی پەیوەندی چالاك و گوێگرتنی باش و دانوستاندن و گفتوگۆوە، لێبوردە بێت و ئاشتەوایی لە نێوان خەڵكدا بكات، توانای پەیوەندیگرتنی چالاك و ئەرێنییانە و كاریگەری لە رێگەی وشە یان نووسینەوە هەبێت.
توانای ئیلهام بەخشینی هەبێت
توانای ئیلهام بەخشینی هەبێت بەوەی كە كاریگەریی بەهێز لەسەر كەسانی دەوروبەری دروست بكات لە رێگەی هاندان و پشتگیریكردنیان لە هێنانەدی ئامانجەكانیاندا، بێجگە لە سەربەخۆیی و پشت بە خۆ بەستن لە هەموو ئیشوكارێكدا و لە هەموو كات و شوێنێك بەر پرسیار بوون لە ژیانی خۆی نەك پشت بدات بە پشتی پیاوێكەوە، هەروەها پشوو درێژی و ئارامی و كارلێككردن و خۆڕاهێنان لەگەڵ كێشەكان و نیاز پاكی و گرنگیدان بە بەرامبەر. كەسایەتی كاریزما پشت نابەستێت بە جۆری كۆمەڵایەتی، بەڵام جیاوازییەكەی لە جیاوازی نێوان هەردوو رەگەزدا دەردەكەوێت كە بە زۆری لە خانماندا بریتییە لە گرنگیدان و رێزگرتن و ئامۆژگاریكردن و زۆربەی جار ناگاتە هەوڵی سەركردایەتی و گرتنی پلەی یەكەم، بەڵام لە پیاواندا كاریزما بوون بە زۆری واتە ویستی بەدەستهێنانی دەسەڵات و هەژموون و سەرۆكایەتیكردن و گرتنی پلەی یەكەم لە هەموو بوارەكاندا، ژن بۆ كاریزما بوون پێویستە سەرەتا توانای تێپەڕاندنی بەربەستەكانی كۆمەڵگەی هەبێت تا دەگاتە ئەو ئاستەی وەك پیاو بتوانێت كاریزما بێت و كار لەسەر بەدەستهێنانی تایبەتمەندیی كەسایەتی كاریزمایی بكات.