بۆچی ژنان دەکرێنە ئامانج و لەسێدارە دەدرێن؟
شیوا مەحبوبی، وتەبێژی کۆمیتەی ئازادی زیندانیانی سیاسی جەختی لەوەکردەوە، کە ڕژێمی ئێران لە ترسی ناڕەزایەتییەکان سەرکوت لە ناو زیندانەکاندا پەرەپێدەدات و نەبوونی فشاری نێودەوڵەتی بۆ ئەنجامدانی لەسێدارەدان بەتایبەتی دژی ژنان و کەمینەکان دەقۆزێتەوە.
شەهلا محەمەدی
ناوەندی هەواڵ- هەڵمەتی "سێشەممە نا بۆ لەسێدارەدان" بۆ نەوەدهەمین هەفتەی لەسەریەک لە زیندانەکانی ئێران بەردەوامە، لە کاتێکدا، زیندانیانی سیاسی دەنگی خۆیان دژی سزای لەسێدارەدان بەرز دەکەنەوە، بەو هیوایەی ناڕەزایەتییەکانیان لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران دەنگدانەوەی هەبێت، سەرەڕای ئەم بزووتنەوەیە بەردەوامە، سزای لەسێدارەدان لە زیندانە جۆراوجۆرەکانی ئێراندا تا دێت زیاتر بەڕێوە دەچێت.
لە کاتێکدا، زیندانیان چاوەڕێی میدیای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەن تا گوێ لە نیگەرانییەکانیان بگرن، ئەم ئەندامانە بەردەوامن لە نیشاندانی گرنگییەکی سنووردار بۆ پرسەکانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا.
وریشە مورادی، پەخشان عەزیزی، و شەریفە محەمەدی ڕووبەڕووی مەترسی زیاتر دەبنەوە و سپەیدە قلیقن، چالاکوان لەم دواییانەدا سەبارەت بە ئەگەری لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی هۆشداری بڵاوکردەوە.
ئەم دۆسیەیە لەگەڵ زۆرێک لە پێشێلکارییەکانی دیکە کە لە ناو زیندانەکانی ئێراندا ڕوودەدەن، جێی سەرنجی چاوپێکەوتنەکەمان بوو لەگەڵ شیوا مەحبووبی، وتەبێژی کۆمیتەی ئازادی زیندانیانی سیاسی، کە تیشکی خستە سەر ئەو بارودۆخە مەترسیدارانەی کە ڕووبەڕووی زیندانیان بووەتەوە.
ئاماژەی بە تێکچوونی توندی بارودۆخی زیندانەکانی ئێران کرد، بە تایبەت لە ژێر ڕۆشنای ئەو سەرکوتکردنەی کە لە ئەنجامی ترسی ڕژێم لە ناڕەزایەتییە کۆمەڵيیەتییەکانەوە سەرهەڵدەدات، هەروەها هۆشداریدا لە نەبوونی فشارە نێودەوڵەتییە کاریگەرەکان، کە ڕێگەی بە زیادبوونی لەسێدارەدانەکان داوە، بەتایبەتی دوای شەڕی ئەم دواییە لەگەڵ ئیسرائیل، وتی: زیندانیانی سیاسی بە ژن و پیاو لە زیندانی ئێڤین ڕووبەڕووی بارودۆخی سەخت دەبنەوە و مەترسی لەسەر ژیانیان زیاتر دەبێت.
دوایین پێشهاتەکان سەبارەت بە بارودۆخی زیندانیانی سیاسی بەخشان عەزیزی، وریشە مورادی، و شەریفە محەمەدی چین؟ ئەو هۆکارانە چین کە مەترسییەکی تایبەتی لەسێدارەدانیان لەسەرە؟
لەسەر ئاستی کۆمەڵگە، بە تایبەت لە دوای شۆڕشی "ژن، ژیان، ئزادی"، ژنان ئێستا لەلایەن ڕژێمی ئیسلامییەوە وەک دوژمنی ڕاستەوخۆ پۆلێن دەکرێن، ڕژێم لە ڕێگەی هەڵمەتی دەستبەسەرکردن و سزای لەسێدارەدان و شێوازی جۆراوجۆری سەرکوتکردنەوە بە ئامانجگرتنی ئەوانە، بەتایبەتی ژنانی چالاکوانان چڕتر کردووەتەوە، سەرەڕای ئەمەش ژنانی زیندانیانی ناو زیندانەکان سەلماندوویانە کە خەبات هێشتا زیندووە و ئیرادەی بەرەنگاربوونەوە لە سەرکوتکردن بەهێزترە.
ئەم ڕاستیە وای لە ڕژێم کردووە کە بەئامانجگرتنی ژنان بۆ سەر ژنان پەرەپێبدات، هەوڵی شکاندنی هێمای خۆڕاگری ئەوان بدات، کە ئەمە لە بنەڕەتدا، هێرشکردنە سەر کۆمەڵگە یە بە گشتی، ئەو سزایانەی لە دژی وریشە مورادی، پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی دەرچووە، نەک هەر گوزارشت لەو مەترسییە دەکات کە هەڕەشەیان لێدەکات، بەڵکو بارودۆخێکی گشتی ئاشکرا دەکات کە تێیدا ژنان ڕووبەڕووی هەڕەشەی بەردەوام دەبنەوە.
دوابەدوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر زیندانی ئێڤین، دەسەڵاتدارانی ئێران هەوڵی گواستنەوەی زیندانیان بۆ زیندانی قەرچەکیان دا، لە چوارچێوەی ئەو هەوڵەدا هەوڵیان دا وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی بە جیا بگوازنەوە بۆ شوێنێکی نادیار، بەڵام خۆڕاگری ژنانئ زیندانیانی سیاسی ڕێگر بوو لە جێبەجێکردنی ئەم پلانە، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی بەهێزی هاودەنگییان بوو لە بەرامبەر سەرکوتکردندا.
دەسەڵاتدارانی ئێران نابێ یاسای بە لەسێدارەدانی یەک زیندانی سیاسی بدەن، چونکە هەر لەسێدارەدانێک هێرشێکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر جەستەی کۆمەڵگە و سەر بەهاکانی ئازادی و دادپەروەری کە گەلی ئێران لە پێناویدا خەبات دەکات.
لەبەر ڕۆشنایی پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکانی ناو زیندانەکان، بەتایبەتی دوای کوشتنی سومەیە ڕەشیدی، و هەڵمەتی بەردەوامی "سێشەممە نا بۆ لەسێدارەدان"، چۆن لە شێوەی بەرخۆدان کە لەلایەن زیندانییەکانەوە نمایش دەکرێت، دەڕوانن؟ هاوپشتی کۆمەڵگە و نێودەوڵەتی دەتوانێت چ ڕۆڵێک بگێڕێت لە پشتیوانیکردنیان و ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتی سەرکوتگەرانە؟
ماوەی زیاتر لە ساڵ و نیوێکە زیندانەکانی ئێران شاهیدی بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی بەردەوامن، کە لە هەڵمەتی "سێشەممە نا لەسێدارەدان" بەرجەستە بووە، بووەتە شێوازێکی ناوازەی بەرخۆدان لە ناو ناوەندەکانی زیندانیکردندا، سەرەڕای بەردەوامی فشاری دادوەری و هێرشی سیستماتیکی بۆ سەر زیندانییەکان، زیندانیان سەرکەوتوو بوون لە پاراستنی زەبری ئەم بزووتنەوەیە و ژنانی زیندانیانی سیاسی زیندانی ئێڤین لە یەکەم کەسەکان بوون کە پەیوەندییان بەو بزووتنەوەیەوە کرد.
زەینەب جەلالیان و مریەم ئەکبەری مونفەرێد، لە ناوەڕۆکی ئەم خەباتەدا، کە لە ژێر بارودۆخێکی بەرگە نەگیراودا دەژین، بەڵام ئیرادەیان بێ جوڵان ماوەتەوە و سەرەڕای هەموو هەوڵێک بۆ سەرکوتکردن بەردەوامن لە بەرزکردنەوەی دەنگی ناڕەزایەتی، هەروەها شەقامەکانی ئێران شاهیدی شەپۆلی ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی بوون و زیندانەکان لە بەرامبەردا بوونە گۆڕەپانی خەبات و بزووتنەوەی "سێشەممە نا بۆ لەسێدارەدان" ڕەتکردنەوەی بەکۆمەڵ لە سیاسەتە سەرکوتگەرییەکان دەربڕی.
دوابەدوای کۆچی دوایی سومەیە ڕەشیدی، چەندین لێدوان لە ناو زیندانەکانەوە بڵاوکرانەوە کە تووڕەی و شەرمەزارکردنیان دەربڕی و ژمارەیەک زیندانی سیاسیش وەک هاوسۆزی لەگەڵ دۆسیەکەی مانیان لە خواردن گرت، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی ڕادەی تێوەگلانی ناوخۆی لەگەڵ پرسەکانی مافی مرۆڤ بوو.
ئەمڕۆ دوای ٤٧ ساڵ بەسەر دامەزراندنی ڕژێم و بە تایبەتی دوای سەرکوتکردنی دڕندانەی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"، زیندانەکان بوونەتە ناوەندی ڕاستەقینەی ناڕەزایەتی و زیاتر لە جاران پێویستیان بە پشتیوانی دەرەکی هەیە، کاتێک سزای لەسێدارەدان لە دژی وریشە مورادی، پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی دەرکرا، زیندانییەکان خێرا داوای ناڕەزایەتی زیاتریان دەکرد.
سەرەڕای سنوورداربوونی جموجۆڵی دەرەوەی زیندانەکان، ژمارەیەک لە بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی بەشداری لە هەڵمەتی "سێشەممە نا بۆ لەسێدارەدان" دەکەن، کە پەرەی سەندووە بۆ دەنگێکی یەکگرتوو کە ڕێگایەکی ڕوون بۆ کۆمەڵگەی ئێرانی داڕشتووە، ئەم هەڵمەتە تەنها کاردانەوە نییە بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدانی ڕۆژانە، بەڵکو بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی گشتگیرە لە دژی سیاسەتە سەرکوتگەرەکانی ئێران.
بۆ ئەوەی ئەم بزووتنەوەیە بتوانێت کاریگەریی زیاتر بەدەست بهێنێت، پێویستی بە هاودەنگی نەتەوەیی بەرفراوان هەیە، هەروەها نیشاندانی بۆ ڕژێم کە هەر سزایەکی لەسێدارەدان بە شەپۆلێکی نوێی بەرخۆدان و ناڕەزایەتی، چ لە ناو زیندانەکان و چ لە دەرەوەی زیندانەکان بەرەوڕوو دەبێتەوە.
بە سەرنجدان بە گرنگیدانی نێودەوڵەتی بە بەرنامەی ئەتۆمی و پرسە ئابوورییەکانی ئێران، بۆچی پرسەکانی مافی مرۆڤ و بە تایبەت لەسێدارەدان لە پێویستیەکانی میدیا و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەون؟ هۆکارەکانی پشت ئەم پەراوێزخستنە بە ئەنقەست یان نەخوازراو چین؟
هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ هەرگیز لە پێشینەی کارەکانی حکومەتەکان نەبووە، سەرنجی سەرەکییان لەسەر زۆرترین بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیان و واژۆکردنی ڕێککەوتنی بازرگانی زیاترە، لە نەبوونی جێگرەوەیەکی ڕوون بۆ ڕژێی ئێران، ئەم حکومەتانە پێیان باشە ڕژێمێکی "کۆنتڕۆڵکراو" بپارێزن، تەنانەت ئەگەر سەرکوتکەریش بێت، بەڵام خەڵک باوەڕێکی کەمیان بەم حکومەتانە هەیە، کە تەنها لە ژێر فشاری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دامەزراوە مرۆییەکاندا مامەڵە دەکەن، ئەمەش وایکردووە کە هەموو کارێکی ڕاستەقینە بە دەگمەن ئەنجام بدرێت.
لە هەمان کاتدا، هەواڵەکانی ناوچەکانی وەک خوزستان، بەلوچستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەراوێزخراون، هەرچەندە زیاتر لە نیوەی لەسێدارەکان لەو ناوچانوە ئەنجام دەدرێن، بۆ نمونە نەسیم ئیسلامزای بێ ئاگا بوو لە سزاکەی و تا ئێستاش لەگەڵ منداڵەکانی لە زینداندایە بەبێ دادگاییکردنی دادپەروەرانە و تەنانەت نوێنەرایەتی یاسایی شایستە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە شاهیدی هیچ ناڕەزایەتییەکی ڕاستەقینەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان نەبووین سەبارەت بەم دۆخە.
لەم هەلومەرجەدا، پشتبەستن بە بۆچوونی گشتی جیهانی لە هەموو کاتێک بەپەلەتر بووە، هەروەها هاوپشتی نێودەوڵەتی لەلایەن ئەو کەسانەی کە ئازادی و دادپەروەرییان خۆشدەوێت دەتوانێت ببێتە ئامرازێکی کاریگەر بۆ فشارخستنە سەر حکومەتە ناکارامەکان، ئەمڕۆ وا دیارە دامەزراوەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپا چاویان لەم پێشێلکارییانە داخستووە، بە وردی هەڵیدەبژێرن کە چی ئاشکرا دەکەن و چی دەشارنەوە، بەڵام لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان لەناو کۆمەڵگەی ئێراندا، چیتر ناتوانن ڕاستیەکە پشتگوێ بخەن.
ئێستا، ئەرکی پەیوەندیکردنمان لەگەڵ سەندیکاکانی کرێکاران، ڕێکخراوە بنەڕەتییەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکان هەیە بۆ گۆڕینی هەڵمەتی "سێشەممە نا بۆ لەسێدارەدان" بۆ بزووتنەوەیەکی جیهانی کە دەنگی ویژدانی مرۆڤ دەرببڕێت و ڕژێمەکان ناچار دەکات پێداچوونەوە بە سیاسەتە سەرکوتگەرەکانیاندا بکەن.
ئاماژەتان پێدا، کە ڕێژەی لەسێدارەدان لە ئێراندا تاکەکانی نەتەوەی جۆراوجۆر، وەک عەرەب، کورد، بەلووچ، بە ڕێژەیەکی بەرزیش دەگرێتەوە، زۆربەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەم ڕاستییە ڕەتدەکەنەوە، ئەو هۆکارانە چین کە وا دەکات ئەم گروپانە زیاتر لەوانی تر بەرەوڕووی لەسێدارەدان ببنەوە؟ ئایا ئەمە پەیوەستە بە سیاسەتی سیستماتیکی دژی ناسنامەی نەتەوەی؟
لایەنە جیاوازەکان بەپێی سیاسەتی خۆیان مامەڵە لەگەڵ پرسی لەسێدارەدان لە ئێران دەکەن، هەندێک چاوپۆشی لەوە دەکەن کە لە ناوچەکانی وەک ڕۆژهەڵاتی کوردستان یان سیستان و بەلووچستان چی ڕوودەدات ئەگەر بە "دڵسۆز بۆ ڕژێم" هەژمار بکرێن، وەک ئەوەی ژیانی دانیشتوانەکەیان شایەنی چاودێریکردن یان بەرگریکردن نەبێت، بەڵام ڕاستیەکەکە، وەک لە ئامارەکاندا دەردەکەوێت، چیرۆکێکی تەواو جیاواز دەگێڕێتەوە.، بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هێنگاو، لەمساڵدا زیاتر لە هەزار لەسێدارەدان ئەنجامدراوە و زیاتر لە نیوەی قوربانییەکان کەمینەکانن.
ڕژێمی ئێران ئەم ناوچانە وەک قەڵەمی هەمیشەی ناڕەزایەتی دەڕوانێت و دەیانکاتە ئامانجی بەردەوامی هێرش و سەرکوتنە، ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە مێژە چەقی ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتییە، لە کاتێکدا، بیانووی وەک "ئەمنیەت" و "پرسی سنوورەکان" بۆ پاساوهێنانەوە بۆ لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ لە سیستان و بەلووچستان بەکاردەهێنرێن، ڕژێم نەبوونی بەرژەوەندی نێودەوڵەتی لەم بوارانەدا دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی بە "جیاخوازی" یان دەرکردنی بڕیاری سەرکوتگەرانە لە ژێر پەردەی "بەرژەوەندی نەتەوەیی"دا بدات.
بۆ ئەمەش کێشەیەکی ڕاستی ڕاپۆرتکردن زیاد دەکرێت، زۆرێک لە خێزانەکان یان ناتوانن یان ئامادە نین ئەوەی ڕوودەدات ئاشکرای بکەن، لە ترسی تۆڵەسەندنەوە یان بەهۆی گۆشەگیرییەوە، ئەمەش ئامارە فەرمییەکان ناتەواو دەکات و پشتڕاستی دەکاتەوە کە ژمارەی ڕاستەقینەی لەسێدارەدانەکان ڕەنگە زۆر زیاتر بێت لەوەی کە ڕاپۆرت کراوە.
هەڵاواردن لە دژی کەمینە نەتەوەیی و ئایینی و ڕەگەزەکان تەنها لەسێدارە دانێک نییە، بەڵکو ڕاستیەکی بەرجەستەیە کە ڕژێم بە باشی ئاگاداری لەو سیاسەتە سەرکوتگەرەکانی چەوسانەوەدا دەکات، ئەوانەی نکۆڵی ئەم ڕاستیە دەکەن، لە ڕاستیدا ئاسانکاری بۆ کارەکانی ڕژێمی ئێران دەکەن و تاوانەکانی پەردەپۆش دەکەن.
دوابەدوای ئەو هێرشەی ئەم دواییەی ئیسرائیل، ڕۆژهەڵاتی کوردستان شایەتی شەپۆلێکی دەستگیرکردنی بەربڵاوی بەخۆیەوە بینی، کە ئەمەش پێویستی بە چاودێری ورد و بەڵگەنامەی بەردەوامی هەبوو، بەهۆی پەیوەندی مەجازییەوە، بووەتە هۆی ئەوەی کە هەوڵەکانی ڕاپۆرتکردن بەرز بکرێتەوە، لەگەڵ دەستڕاگەیشتن بە داتای وردتر کە ڕەنگدانەوەی ڕادەی ڕاستەقینەی پێشێلکارییەکانە.