"سینەما دەتوانێت خزمەت بە ڕاستی ژنان بکات"

سەلما ئەلخەماس، دەرهێنەری سینەما ڕایدەگەیەنێت، گرنگە لە ڕێگەی سینەما کێشەکانی ژنان چارەسەر بکرێن و سینەما ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو جیاکارییەی ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە.

حەنان حارت

 

مەغریب- هونەر، لە ڕووی بیندراو و تەوەر و دەنگ و هەڵوێست و ڕەفتارەوە، بەشێکی وەهایە کە ئاسۆی مرۆڤەکان دەگۆڕێت، بەهۆی ئەوەوە دەتوانێت بگاتە هەموو کەسێک و کاریگەری لەسەر مرۆڤەکان هەبێت، سەلما ئەلخەماس، دەرهێنەر لە فیلمەکانیدا تیشک دەخاتە سەر کەیسی ژنان و چیرۆکەکانیان، هەروەها ئەو فیلمانەی کە دەرهێنەری بۆ دەکات، لێدوان لەسەر کەسایەتییەکەی دەدەن، زیاتر گرنگی بە مافەکانی مرۆڤ و بەتایبەتی مافی ژنان دەدات.

 

تیشک دەخاتە سەر ئەو پرسانەی کە پەیوەندییان بە ژنانەوە هەیە

 سەلما ئەلخەماس وتی: من زیاتر گرنگی بە پرسی دۆسیەی ژنان و ئازارەکانیان دەدەم، هەروەها گرنگی بە پرسی جیاکاری نێوان ژن و پیاو لە کۆمەڵگاکەماندا دەدەم، هونەرمەندان دەبێت دڵسۆز بن بۆ دیدگاکانیان، چارەسەرکردنی کەیسی ژنان لە ڕێگەی سینەما و نیشاندانی جیاکاری بەرامبەریان گرنگە، خزمەتکردنی کەیسەکانی ژنان زۆر باشە چونکە زۆربەیان بەهەمان ئازارەکاندا تێدەپەڕن.

 

"ژنانی داهێنەر لە بواری هونەردا هەن"

 سەلما ئەلخەماس ئاماژەی بەوەدا، ژنانی داهێنەر لە بواری هونەردا هەن، پێیان ناوترێت فێمینیست، بەڵام لە بەرهەمهێنان، دەرهێنان، نووسین یان نواندندا ڕۆڵێکی گەورەیان هەبووە و توانیان خۆیان بسەلمێنن.

 

 سەلما ئەلخەماس باسی لە فیلمە دیکۆمێنتارییەکەی کرد بە ناوی "ئەمازۆن" کە تا ئێستاش لە پرۆسەی مۆنتاژدایە و وتی: ئەم سیناریۆیەم لەگەڵ هاوڕێکەم کە بەرهەمهێنەر ڕەشیدە ئەلسەعید دروستکردووە، کاتێکی زۆر تەرخانکراوە بۆ نووسینی، هەوڵماندا تیشک بخەینە سەر ئازارەکانی ئەو ژنانەی کە ڕووبەڕووی توندوتیژی هاوژینەکانیان دەبنەوە.

 

"چیرۆکی ژنێکمان کردە بابەت کە بۆ ماوەی ١٥ ساڵ ڕووبەڕووی توندوتیژی بووەوە"

سەلما ئەلخەماس وتیشی: چیرۆکی ئەمازۆن ڕاستە، ئێمە لە ڕێگەی ئەکتەری ژن و پیاوەوە ئامادەمان کرد، باسمان لە ژنێک کرد کە ماوەی ١٥ ساڵ ڕووبەڕووی توندوتیژی بووەتەوە لەلایەن هاوژینەکەیەوەو لە ماڵەکەی خۆیدا زیندانی کراوە، ئەو ژنە وەک ئەوە وایە کە ئامێرێکی لەدایکبوون بوو، هاوژینەکەی ئازاری دەدا، بەبێ چاودێری پزیشکەکان منداڵی دەبوو، بەڵام دوای ئەوەندە ئەشکەنجەدان، توانی لە ڕێگەی پلانێکەوە خۆی و منداڵەکانی لەو کەسە ڕزگار بکات، فیلمی ئەمازۆن نموونەیە بۆ هەموو ژن و پیاوێک، چونکە ڕادەست بوون قبوڵ ناکات، بەپێچەوانەوە خەبات دەکات بۆ زاڵبوون بەسەر هەموو سەختییەکان و بەدیهێنانی خەونە مەحاڵەکانی.

 

وتیشی: کارمان لەسەر ئەوە کردووە ئەو ژنانە دەربخەین کە ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە بۆ ئەوەی وەک قوربانی دەرنەکەون بەڵکو وەک شۆڕشگێڕ دەربکەون، چونکە دوای هەموو ئازارێک بۆ گۆڕانکاری ڕدەپەرن و دەیانەوێت ژیانیان بگۆڕن و گۆڕانکاری بکەن لە کۆمەڵگەشدا.

 

فیلمێکی خەڵاتی بەدەستهێنا

سەلما ئەلخەماس فیلمی بە ناوی "خیانەت" بەرهەم هێناوە، کە خۆی سیناریۆی بۆ نووسیووەو دەرهێنانی بۆ کردووە، هەروەها خەڵاتی ڕەخنەگرانی لە فێستیڤاڵی نیشتمانی فیلمی بەتێنس بەدەستهێنا، ئەو ئەمەی بە ئەزموونێکی جیاواز ناوبرد و وتی کە هەرگیز باوەڕی بەوە نەکردووە کە ئەم خەڵاتە وەربگرێت، کاتێک فیلمەکە بەشداریی لە فێستیڤاڵەکەدا کرد، ناوەکەی هاتە ئاراوە، زۆر دڵخۆش بوو چونکە بۆ سەلما ئەلخەماس خەڵاتی ڕەخنەگران گرنگترین خەڵاتە کە کەسانی داهێنەر شانازی پێوە دەکەن.

 

فیلمەکە چیرۆکی ژنێکی سەرکەوتوو لە ژیانیدا دەگێڕێتەوە

سەبارەت بە چیرۆکی فیلمەکە ڕایگەیاند، فیلمەکە چیرۆکی ژنێک دەگێڕێتەوە کە لە ژیانیدا سەرکەوتوو دەبێت و خیانەتی هاوژینەکەی ئاشکرا دەکات، وتی: لەم فیلمەدا زیاتر سەرنجمان خستە سەر پێگەی ئەو کەسانەی کە خیانەتیان لێ کراوە، وێنەیەکمان نیشاندا کە لە ڕێگەیەوە چۆن بڕیارەکان لەناو ژنانی مەغریب کۆتایی پێبێت.

 

"خێزانەکەم مافناسن و ماوەیەکی زۆرە مافی ژنان دەپارێزن"

هەروەها لەبارەی ئەو هۆکارانەی کە کاریگەرییان لەسەر دروستکرد بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان وتی: ئەو کەش و هەوای خێزانیی کە تێیدا ژیاوم ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لەم کارەدا، خێزانەکەم مافناسن، ساڵانێکی زۆرە مافی ژنان دەپارێزێن، من لەم جۆرەدا گەورە بووم کەشێکی پڕ لە کولتووری یەکسانی، ڕۆژانە ئازاری ژنان لە کۆمەڵگەدا دەبینم و تێیدا دەژیم، پەیامی من ئەوەیە کە ئەم ڕاستییە دەربخەملە پێناو نەهێشتنی داب و نەریتە کۆنەکان.

 

"فیلمەکان هەستی مرۆڤ ڕادەکێشن"

سەبارەت بەو پرسیارەی ئایا فیلم دەتوانێت عەقڵ بگۆڕێت یان نا، دووپاتی کردەوە کە زۆر حەزی لەو چیرۆک و کەیسانەیە کە ڕاستی ژنان نیشان دەدەن و دەیانپارێزن و وتی:بڕوام وایە فیلم دەبێتە هۆی گۆڕینی بیروڕا چونکە ئەوان، دەتوانن دەستبەجێ مامەڵە لەگەڵ هەستی خەڵک بکەن، وەک دەرهێنەر و سیناریۆنووس هەوڵدەدات تێڕوانینە هەڵەکانی ژنان لە کۆمەڵگەدا بگۆڕێت و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هەوڵدەدەم ئەو چەوساندنەوەیە ئاشکرا بکەم کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە، هەروەها دەمەوێت وتیشک بخەمە سەر ئەو مافانەی ژنانی لێ بێبەش کراون، ئەو توندوتیژییەی بەرامبەریان دەکرێت، پێویستە چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.

 

"بەرپرسیارێتی خێزان و بارگرانی لەسەر شانی ژنان بەربەستن لەبەردەم چالاکییەکان"

لە هەمان کاتدا سەلما ئەلخەماس ڕایگەیاند، ژنان لە هەموو بوارەکاندا تووشی سەختی دەبن، بۆیە کەم ژن هەیە کە گەیشتبێتە ناوەندەکانی بڕیار، ژنان چەندین بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ دەگرن، بەرپرسیارێتی ماڵ و منداڵان و بەساڵاچووان، تەنانەت کاتێک ژنان دەیانەوێت کاربکەن، ڕێگەیان پێنادرێت خەونەکانیان بەدیبهێنن.

 

لە کۆتاییدا سەلما ئەلخەماس داوای لە هەموو ژنان کرد سەربەخۆیی خۆیان بەدەستبهێنن و لە بەرامبەر هەموو سەختییەک بوەستن، پەرە بە خۆیان بدەن چونکە ژن هێزی کۆمەڵگەیە.