"لە ڕێگەی هونەرەوە پێکەوەژیان لەلای منداڵان دروست دەکەین"

تەڤگەری هیلالی زێڕین خۆی بۆ فێستیڤاڵی هونەری منداڵان ئامادە دەکات، کە لە ١ی ئەیلولدا بەڕێوە دەچێت.

سەرگوڵ شێخۆ

 

حەسەکە- ساڵانە لە ١ی ئەیلوولدا ئەنجومەنی ڕۆشنبیری و هونەر بە سەرپەرشتی تەڤگەری هیلالی زێڕین لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، فێستیڤاڵێکی هونەری منداڵان سازدەکات کە نمایشی بوارەکانی گۆرانی، دراما، وێنەکێشان و کاری دەستی لەخۆدەگرێت، بە ئامانجی پەرەپێدانی تواناکانی منداڵان ئەنجام دەدرێت و ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، منداڵانی شاری تل تەمر کە خۆیان بۆ فێستیڤاڵەکە ئامادە دەکەن، پێکدێن لە دوو گروپی گۆرانی، کە یەکێکیان کوردە و یەکێکیان عەرەبە، هەروەها گروپێکی هەڵپەڕکێ پێکهێنراون.

 

ڕەشا عەلۆ، ئەندامی بەڕێوەبەری تەڤگەری هیلالی زێڕینی تل تەمر لە کانتۆنی جەزیرە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، سەبارەت بە ئامادەکارییەکان لەسەر ئاستی تل تەمر و گرنگی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە وتی:  ئێمە لە ڕووی ڕێکخستن و هونەرەوە بە باشی منداڵەکان ڕادەهێنین، بۆ ئەوەی بتوانن تواناکانیان نیشان بدەن، بتوانن بە شێوەیەکی دیموکراتیک بیربکەنەوە بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای پێکەوە ژیانی گەلان بژین، بۆ ئەم بابەتەش خولی پەروەردە بۆ پەرەپێدانی تواناکانی منداڵان دەکرێتەوە لە بواری پەروەردەی هونەری و کولتووریدا.

 

"هیلالی زێڕین دەبێتە ناوەندێک بۆ فێربوونی کولتوور و هونەری گەلان"

ڕەشا عەلۆ ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ناوەندی هیلالی زێڕین و میزۆپۆتامیا دەبنە قوتابخانەیەک بۆ فێربوونی کولتوور و هونەری گەلان، "لەژێر چەتری ئەو ناوەندەدا، منداڵانی کورد و عەرەب لە هەردوو نەتەوەوە دێن و فێری کولتووری خۆیان دەبن، دەمانەوێت بیرۆکەیەکی وا لە کەسایەتی منداڵدا دروست بکەین کە کاتێک گەورە بوون زیاتر لە ئازادی نزیک ببنەوە و باوەڕیان بە کۆمەڵگەی دیموکراتیک هەبێت، گرنگترین شت کە ئێستا دەیکەین، چاندنی ئەو خۆشەویستییەی نیشتمان و نیشتمانپەروەرییە کە لە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانەوە وەرمانگرتووە، ئێمە بەردەوامین لە کارکردن و تێکۆشان لەسەر دروستکردنی ئیرادە و هێزی منداڵان.

 

"هیلالی زێڕین ڕۆڵێکی کارا دەگێڕێت لە باشترکردنی تەندروستی دەروونی منداڵان"

ڕەشا عەلۆ هێرشەکانی داگیرکەری تورکیای وەبیرهێنایەوە کە کاریگەری لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و ڕایگەیاند، هیلالی زیرین ڕۆڵی هەیە لە باشترکردنی دەروونی منداڵان بە گۆرانی و سەما، وتیشی: لەناو شەڕ و هێرشەکاندا، هیوا و خۆشەویستی لە دڵی منداڵاندا دروست دەکەین، چونکە ئێمە دەزانین منداڵەکانمان چەندە کاریگەرییان لەسەرە بەهۆی ئەو دۆخەوە، بۆیە دەمانەوێت هاوکاریان بکەین و لەگەڵ کۆتایی هاتنی وەرزی خوێندندا ڕۆژانی ڕاهێنانیشـمان زیاد کردووە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت: پێویستە بتوانین منداڵەکانمان زیاتر پەروەردە بکەین، بۆ ئەوەی بتوانین منداڵی ئازاد دروست بکەین، هەروەها دەبێت سەبرمان هەبێت، هەرچەند ئەمڕۆ وزەی زیاتر بە منداڵان بدەین، سبەی وزەی زیاترمان پێدەدەنەوە،  فێستیڤاڵی هونەری منداڵان، کە لە مانگی ئەیلولدا بەڕێوەدەچێت، پێشکەشی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، گەل و هەموو منداڵانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەین.