ژنان لە سودان لە بەرامبەر ململانێ و خەبات بۆ ئاشتی لە بەرخۆداندان
ئیحسان عەبدولعەزیز، چالاکوانی سودانی، جەختی لە گرنگی دروستکردنی پردی پەیوەندی و هاودەنگی لەنێوان ژنان لە هەر شوێنێکدا کردەوە.
زهور مەشرقی
تونس-لەناو ئەو ململانێیەدا کە لە سودان پەرەی سەندووە، ژنان پێشەنگ بوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی کاردانەوەکانی، بارگرانییەکی دوو هێندەیان لە قەیرانە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان هەڵگرتووە لەنێو دیمەنە دڵتەزێنەکان کە بەهۆی چەندین ساڵ شەڕەوە بەجێیان هێشتووە.
ژنانی سودان خۆیان لە گێژەڵوکەی ململانێکاندا دەبیننەوە، ڕووبەڕووی ڕاستییەکی سەخت دەبنەوە کە ئاڵەنگاری زیاتر بەسەر ژیانی ڕۆژانەیاندا دەسەپێنێت، لە ئاوارەبوونەوە تا تێکچوونی بارودۆخی مرۆیی، تا دەگاتە ڕۆڵی پێشەنگایەتیکردنیان لە تەڤگەری ئاشتیخوازانەدا. بوونی ئەوان لەم قەیرانەدا هۆکارێکی چارەنووسسازە کە گەرەنتی دانپێدانان و پشتیوانی نێودەوڵەتی دەکات.
"هەڵهاتن لە مردن وەک ئەوە وایە بچیتە ناو مردنێکی ترەوە"
ئیحسان عەبدول عەزیز، پێشەنگ لە تەڤگەری ڕزگاریخوازی گەلی سودان و جەریانی دیموکراتی شۆڕشگێڕانە، وتی: ململانێی سودان شایەتی پێشهاتە خێراکان بووە و ڕەهەندی مەترسیداری وەرگرتووە. هاوڵاتییانی سودان قوربانیی سەرەتایی بوون، زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە لە نێوان بێبایەخکردنی جیهانی بۆ ئەوەی ڕوودەدات. پێی وایە ململانێکان بە ڕێژەیەکی مەترسیدار فراوانتر بووە، لێدوانەکانی لایەنە ناکۆکەکانی وەبیرهێنایەوە کە بانگەشەیان دەکرد لە ماوەی هەفتەیەکدا پشێوییەکە کۆتایی دێت. کەچی ئێستا ململانێکان گەیشتۆتە ساڵی دووەم و ملیۆنان کەس بە زۆر ئاوارەبوون و هەزاران کەسیش کوژراون، کە زۆربەیان ژن و منداڵن، لە دیمەنە دڵتەزێنەکاندا.
ئاماژەی بەوەشکرد، "دەربازبوون لە مردن بۆتە وەک هەڵاتن بۆ مردنێکی تر. ئیتر هیچ ناوچەیەکی ئارام نەماوە، هەموو سودان بووەتە ئامانجی ململانێ. ململانێکان تەشەنەی کردووە بۆ هەموو گەڕەک و ناوچەیەک، کارەساتەکانیشی لەسەر جەستەی قوربانییەکان دیارە. جگە لەوەش بارودۆخی مرۆیی گەیشتووەتە ئاستێکی کارەساتبار، لەگەڵ برسێتی هەڕەشە لە وڵاتەکە دەکات، بە شێوەیەکی کوشندە پەتا و نەخۆشی دروست دەبێت". بڵاوبوونەوەی لە ئەنجامی پیسبوون و برسێتی و نەبوونی پاکوخاوێنی زیاتر لە ٣٠ ملیۆن کەس ڕووبەڕووی مەترسییەکی نزیک دەبنەوە، ژنان زۆرترین کاریگەرییان لەسەر بووە بەهۆی ئەم پێشهاتانە، چونکە بەرپرسیارێتی پشتگیریکردنی خێزان و منداڵەکانیان لە ئەستۆدایە لەناو بارودۆخێکی زۆر سەختدا.
هەروەها ئاماژەی بە کوشتنی پێشەنگی گەنجەکانی ژنان کرد، کە دەنگە بەرزەکانیان کرایە ئامانج لە هەوڵێکدا بۆ بێدەنگکردنی هاواری ژنان، هاوارێک کە یارمەتیدەر بوو بۆ ڕاکێشانی سەرنج بۆ ئەو دۆخە دڵتەزێنە.
قۆناغێکی گرنگ
سەبارەت بە ئازارەکانی ژنان لە ناوچە ئاوارەییەکان و وڵاتان، کە بە وابەستەیی قووڵی سۆزدارییان بە نیشتمان و ماڵ و خێزانەوە ناسراون، ڕوونیکردەوە کە "لەکاتی گواستنەوەیان لەناو سودان، لە ژینگەیەکەوە بۆ ژینگەیەکی دیکە، لە کامپەکانەوە بۆ پەناگە، ڕووبەڕووی پرسی دەروونی بەرچاو دەبنەوە، کە هەموویان ئامێری پێویستیان نییە بۆ ژیانێکی شکۆمەندانە. بە شێوەیەکی سروشتی، ئەم ڕاستییە سەختە کاریگەری لەسەر باشی دەروونییان هەیە، چونکە بە سەختی دەزانن بۆ قبوڵکردنی بارودۆخە نوێیەکانیان، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی برسێتی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان لە هەموو ئاستەکاندا. ئەم دۆخە قەیرانی دەروونییان گەورەتر دەکات، بەو پێیەی تەنانەت شوێنی گونجاو بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان ئامادەنەبوون، ئەمەش ناچاریان دەکات لەسەر زەوی بخەون، ڕاستییەک کە بۆیان کوشندەیە، بە لەبەرچاوگرتنی سروشتی خۆیان، ئەمەش وادەکات خۆگونجاندن لەگەڵ ئەم بارودۆخە دڵتەزێنەدا لەڕادەبەدەر قورس بێت".
پێیوایە ئەو ئاوارەبوونە بەردەوامەی لە ئەنجامی ململانێکانەوە دروست دەبێت، قەیرانی نەخوێندەواری زیاتر دەکات، چونکە ململانێکان هەڕەشەی بەرهەمهێنانی نەوەیەکی نەخوێندەوار دەکات، ئەمەش مەترسییەکی بەرچاو لەسەر داهاتووی وڵاتەکە دروست دەکات.
داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە پشتیوانی بەپەلە پێشکەش بە ئاوارەکانی سودان بکەن، ڕێڕەوی سەلامەت بکەنەوە بۆ ئەوەی یارمەتی مرۆیی بگاتە ناوچە گەمارۆدراوەکان. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەمە دەبێت پێشەنگیەکی سەرەکی بێت بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییەکەی بە ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی، بەتایبەتی ژنان و منداڵان. سودان بە قۆناغێکی مەترسیداردا تێدەپەڕێت، پێویستی بە فریاگوزاری بەپەلە هەیە بۆ ئەوەی هیوا ببەخشێت، ژیان بۆ هاوڵاتییانی بگەڕێنێتەوە لەناو ئەم بارودۆخە سەختانەدا.
تاڵانکردن و چەوساندنەوە سەرچاوەکان بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی ململانێکان
سەبارەت بە هەڵوێستی خۆی دەربارەی بە ململانێ و هەڵوێستی پارت، جەختی لەوە کردەوە کە "لە ساتی تەقاندنی یەکەم فیشەکەوە، دروشمی 'نا بۆ شەڕ'مان بەرزکردەوە و داوامان کرد کۆتایی پێبهێنرێت، بەو پێیەی توندوتیژی تەنها توندوتیژی زیاتر بەخێو دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا لایەنەکانی ململانێ، کە بە دیلی خەباتی دەسەڵات و شۆڕشەوە گیراون، ئەم بانگەوازەیان پشتگوێ خستووە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، سودان "سەرەڕای سامانەکەی، بەدەست تاڵانکردنی بەردەوامی سەرچاوەکانییەوە دەناڵێنێت. سەرچاوەکانی هەناردە دەکرێن لەکاتێکدا هاوڵاتیانی بەدەست برسێتیەوە دەناڵێنن، هەروەها زێڕ و خۆراک و هەموو شتێکی دیکە کە دەتوانرێت بقۆزرێتەوە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامبوونی ململانێکان بە قاچاخ دەهێنرێت". هێزە مەدەنی و شۆڕشگێڕەکان بەردەوامن لە داوای کۆتاییهێنان بەم ململانێیە و پێویستی کۆتاییهێنان بە خوێنڕشتنی سودان، لەپێناو پاراستنی ئایندەی وڵات و گەلەکەی.
ڕۆڵی ژنان لە ئاشتیسازیدا ئیمتیازێک نییە، بەڵکو مافێکی گەرەنتییە
ئاماژەی بەوەکرد، ڕۆڵی ژنان لە پڕۆسەی ئاشتیدا ئیمتیازێک نییە کە پێیان دراوە، بەڵکو مافێکە کە بە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان گەرەنتی کراوە. بڕیارنامەی ١٣٢٥ ڕۆڵی ئەوان لە بنیاتنانی ئاشتی و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکاندا جێگیر دەکات. نابێت ژنان چاوەڕێی دانپێدانان یان سواڵکردن لە هێزە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان بکەن، بەڵکو دەبێت بە ڕوونی و ئیرادە جێگەی خۆیان دووپات بکەنەوە، شەڕەکان لە جیهاندا زۆرجار دەرئەنجامی ئەو بڕیارانەیە کە لەلایەن پیاوانەوە دەدرێن، لەکاتێکدا ژنان قورسایی کاردانەوەکانیان هەڵدەگرن. ئەمەش وا دەکات بەشداریکردنیان لە هەوڵەکانی ئاشتیدا چارەنووسساز بێت.
