لە سەختترین بارودۆخدا هونەری کوردی دەپارێزن

گوڵستان ئیبراهیم، ​​بەڕێوەبەری گروپی شەهید ساکینە، باسی لە سەرەتای دامەزراندنی گروپەکە کرد و وتی: لە سەختترین بارودۆخی ڕژێمدا، هونەری کوردیمان پاراست.

زەینەب عیسا

 

قامیشلۆ- گروپی شەهید ساکینە لە ساڵی ٢٠١٣ بە ناوی ساکینە جانسز کە لە پاریس شەهید کرا بە فەرمی دامەزرا، بەر لە دامەزراندنی شۆڕشی ڕۆژئاوا لە ١٩ی تەمووزی ٢٠١٢، گروپی شەهید ساکینە بەشێوەیەکی نهێنی کار و چالاکی هونەرییان بەڕێوەدەبرد و ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بوونەتەوە، بەڵام سەرەڕای بارودۆخی سەخت، هونەرەکەیان پاراست و کار و چالاکییەکانی خۆیان ئەنجامدا، گوڵستان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گروپی شەهید ساکینە سەبارەت بە دامەزراندنی گروپەکەو ئەو کارانەی ئەنجامدراوە بۆ دەزگاکەمان قسەی کرد.

 

"کارە هونەریەکان بە نهێنی لە ژێر بارودۆخی سەختدا ئەنجام دەدرا"

گوڵستان ئیبراهیم باسی لە سەرەتای پێکهێنانی گروپی شەهید ساکینە کرد و وتی: پێش ئەوەی شۆڕشی ڕۆژئاوا دەست پێبکات و مافی ژنان دەستەبەر بکرێت، یەکەم گروپی ژنانی کورد لە ڕۆژئاوا گروپی شەهید ساکینە بوو، لەژێر پێشێلکارییەکانی ڕژێم و دەسەڵاتی ئەوان بەسەر ناوچەکانماندا، ئێمەی کورد ڕێگەمان پێنەدرا کار و چالاکییەکانمان ئەنجام بدەین، وەک ژنانی گروپی شەهید ساکینە بە شێوەیەکی نهێنی کارەکانمان ئەنجامدا، لە ساڵی ٢٠١٣ و دوای شەهیدبوونی ساکینە جانسز و دەستپێکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا، ژنان بوونە پێشەنگ لە هەموو بوارێکدا و مافەکانیان دەستەبەر کرا، گروپی شەهید ساکینە بە فەرمی ڕاگەیەندرا و تا ئەمڕۆ سەرکەوتووانە کارەکانمان بەڕێوە دەبەین.

 

"خۆشەویستیمان بۆ هونەر لقەکانی بڵاوکردووەتەوە"

گوڵستان ئیبراهیم باسی لەوەشکرد کە ڕووبەڕووی چەندین سەختی بوونەتەوە، بەڵام لە دوای شۆڕشی ڕۆژئاوا دەرفەتی باشیان بۆ ڕەخساوە و وتی: لە سەرەتادا سەختی زۆر هەبوو، بەهۆی ترسی ڕژێم لەسەر گەلەکەمان، کەس نەچووە ناو ئەو گروپە، بەڵام نەوەستاین و سەرقاڵی کار بووین، لەو ڕۆژە سەختانەدا ڕۆژانی پەروەردەمان یەکلایی دەکردەوە یان ئامادەکاریمان دەکرد بۆ ئاهەنگی ٨ی ئادارو نەورۆز، لەو کاتەدا کێشەی زۆر لە ئامێرەکاندا هەبوو و بەردەست نەبوو، زۆر کەس هەبوون کە پشتیوانیان کردین، ڕەوشتی باشیان وایکرد خۆشەویستی هونەری کوردی لە دڵماندا زیاد بکات، لەدوای شۆڕشی ڕۆژئاوا و ڕزگارکردنی ناوچەکەمان لەدەستی ڕژیم، لە ناوەندی کولتووری و هونەری محمەد شێخۆ جێگەی خۆمان گرتەوە و ڕاستەوخۆتر کارە هونەرییەکانمان ئەنجامدا، خۆشەویستی سەرەتاییمان زیاتر لقەکانی بڵاوکردەوە.

 

"١٠ ژن لەناو گروپەکەدا هەن"

گوڵستان ئیبراهیم دەربارەی بڵاوکردنەوەی چەند گۆرانییەک و چ ئامێرێکیان بەکارهێناوە وتی:  پێش ئەوەی گروپەکە بەفەرمی ڕابگەیەندرێت، ٨ ژن بەشداربوون، بەڵام لەگەڵ دامەزراندنی شۆڕش و تێپەڕبوونی کات، ، ئێستا ١٠ لە گروپەکەدا هەن، دوو ژن تەمبور دەژەنن، سێ ژنیش ئامێری ڕیتم دەژەنن، لە گروپەکەدا سێ چوار جۆر ئامێری مۆسیقا بەکاردەهێنین، هەروەها لە ئاهەنگە گەورەکانی وەک نەورۆز و ٨ی ئاداردا تەمبورو ئامێری ڕیتم و ئۆرگ بەکاردەهێندرێن، وەک گروپی شەهید ساکینە بەشداری سەرجەم ئاهەنگەکان دەکەین و بە گۆرانییە ڕەنگاوڕەنگەکانمان بە جۆش و خرۆشەوە کۆتایی بە ئاهەنگەکان دێنین، هەفتەی دوو ڕۆژ پەروەردە هەیە بۆ ئامادەکاری بۆ ئاهەنگەکان یان تۆمارکردنی گۆرانی، لەگەڵ دەستپێکی پێکهێنانی گروپەکەدا گۆرانییەک بۆ هەرسێ هاوڕێ شەهیدەکەمان ساکینە جانسز و فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمز تۆمارکرا، بە هاوکاری هەندێک هاوڕێ، وشە و ئاوازەکان تۆمارکران، گۆرانی دووەم بۆ ژینا ئەمینی تۆمارکرا و چەندین گۆرانی دیکەش تۆمارکران.

 

"بە پێشەنگایەتی ژنان کۆمەڵگە ڕزگاری بوو"

گوڵستان ئیبراهیم تیسکی خستەسەر ئەو شەڕە تایبەتە کە لەسەر ژنان بەڕێوەدەچێت و دڵنیایی دا کە هەمیشە خەبات دەکەن تا ئازادی بەدەستدەهێنن و لە کۆتاییدا وتی: دەبینین ئەمڕۆ شەڕی تایبەت لەسەر ژنان دەکرێت جا لە لایەنی سیاسی بێت یان هونەری، دەبینین ژنانی پێشەنگ دەکرێنە ئامانج،. ئێمەی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەمیشە خەبات دەکەین، لە ڕێگەی هونەرەوە بێت یان لە ڕێگەی سیاسەتەوە، تا ئازادی مسۆگەر دەکەین، چونکە کۆمەڵگە بە پێشەنگایەتی ژن ڕزگاری بوو، لە کۆتاییدا دەمەوێت دەنگم بە هەموو ژنانی جیهان بگەیەنم و بڵێم کە هونەرەکەیان بپارێزن.