چالاکوانێکی سودانی دۆخی فاشر بە کارەساتبار پێناسە دەکات
حەلیمە محەمەد عەبدولڕەحمان، چالاکوانی سودانی دۆخی شاری گەمارۆدراوی فاشر بە "کارەساتبار" پێناسەبدەکات، ئاماژە بەوە دەکات کە شارەکە بووەتە هێمای شکستی نێودەوڵەتی و بێباکی بەرامبەر بەو پێشێلکارییە قورسانەی کە لەلایەن هەردوو لایەنی ململانێکانەوە دەکرێن.
زهور مەشریقی
تونس- فاشر، پایتەختی پارێزگای دارفۆری باکووری سودان، کارەساتێکی مرۆی تەواو بەخۆیەوە دەبینێت، کە وردەکارییەکانی لەبەردەم چاو و گوێی جیهاندا دەکرێتەوە، شەڕ و پێکدادان لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەردەوامە و ڕۆژانە دەیان کەس لە نێو بێدەنگی نێودەوڵەتی و ناوچەییدا کوژراون کە پرسیار لەسەر ڕادەی بێباکی و وازهێنان دەوروژێنێت.
هەرچەندە فاشر بە تەواوی گەمارۆ دراوە، بەڵام لایەنە شەڕکەرەکان ڕەتیدەکەنەوە ڕێگە بە یارمەتییە مرۆییەکان بدەن بچنە ناو شارەکەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی قەیرانێکی خۆراکی دامرکاندێنەر کە پەرەی سەندووە و بووەتە برسێتییەکی تەواو، لە دیمەنەکانی هاوسنوور لەگەڵ کارەساتدا، خەڵکی مەدەنی بە تایبەتی ژنان و منداڵان ناچار بوون "علەف" "ئالیک" بخۆن بۆ ئەوەی بژین.
فاشر هاوشێوەی ناوچەکانی تری سودان لە ژێر قورسایی شەڕێکی بێواتادا دەناڵێنێت، نموونەی لووتبەرزی هەردوو لایەنی ململانێکان، کە مرۆڤیان وەک ئامرازێکی شەڕ بەکارهێناوە، سەرەڕای چەندین جار بانگەوازی نێودەوڵەتی بۆ ئاگربەستی مرۆیی، هەردوولا پێداگرن لەسەر پابەندبوونن بە چەکەکانیان و ڕەتکردنەوەی گفتوگۆ.
ڕاپۆرتە مەیدانییەکان هێزەکانی پشتیوانی خێرا تۆمەتبار دەکەن بەوەی سیاسەتێکی سیستماتیکی برسێتی دژی خەڵکی مەدەنی پەیڕەو دەکەن، لەکاتێکدا ئەوانەی هەوڵی هەڵاتن لە شارەکە دەدەن تووشی کوشتن، دەستدرێژیکردن، یان ڕفاندن دەبن، ئەم دیمەنانە ترسناکترین لایەنەکانی شەڕەکە بەرجەستە دەکەن و قوڵایی کارەساتی مرۆیی دارفور ئاشکرا دەکەن.
"تا ئەوپەڕی ئازاربەخش"
حەلیمە محەمەد عەبدول ڕەحمان، چالاکوانی مافی مرۆڤ، دۆخی شاری فاشر بە "تا ئەوپەڕی ئازاربەخش" پێناسە دەکات، ئاماژە بەوە دەکات، کە هەموو جۆرە چەکێکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی بۆ کوشتن و بێڕێزیکردنی بێتاوانەکان بەکاردەهێنرێت، دانیشتوانی شاری فاشر بوونەتە قوربانی ململانێی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، کە ژنان و منداڵان بەهۆی برسێتی و ترسەوە ماندوو بوون، دەکرێنە ئامانج لە شەڕێکدا کە بە "جەنگێکی ئێسک شکێن" پێناسەی دەکات، هەروەها کەس ئامانجی ڕاستەقینەی پشت ئەم تاوانکارییە نازانێت کە سەرپێچی هەموو پێناسەیەک دەکات.