جەختیشی لەوە کردەوە، “ژنانی ئەمڕۆ لە سودان نوێنەرایەتی بەرزترین دەنگ دەکەن، کە دەستپێشخەرییان لە ژێر دروشمی ‘نا بۆ شەڕ، بەڵێ بۆ ئاشتی’ دەستپێکردووە. هەروەها گروپەکانی ژنان لە دوای سەرهەڵدانی ململانێکان پێکهاتبوون، کە بە بوێری و بەهێزی تایبەتمەند بوون، و سەرەڕای ئەو هەڕەشانەی کە ڕووبەڕوویان بووەوە، ئامادەیییەکی ڕوونیان هەبوو.”
"ژن دژی نادادپەروەری" هەڵمەتێکە بۆ چاودێریکردن و بەڵگەنامەکردنی پێشێلکارییەکان
ڕوونیکردەوە کە ململانێ و شەڕەکان کاریگەرییان لەسەر هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە هەیە، ژمارەیەکی زۆر لە قوربانی و کەسانی کاریگەر بەجێدەهێڵن. بەڵام ژنان و کچان قورسایی ئەو بارگرانییە لە ئەستۆ دەگرن، بەتایبەتی لەگەڵ بڵاوبوونەوەی تاوانەکانی دەستدرێژی سێکسی کە وەک چەک بەکاردەهێنرێن. ئەمەش لە ململانێی ئێستای سوداندا بە ڕوونی دەرکەوتووە، کە جەستەی ژنان بووەتە گۆڕەپانی ململانێی نێوان لایەنە شەڕکەرەکان. ئەم ڕاستییە سەختە بووەتە هۆی ئەوەی کە هەڵمەتی "ژن دژی نادادپەروەری"، هەر لە مانگەکانی یەکەمی ململانێکانەوە، پەیوەندی لەگەڵ پەناگە و کامپەکانی ئاوارە و پەنابەران بکات، بۆ چاودێریکردن و بەڵگەنامەکردنی پێشێلکارییەکان لە ڕێگەی ئەندامانی کامپەینەکەوە، لە هەوڵێکدا بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان لە دژی ئەو تاوانانە و کارکردن بۆ کەمکردنەوەیان.
لە ناوەڕۆکیدا، کامپەینەکە هەوڵدەدات ڕووبەڕووبوونەوەی نادادپەروەری بە هەموو شێوەکانیەوە و پاراستنی مافی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، بە ئامانجی دامەزراندنی سەروەری یاسا و دەستەبەرکردنی ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ. لەگەڵ سەرهەڵدانی ململانێکان لە ١٥ی نیسانی ٢٠٢٣، سەرنجی سەرەکی گۆڕاوە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان و چارەسەرکردنی ئەو پێشێلکاریانەی کە لەو ماوەیەدا ئەنجامدراون.
بۆ بەدیهێنانی ئەمەش، هەڵمەتەکە میتۆدۆلۆژیایەکی ڕوون پەیڕەو دەکات کە ئامانج لێی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاڵەنگاریانەیە و کارکردنە بۆ گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری. ئەم میتۆدۆلۆژیایە بە چاودێریکردن و بەڵگەنامەکردنی ئەو پێشێلکاریانەی کە لە کاتی ململانێکان لە هەموو دەوڵەتەکانی سودان ڕوویانداوە، تیشک خستنەسەر ئەو کەسانەی کە بەرپرسیارن لە ڕێگەی هەوڵی چڕ و پڕی ڕاگەیاندنەوە جێبەجێ دەکرێت. هەروەها ئەم کامپەینە یەکەیەکی ڕاگەیاندنی هەیە کە تایبەتە بە ئاشکراکردنی ئەم پێشێلکاریانە و ئەنجامدەرانی لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی جۆراوجۆرەوە. جگە لەوەش، کامپەینەکە هەوڵدەدات ژنان بەهێز بکات بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕن لە چارەسەرکردنی قەیرانەکان و کۆتاییهێنان بە ململانێکان بە پەرەپێدانی بەرنامەی هاوبەش کە بەشداریکردنیان لە هەوڵەکانی ئاشتیدا بەرز بکاتەوە.
چالاکییەکانی بریتین لە جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی ژنان لە ئاشتی و ئاسایشدا، بەپێی بڕیارنامەی ١٣٢٥، هەروەها پشتیوانیکردن لە ڕۆڵی گەنجان و ژنان لەم هەوڵانەدا، بەگوێرەی بڕیارنامەی ٢٢٥٠، کە بەشدارە لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی سەقامگیرتر و ئارامتر. هەروەها تێکەڵکردنی مافەکانی ڕەگەز و ناوەڕۆکی ژن لە هەموو ئەو دەستپێشخەرییانەی کە پێشنیارکراون بۆ وەستاندنی شەڕ و چارەسەرکردنی دۆخی یاسایی و بەرەنگاربوونەوەی بێ سزای لەخۆدەگرێت.
ئیحسان عەبدولعەزیز سەرنجی بۆ ئەو هەوڵانە ڕاکێشا کە ڕێکخراوەکانی ژنان بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان و گەورەکردنی دەنگی ژنان، کە وەک قەڵغانێک لە دژی ململانێکان خزمەتیان کردووە. سەرەڕای جیاوازییە سیاسییەکان، گروپەکان توانیان لەسەر کارنامەیەکی ژن ڕێکبکەون، جەختیان لەوە کردەوە کە "بە یەکگرتوویی، ئێمە ئاشتی بنیات دەنێین و بڕیارنامەی ١٣٢٥ جێبەجێ دەکەین. ئێمە دەستبەرداری مافەکانمان نابین. ئێمە ئەزموونی پێشوومان هەیە کە دەتوانرێت لە داڕشتنی کارنامەی دەستووریدا سوودی لێ وەربگیرێت. بەڵام سەرهەڵدانی ململانێکان ڕێگری لە تەواوکردنی ئەو هەوڵانە کرد، بەمەش ئاڵەگارییەک بوو بۆ گەیشتن بەو هەوڵانەی کە خوازراون".
ئاماژەی بەوەشکرد، یاساکانی ئێستای سودان لەگەڵ ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان و یاساگەلێک کە مافەکانی ژنان لە ئاستی جیهانیدا بەردەست دەکەن، ناکۆکن، ئەمەش پێویستی بە هەوڵی چڕ و پڕ هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاڵەنگاریانە. تیشکی خستەسەر ڕۆڵی چالاکانەی ژنانی سودان لە دوای شۆڕشەوە لە ڕەتکردنەوەی بڕیارە سەرکوتکەرەکان و دژایەتیکردنی سزاکانی وەک شەق و گۆشەگیری، ئەمەش بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سیستەمی پیاوسالاری زانی. باسی لە یاسای ڕێکخراوی گشتی کرد کە بۆ بەئامانجگرتنی ژنان بەکاردەهێنرێن، بەتایبەتی ماددەی ١٥٢ کە پەیوەندی بە کردەوە "ناشایستە"کانەوە هەیە بەپێی لێکدانەوەی یاسادانەر. ئەمەش تیشک دەخاتەسەر پێویستی پێداچوونەوەی یاسایی بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری و پاراستنی مافەکانی ژنان.
شێوازی جیاواز بۆ سەرکوتکردنی ژنان و سنووردارکردنی ئازادییان
وتیشی: هیچ ستانداردێکی ڕوون نییە بۆ 'دەرخستنی' جلوبەرگ، وەک بەڵگەی دۆسیەی لبنا محەمەد حسێن، ڕۆژنامەنووس لە ساڵی ٢٠٠٩دا، کە سەرەڕای پۆشینی پانتۆڵێکی پان و کراسێکی درێژ، کە بە کورتی دادەنرا، تەنها لەبەر ئەوەی وەک ڕۆژنامەنووسێک کراوەتە ئامانج، دەستگیرکرا و دادگایی کرا. ئەمەش تیشک دەخاتەسەر سروشتی ناڕوونی ئەو بڕگانە، "کە وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی ژنان و سنووردارکردنی ئازادییەکانیان بەبێ بنەمایەکی یاسایی ڕوون بەکاردەهێنرێت.
جەختی لە گرنگی تۆڕی ژنان کردەوە وەک پێویستییەک بۆ یەکخستنی هەوڵەکان و چارەسەرکردنی پرسە هاوبەشەکان، سەرەڕای جیاوازی بارودۆخەکان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە. داوای لە ڕێکخراوەکان کرد کە پشتگیری لە ژنانی سودان بکەن لە تاقیکردنەوەکەیاندا، ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێک کە ئەو پێشێلکارییانە بەڵگەدار بکات کە تووشی بوون. "شەڕ دژی جەستەی ژنان بەڕێوەدەچێت، ئەمەش داوای هاودەنگی فراوان دەکات بۆ فشارخستنەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی".