زانکۆ و بنیادنانی هزری ئاشتی و پێکەوەژیان
ژیا عەباس قادر - پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی سلێمانی

زانکۆ بەگشتی وا پێناسە دەکرێت کە دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتییە و لە سێ بەشی سەرەکی پێکدێت وەک لایەنی ماددی و مەعنەوی و مرۆیی، هەربۆیە کۆمەڵێک کەس بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ سوودمەندن لێی، چونکە سەرچاوەی گۆڕانکارییە لە کۆمەڵگە و بنەمای بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییە.
دەوترێت زانکۆ دامەزراوەیەکی خوێندنی باڵایە لە چەند بەش و کۆلێژێکی زانستی و مرۆیی و پراکتیکی پێکدێت، خوێندنی سەرەتایی و باڵای تیدایە، هاوکات بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا لە بواری جیاوازدا دەبەخشێت، هەروەها هەندێکی دیکە پێناسەی دەکەن بەوەی بۆ خوێندکاران ناوجەرگەی دروستبوونی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و سیاسیی و هزرییە. لە گرنگترین ئەرکەکانی زانکۆ بریتییە لە: گواستنەوەی مەعریفە لە رێگەی فێربوون، بەرهەمهێنانی مەعریفە لە توێژینەوەی زانستی، خزمەتگەیاندن و گەشەپێدانی کۆمەڵگە، بنیادنانی کەسێتی خوێندکاران، دروستکردنی سەرکردە بۆ داهاتووی کۆمەڵگە، بەشدارییکردن لە بڕیاردان لەسەر پرسە چارەنووسسازەکانی وڵات. ئەمانە دەکرێت لە رێگەی مامۆستاکانەوە بێت کە نموونەی باڵان، یان لە رێگەی پرۆگرامی خوێندن و رێگەکانی وانە وتنەوە و ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی و خولی راهێنان و کاری خۆبەخشی و چالاکی فیکری و هونەری و کەلتوری و ئەدەبی و زانستییەوە بێت.
گرنگیی زانکۆ لە مەسەلەی ئاشتی و پێکەوە ژیاندا خۆی دەبینێتەوە لەو توێژەی کە مامەڵەی لەگەڵدا دەکات بۆ وێنە توێژی گەنج. بە گوێرەی پێناسەی نەتەوە یەکگرتووەکان، گەنجێتی ئەو قۆناغەی ژیانی مرۆڤە کە دەکەوێتە نێوان هەرزەکاری و پیری، لە نێوان تەمەنی (18-29) ساڵیدایە، جیالەوەش کۆمەڵێک سیفات و خەسڵەتی هەیە وای لێدەکات جۆرێک لە تایبەتمەندیی هەبێت، بۆ نموونە لە رووی جەستەیی قۆناغی رێکبوونەوەی ناڕێکییەکانی جەستەییەوە، کە لەگەڵ باڵقبووندا دەردەکەوێت، واتە ئیتر لێرەوە مرۆڤ رووخساری تاڕادەیەک شێوەیەکی جێگیر وەردەگرێت، لە رووی ئەقڵییەوە قۆناغی کامڵبوون و پێگەیشتنی عەقڵییە واتە لێرەوە مرۆڤ لە ژیان تێدەگات و دەتوانێت شیکردنەوە و راڤەکردنی تایبەت بەخۆی هەبێت بۆئەوەی لە چواردەوری دەگوزەرێت.
دەکرێت بڵێین: گەنج ئەو کەسەیە کە دەتوانێت راست و هەڵەی خۆی جیابکاتەوە، لە رووی دەروونی و هەڵچوونییەوە میزاجی جێگیر دەبێت، بە بەراورد بە قۆناغی هەرزەکاری کە بەهۆی تێکچوونی هۆرمۆناتەوە، تووشی هەڵچوون و داچوونی مەزاجی دەبوو. دەتوانرێت بوترێت لەم قۆناغەدا تاڕادەیەک مرۆڤ ئارام و لەسەرخۆ دەبێت، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەدا خاوەن گوڕ و تین و جەربەزەیی و چالاکییەکی زۆر دەبێت و بە توندیی بەرگری لە بیروبۆچوونەکانی دەکات. بۆیە دەوترێت گەنج سەرچاوەی گۆڕانکارییە لە کۆمەڵگەدا، چونکە خاوەن بۆچوونێکی جیاواز دەبێت لەوەی باووباپیرانی هەیانبووە و هاوتایە لەگەڵ سات و سەردەمەکەی خۆی. بەڵام ئەگەر پلان و بەرنامەی گونجاو نەبێت بۆ ئاڕاستەکردنی ئەو هێز و وزەیەی لە ناخیدایە، ئەوا لەبری ئەوەی ببنە نیعمەت بۆ نیشتمان، دەبنە بەڵایەکی گەورە و تێکەڵی کێشە و تاوان و لادان و ماددەی هۆشبەر دەبن. ئەوەی گرنگە لێرەدا ئاماژەی پێبکرێت ئەوەیە، زانکۆ بەتایبەتی زانکۆ حکومییەکان کە ناوەندێکی باشن بۆ کۆکردنەوەی گەنجێکی زۆر لە دەنگ و رەنگە جیاوازەکان، ببنە ناوەندی یەکتر قبوڵکردن و پێکەوە ژیان.
بەوپێیەی زانکۆ حکومییەکان لە هەموو جێگەیەکەوە و لە شار و شارۆچکە و قەزا و ناحییەکانەوە، رووی تێدەکەن و هەڵگری کەلتوری ناوچەکەی خۆیانن، لە چینی ئابووری و کۆمەڵایەتی جیاواز و لە ئایین و مەزهەبی جیاجیاوە دێن و رەگەزی نێر و مێ لەم نێوەندەدا تێکەڵ دەبن، ئەمەش وادەکات، زانکۆ ببێتە مەڵبەندێک بۆ کۆکردنەوەی جیاوازییەکان. هەربۆیە ئەگەر پلان هەبێت دەکرێت شوێنێکی گونجاو بێت بۆ بڵاوبوونەوەی کەلتوری لێبوردەیی و یەکترقبوڵکردن و پێکەوە ژیان و دیالۆگ، ئەمە هەر لەسەرەتاوە دەبێت بۆچوونەکە لە هزری ئەو کەسانەدا هەبێت، کە ئەم سیستمە دادەڕێژن و لە وانەکان و لە پرۆگرام و رێگەکانی خوێندندا جێگەی دەکەنەوە، دواتر مامۆستاش باشترین رۆڵ دەگێڕێت لەم رووەوە بەتایبەت کە زۆرترین بەرکەوتەی لەگەڵ خوێندکار هەیە.
لە رێگەی باسکردن لە هەندێک بابەتی رۆژ کە دەرفەتی گفتوگۆکردن و راگۆڕینەوە بخوڵقێنێ بۆ خوێندکاران، بەڵام لەهەمان کاتدا فێریان بکات چۆن گوێ لە بیروبۆچوونە جیاوازەکان بگرن و قبوڵی بکەن. هەروەها تێکەڵکردنی خوێندکار لە کاری گروپ و هاندان بۆ کاری خۆبەخشی و پاشانیش تیشکخستنە سەر شێوازی بیرکردنەوەی خوێندکار و رەفتارەکانییان، بۆئەوەی ئەگەر خوێندکار هەبوو دەمارگیر و رەفتاری توندوتیژ بوو، ئەوا بە سوودوەرگرتن لە قوتابخانەی رەفتاریی و بۆچوونەکانی (سکینەر) لە راستکردنەوەی رەفتارییدا، کار لەسەر چارەسەرکردنی ئەو جۆرە خوێندکارە بکرێت، چونکە (سکینەر) پێیوایە، هەر کات ویسترا رەفتارێکی هەڵە راستبکرێتەوە، پێویستە سەرەتا رەفتارەکە تێبینی کراو بێت، پاشان دەستنیشان بکرێت و هۆکارەکانی بدۆزرێتەوە و دواتر بە کاریگەریی پاداشت و سزا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و بگۆڕێت بۆ رەفتاری شیاو.