دۆخی فاشری بە کارەساتێکی بێ وێنەی زانی لە جیهاندا، جەختی لەوە کردەوە، کە ژنان زۆرترین ئامانجن لەم شەڕەدا، ڕووبەڕووی هەموو جۆرە توندوتیژی و پێشێلکارییەک دەبنەوە، وتی: ژنانی شاری فاشر چیتر پارێزراو نین، کاتێک هەوڵدەدەن لە دۆزەخی ململانێکان ڕزگاریان بێت، لە شەقامەکاندا دەستدرێژییان دەکرێتە سەر، جیاوازی لە نێوان ژنانی گەنج و ژنانی بەساڵاچوودا نییە، جەلادەکە تەنها وەک جەستەیەک دەیانبینێت بۆ ئەوەی دەستدرێژییان بکاتە سەر.
بەکارهێنانی ژنان وەک قەڵغانی مرۆیی
ئاماژەی بەوەشکرد، هەردوولاى ململانێکان ژنانیان وەک قەڵغانى مرۆیی بەکارهێناوە، جەستەیان کردووە بە گۆڕەپانى پێشێلکاری و تاوان، ئەمە جگە لە ڕفاندنى زۆرەملێ و داواکردنى فیدیە لە کەسوکارى ڕفێنراوەکان دواى ئەشکەنجەدانیان، وتی: لەم شەڕەی برسێتیدا ژنان بۆ ئەوەی بژین خۆراکی ئاژەڵ دەخۆن، لەکاتێکدا پیاوە چەکدارەکان بەردەوامن لە بێڕێزیکردنیان و تاڵانکردنی ئەوەی کە لە شکۆمەندییان دەمێنێتەوە، هیچ شتێک لە جیهاندا نییە وەک ئەوەی لە فاشر ڕوودەدات، هەموو شتێک لەوێ مرۆڤایەتی خۆی لەدەستداوە.
سەبارەت بە ڕادەی وەڵامدانەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە ناوچەییەکان بۆ کارەساتی ئەو ژنانەی لە شاری فاشر، بەتایبەتی دوای ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بارودۆخی ئەوێی بە "کارەساتبار" پێناسەکرد بەهۆی گەمارۆدان و ڕەتکردنەوەی یارمەتییە مرۆییەکان، وتی: دەنگمان هەر لە یەکەم ساتەوەختی سەرهەڵدانی ململانێکەوە بیستراوە، لەوەتەی دەستیپێکردووە، خوێناوی بووە و خەڵکی کردووەتە ئامانج لە خودی بوون و شکۆمەندی خۆیاندا جیهان بێدەنگی هەڵبژاردووە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خەڵکی سودانیان بێهیوا کردووە، چونکە ئەوان تەنها سوودمەندن لە بەردەوامبوونی ئەم ململانێیە، کۆمەڵگەیەکە بە بەرژەوەندییەکان بەڕێوەدەچێت و بەرژەوەندییەکانی لە پێش هەموو شتێکەوەیە، تەنانەت ئەگەر لەسەر حیسابی خوێنی ئێمەش بێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم کۆمەڵگەیە لە کوێیە لە هەموو ئەو شتانەی کە ڕوودەدەن؟ کۆمەڵگە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان هاوبەشن لەم تاوانەدا، تەنها خەمی بەرژەوەندییەکانی خۆیانە، تەنانەت لێدوانەکانی شەرمەزارکردنی ترسنۆک و لەرزۆک بوون، نەیانتوانیوە قوڵی ئازاری سودان یان گەورەیی ئەو کارەساتە مرۆییە دەرببڕن کە خەڵک تووشی دەبن.
مەیدانێک بۆ ململانێی بەرژەوەندییەکان
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوەی لە ناوچەکەدا ڕوودەدات تەنها شەڕێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو خەباتێکە بۆ مانەوە و تاڵانکردنی سامان و کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکان، دارفور خاکێکی دەوڵەمەندە بە کانزا و سامانی سروشتی، جگە لەوەی سەبەتەی نانی عەرەبی و ناوەندێکی ستراتیژی ئاوە، ئەمەش وایکردووە ببێتە جێگەی سەرنجی تەماح و ململانێ نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان.
لە درێژەی قسەکانیدا، وتی: تەنها لە شاری فاشر زیاتر لە شەش هەزار کەس کوژراون، جگە لە قوربانیانی برسێتی و بەدخۆراکی و ئەو ژنانەی دەستدرێژییان کراوەتە سەر و دووگیان کە بەبێ هیچ ڕێگرییەک و لێپرسینەوەیەک تووشی دەستدرێژی و تۆڵەسەندنەوە بوون، هەرقەها ململانێی شاری فاشر خێزانەکانی پەرش و بڵاو کردووەتەوە و پەیکەری کۆمەڵایەتی لەیەکتر جیاکردووەتەوە، زۆرێک لە دایک و باوکان چیتر شوێن و چارەنووسی منداڵەکانیان نازانن، ئەمەش وەک یەکێک لە سەختترین دەرئەنجامەکانی ئەم ململانێیە "شێتانە" پێناسەی کردووە.
سەبارەت بە هۆکارەکانی بە ئامانجگرتنی فاشر بە تایبەتی، ڕوونیکردەوە کە شارەکە خاڵێکی ئابووری سەرەکییە و ناوەندێکی گرنگە لە سودان، پێی وابوو کە ئەوەی ئەزموونی دەکات بە شێوەیەکی هەڕەمەکی نییە، بەڵکو پێدەچێت پیلانێکی حیسابکراو بێت کە ئامانجی ملکەچکردن و لاوازکردنی شارەکەیە، هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان هەن کە سوودمەندن لە گەمارۆدانی بەردەوام و ئازارەکانی دانیشتووان، هەروەها سەرچاوە سروشتییە دەوڵەمەندەکانی و شوێنی ستراتیژی فاشر وایکردووە ببێتە گۆڕەپانێک بۆ ململانێی بەرژەوەندییەکان نەک گۆڕەپانێکی شەڕی ناوخۆیی.
دەستدرێژی: چەکێکی سیستماتیکی ژێردەستەیی
جەختیشی لەوە کردەوە، کە ژنان دیارترین چەک بوون لەم شەڕەدا، ئەوان ئەو دارەن کە هەموو شارێکی سودان پێیان لێدەدرێت، بەئامانجکردنی ژنان لەمڕۆوە دەستیپێنەکردووە، بەڵکو مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٧، کە یەکەم شەپۆلی توندوتیژی و جینۆساید لە دارفور سەریهەڵدا، ئەمەش لە ڕێگەی شەڕە یەک لە دوای یەکەکانەوە بەردەوام بووە و لە ساڵی ٢٠٠٣دا گەیشتە لوتکە و بەرەو ململانێی ئێستا بووە، وتی: لە هەموو ئەم کاتە تاریکانەدا، ژنان وەک چەکێک بۆ بێڕێزیکردنی کۆمەڵگەکان بەکاردەهێنران، سەرەتا چەک لە سەر دەموچاویان بەرزکرایەوە، دواتر دەستدرێژیکردنە سەریان وەک چەکێکی سیستماتیکی بۆ ملکەچکردن و بڵاوکردنەوەی تیرۆر ئەنجامدرا.
ڕوونیشی کردەوە، کە ژنان لەم شەڕەدا وەک ژنانی دوێنێ نین، ئەمجارەیان لەبەرامبەر پێشێلکارییەکان بێدەنگ نەبوون، بەڵکو بەربەستی ترس و چەواشەکارییان شکاند، بوێرانە باسیان لە چەکی دەستدرێژی و ئەو برینە قووڵە دەروونی و کۆمەڵایەتیانەی کە بەجێی دەهێڵێت کرد، ئەم هەنگاوە نوێنەرایەتی قۆناغێکی پێشکەوتووی هۆشیاری دەکات کە ژنانی سودان سەرەڕای ئازارەکان پێی گەیشتوون، داوای کرد ڕۆڵی کۆمەڵەی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دادپەروەرانە بێت و فشار بخرێتە سەر ئەوەی تاوانباران لەبەردەم دادگا نێودەوڵەتییەکان دادگایی بکرێن، وتی: دادپەروەری تاکە ڕێگایە بۆ تێپەڕاندنی ئەم کارەساتانە. ئاشتەوایی تەنها دوای لێپرسینەوە دەتوانێت بێت، تۆڵەسەندنەوەش تەنها لە ڕێگەی یاساوە بەدەست دێت.
حەلیمە عەبدول ڕەحمان بەردەوامبوونی ململانێکان و شکستی هەموو هەوڵەکانی ئاگربەستی بە "تەماحی دەرەکییەوە گرێدا کە کۆتاییهێنان بە ململانێکان ڕەتدەکەنەوە"، ئاماژەی بەوەشکرد، هەردوو لایەنی ململانێکە بە دیل دەمێننەوە بۆ خۆپەرستی و ئارەزووی کۆنترۆڵکردن و قۆرخکاری دەسەڵات، لەبری ئەوەی گەل بخەنە سەرووی هەموو شتێکەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لایەنەکانی ململانێ، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە، بە "بەرژەوەندی هاوبەش" بەیەکەوە بەستراونەوە، تا کۆدەنگییەکی ڕاستەقینە لە نێوان ئەم هێزانەدا نەهێنرێتە دی، ئەوا ململانێکان هەرگیز کۆتایی نایەت و ئەم دابەشبوون و توندوتیژییە کە گەل وێران دەکات بەردەوام دەبێت.
ئامادەبوونی فەرمی لە دەستپێشخەرییەکانی ئاشتیدا
سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان لە دەستپێشخەرییەکانی ئاشتی و بوونی ئەوان لە پۆستەکانی بڕیاردا، وتی: ژنان لە سودان بەهۆی عەقڵیەتی باڵادەستی پیاوانەوە ناتوانن مافەکانیان بەدەستبهێنن، زۆرجار ئامادەبوونیان سنووردارە بە کۆکردنەوە و داکۆکیکردن، لە کاتێکدا ڕۆڵیان لە دانوستاندن و پۆستەکانی بڕیاردان چاوپۆشی لێدەکرێت، تەنانەت ئەگەر هەندێک لە ژنان بۆ پۆستە حکومییەکان دابنرێن، ئەوا بەزۆری لە پۆستەکانی حکومیدان وەزارەتەکانی ناسەروەری کە ناتوانن کاریگەری ڕاستەقینەیان هەبێت.
ڕوونیکردەوە کە ژنان نزیکەی ٦٠%ی خوێندکارانی زانکۆ لە سودان پێکدەهێنن، وتی: هێشتا عەقڵیەتی پیاوسالاری باڵادەستە، بەشێک لە بەرپرسیارێتی ژنان لە دوورخستنەوەکە بەهۆی شکستهێنان لە یەکگرتن لە دەوری ناوەڕۆکێکی ژنانی یەکگرتووە کە دابەشکارییە پارتی و خێڵەکی و ئایدیۆلۆژییەکان تێدەپەڕێنێت.
سەبارەت بە نەبوونی یەکسانی ناوەڕۆکی لە دەستوورەکانی سودان، ڕوونیکردەوە، کە سودان لە دوای سەربەخۆییەوە دەستوورێکی نەناسیوە کە دادپەروەرانە بێت بەرامبەر بە ژنان، وتی: هەموو حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان دەستووریان داڕشتووە کە خزمەت بە بەرژەوەندییە سیاسییەکانیان دەکات و کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر دەسەڵاتدا چەسپێنن، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی هەمەجۆریی نەتەوەیی یان ناسنامەی وڵاتەکە بکرێت، هەروەها هەموو دەستوورەکانی سودان دەستووری فەرمانڕەواکان بوون نەک دەستووری دەوڵەتێک، نوێنەرایەتی گەل ناکەن و پێگە و مافی ژنان لەبەرچاو ناگرن.
سەبارەت بە ئازارە ئاڵۆزەکانی ژنانی سودان لە ئەنجامی ئاوارەبوونی زۆرەملێ و پەنابەری بۆ گەڕان بەدوای پارێزراویدا، جەختی لەوە کردەوە، کە ئازادی بە نرخێکی زۆر دێت، بەڵام سودان دەگەڕێتەوە بۆ سەقامگیری، گرنگ نییە ململانێکان چەندە بەردەوام بێت.
حەلیمە محەمەد عەبدول ڕەحمان لە کۆتایی قسەکانیدا، وتی: ژنانی سودان شەڕی درێژخایەنیان بەسەر بردووە و هەرگیز ئاشتییان نەناسیوە، بەڵام ئارامیان هەیە و باوەڕیان بە ڕێنێسانس هەیە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ململانێکانەوە لە ساڵی ٢٠٢٣ەوە ژنان سەرەڕای جینۆسایدەکە بەرخۆدانیان کردووە و لە پێناو زێدی خۆیاندا خۆڕاگر بوون، ژنانی دارفور بەهێزن، و بەسەر نادادپەروەریدا سەردەکەون و بەدوای تاوانباراندا دەگەڕێن و دادگاییان دەکەن، هەروەها بەربەستی ترس و بێدەنگییان شکاندووە، دوای ئەو هەموو ترسناکی و پێشێلکارییەی کە بەرگەیان گرتووە، هیچ ترسێک نییە.