بۆ زیندوو هێشتنەوەی کولتووری کوردی لە کۆیە بەهەرەوەزی دروێنە دەکرێت

بۆ زیندوو هێشتنەوەی کولتووری کوردی و ناساندنی بە نەوەی نوێ، چالاکییەکی هەرەوەزی دروێنە لە کۆیە بەڕێوەچوو.

شیا كۆیی

 

کۆیە- ئەمڕۆ ٨ی حوزەیران، بەشی چالاکییە کەلەپوورییەکانی گوندی بۆگد، بە مەبەستی ئاشناکردنی نەوەی ئێستا و داهاتوو بە كولتوور و ڕەسەنایەتی ناوچەكە، چالاکییەکی هەرەوەزی دروێنەیان ڕێکخست، چالاكییەکە لەسەر دەستی چەندین کەسی شارەزاو بە ئەزموون بە تەواوی کەرەستە و شێوازی ڕەسەن و وتنەوەی گۆرانی وئاوازی دروێنەكردن بەڕێوەچوو.

 

بەشی چالاکییە کەلەپوورییەکانی گوندی بۆگد، لە درێژەی كارو چالاكییەكانیان ئەمجارەیان لەگەڵ خەڵكی گوندی بۆگد ئەنجامدا، لە چالاكییەدا ١٥سەپان و ٥ تێلەكێش كاریانكرد، جگە لەو ژنانەی كاری تێلەكێشیان دەكرد، ژنەكانی دیكەش نان و دۆیان ئامادە دەکرد.

 

"بە هەرەوەزی کارەکان ئاسانتر دەبن"

فاتیمە ئەحمەد تەمەنی ٧٢ ساڵە، كاری تێلەكێشی دەكردو وتی: لە كۆنەوە من كاری دروێنەم كردووە، تاشل دەبووین كاری تێلەكێشم كردووە، سەرلەبەیانی زوو هەڵدەستاین و مەشكەمان دەژەنی و ئینجا دەچووینە پەرێزی دروێنەو تێلەكیشیمان دەكرد، كاری كشتوكاڵیشمان دەكرد، هەرچەندە كارەكان زۆر قورس بوون، بەڵام بەهەرەوەزیی نەمدەزانی ماندووبوون چییە و هەر ڕۆژەو دروێنەی ماڵێكمان تەواو دەكرد.

 

لە دریژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، لە ئێستادا ماڵی لەشارە، بەڵام هەر حەز بەژیانی دەشتو ناوگوندەكەیان دەکات و وتی: منداڵەكانمان لەماڵەوە جێدەهێشت، ئەگەر سێ کەس بووینایە یەكێكمان بەجێ دەما و ئاگای لە منداڵان دەبوو، ئێمەش دەچووینە سەر کار، منداڵی ئەوكات وەک منداڵی ئێستا بەخزمەت نەبوون هەر نان و چامان دەدانێ، كەچی کەسیان کێشەیان نەبوو، بەڵکو زۆر لەمنداڵی ئەوسەردەمە تەندروستتر بوون.

 

"ئامانجمانە کولتووری کۆن زیندوو بکەینەوە"

ئاسكە مەغدید خەڵكی گوندی بۆگدە، بەدەم ئەستوک كردن بە تەندورەوە، ڕوونیکردەوە سەپانەكان دروێنە دەكەن و ئەمانیش نان ئامادە دەكەن، وتی: ژنان لە کۆنەوە تێلەكێشیان كردووە، ئێستاش دەمانەوێت ئەو کولتوورە زیندوو بکەینەوە.

 

ئاماژەی بەوەکرد، خەڵكی گوندی بۆگد هەموو كات لەناوخۆ ڕێک و تەبان و ژنەكانیان بەردەوامن لە كار و چالاكی و زیندووكردنەوەی ئەو جۆرە بۆنانە.

 

 لەكۆتاییدا ئاسكە مەغدید باسی لەوەشكرد، بەهۆی تەكنەلۆژیا ئەو دابونەریت و كولتوورانە لەبیرچوونەتەوە، هەر بۆیە ئامانجیانە ئەو كولتوورە لەبیرنەكرێت وبەردەوام زیندوویان بكەنەوە.