گۆرانی وتن شێوازی ناساندنی دۆز و کولتووری خەڵکی ناوچەکەیە

هونەرمەند گەشبین نەبۆ هەوڵدەدات کچان هان بدات بۆ نمایشکردن و پەرەپێدانی بەهرەکانیان و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لە ڕێگەی گۆرانی شۆڕشگێڕانە و کولتوورییەوە.

سیبیلیا ئیبراهیم

 

ڕەققە- سەرەڕای هەموو ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی هونەر بە گشتی و بە تایبەت گۆرانی وتن بووەتەوە، بەشێک لە ژنانی گەنج هەوڵدەدەن هونەری گۆرانی وتن بۆ سروشتی ڕاستەقینەی خۆی بگەڕێننەوە و ڕۆڵی ژنان تێیدا چالاک بکەن، بۆ ئەوەی بەشداری بکەن لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و ئاشناکردنی گەلانی دیکە بە کولتوور و دۆزی خۆیان.

 

هونەر لە لایەکدا بەشدارە لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و لە لایەکی دیکەشەوە بەشداری دەکات لە ناساندنی پرس و کولتوورەکانی گەلان، هەندێک کۆمەڵگە هێشتا ڕاستی و جەوهەری هونەر دەپارێزن، لەوانە گەلانی ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە، کە بە دوای گەڕاندنەوەی هونەری گۆرانی بۆ سروشتی ڕاستەقینەی خۆیدا دەگەڕێن و بەشداری دەکەن و ڕۆڵی ژنان لەم بوارەدا زیاتر بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگە دەردەخەن.

 

گەشبین نەبو، تەمەنی ١٩ ساڵە و خەڵکی شاری ڕەققەیە لە کانتۆنی فورات، وەک خۆی باسی دەکات بە پاڵشتی هاوڕێ و مامۆستاکانی بەهرەی هونەری لە خۆیدا دۆزیوەتەوە و ئەمەش پاڵنەر بوو بۆ پەرەپێدانی ئەم بەهرەیە، وتیشی: من پەیوەندیم بە ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەرەوە کرد و ڕاهێنانی دەنگیم وەرگرت، ئەمەش بەشدار بوو لە بەشداریکردنم لە بواری گۆرانی وتن و پەرەپێدانیدا، گۆرانی وتن نوێنەرایەتی حەقیقەتی ژن و ڕۆحی سروشت دەکات، بوونیان لەم بوارەدا شوێنی هاندان و نموونەیە بۆ ژنانی دیکە بەتایبەت لە ژێر هەموو ئەو شەڕ و فشارانەی کە ناوچەکە ڕووبەڕووی بووەتەوە، کاریگەریشی لەسەر واقیعی ژنان هەیە، ئەمەش وایان لێدەکات پێویستیان بە شوێن هەبێت بۆ دەربڕینی ئەوەی لەناو خۆیاندایە.

 

ڕوونیشیکردەوە، "هەوڵدەدەم ڕۆڵی ژنان لەم بوارەدا چالاک بکەم و بە هەموو ڕەنگێک گۆرانی بڵێم، بوونی من ئەمڕۆ هاندەرێکە بۆ هەموو ژنانی گەنج بۆ بەشداریکردن لە هەموو بوارەکاندا، لەلایەکی دیکەشەوە هەوڵدەدەم بە بەهرەی خۆم بۆ گۆڕانکاری لە ڕوانگەی کۆنەپەرستانەی کۆمەڵگە بۆ ژنان بەکاربهێنم".

 

سەبارەت بەو ئاستەنگانەی لەبەردەمیدا بوون گەشبین نەبو وتی: لە سەرەتادا کاتێک لەسەر شانۆ دەوەستام بۆ گۆرانی وتن، وەک کچێک ڕووبەڕووی ترس لە جەماوەر دەبوومەوە، بەڵام باوکم یەکێک بوو لەوانەی هانی دەدام ببمە نمونەیەک بۆ ژنانی گەنجی تر، گۆرانی وتن شتێکی گرنگ و تایبەتە بۆ من، چونکە لە ڕێگەیەوە دەتوانم هەستەکانم دەرببڕم و کەشێکی خۆشی دروست بکەم، من بە زمانی کوردی و عەرەبی گۆرانی دەڵێم و هەوڵ دەدەم لە ڕێگەی ئەوەوە میراتی خەڵکی ڕەققە و فورات و کورد نیشان بدەم.