ژنانی کورد ١١٢ ساڵە ڕۆژنامەنووسن و میژووەکەیان داگیر دەکرێت

ژنانی ڕۆژنامەنووسی کورد کە لەبەرامبەر داگیرکردنی ڕۆژنامەگەریی و بەئامانج کردنی ژنانی ڕۆژنامەنووسدا، پێنووسەکانیان کردووەتە قەڵغانی بەرگریکردن، سەرەڕای شێواندنی راستییەکان بڕیاریان داوە لەسەر شوێپێی ڕۆژنامەنووسانی تینووی حەقیقەت بەردەوام بن.

لاڤە کوردە

 

ناوەندی هەواڵ-ڕۆژی ٧ی تشرینی یەکەم، ڕۆژی ژنانی ڕۆژنامەنووسی کوردە کە لە راگەیاندنی ئازاددا کاردەکەن، ئەو ژنانەی لەپێناو راستی بەرامبەر تاریکی وەستاون و پێنووسەکانیان کردۆتە مەشخەڵی ڕۆژنامەکان، لەم ڕۆژەدا کە کردنە ئامانجی غوربەتلی ئارسۆز دەستپێدەکات، هەتا ئەمڕۆ کە دەیان ڕۆژنامەنووسی ژن کراونەتە ئامانج، ژنانی رۆژنامەنووس بۆ چرکەیەکیش نەوەستان و هێڵی خەباتیان نەپچڕاند، ئەم هێڵە لەگەڵ غوربەتلی ئەرسۆز پەرەی سەندو کە لە ساڵی ١٩٩٣ بوو بە یەکەم ژنە سەرنووسەری ڕۆژنامەی ئۆزگور گوندەم، لە ساڵی ١٩٩٧ شەهید بوو، بەڵام میراسێکی مەزنی لەدوای خۆی بەجێهێشت؛ ئەمڕۆ هەموو ٧ی تشرینی یەکەمێک وەک ڕۆژی ڕۆژنامەنووسانی ژنی کورد بەبیردەهێندرێتەوە.

 

ژنانی کورد کە زیاتر لە ١١٢ ساڵە تێکەڵ بە ڕۆژنامەنووسی بوون، مێژوویەکی پڕ لە ئاستەنگی و بەرەنگاربوونەوەیە، ئەگەر بۆ ژنانی جیهان تەنها جیاکاری رەگەزی هەبێت، ئەو بۆ ژنی کورد جیاکاری ڕەگەزی و نەتەوەیی و شوناس کارەکەی لێ سەختکردوون، بەڵام بە پێداگیرییەوە ڕۆژنامەنووسی ئازادییان گەیاندووەتە ئەمڕۆژە، لە وڵاتێکدا کە شەڕ و ململانێ و نکۆڵیکردن هەبێت، ئەوا ژیانی ژنان پارێزراو نییە و ژنان دەکرێنە ئامانج، بۆ ژنانی ڕۆژنامەنووس ئەم ناکۆکییە دوو ئەوەندە کاریگەری دەبێت، کاتێک ژنێکی ڕۆژنامەنووس بەدوای ڕاستییەکان و گواستنەوەیان دەکەوێت، دەبێتە جێی سەرنجی هەموو لایەنانەی بەرپرسن لە تێکدانی ئاسایش و ئارامی، چونکە هەر ڕستەیەک وهەڵسەنگاندنێک راستی ڕووداو و بکەرانی تاوانەکان ئاشکرادەکات، بەمەش بۆ پەردەپۆش کردنی ڕاستی و بێدەنگکردن، پەنا بۆ کردنە ئامانجی ڕۆژنامەنووسی ژن دەبرێت، لە کوردستان بەگشتی لەهەر چوار لاوە کە نکۆڵی و رەتکردنەوەی نەتەوەو دواتر ژن پەیڕەو دەکرێت، هەم ئەرکی ژنانی رۆژنامەنووس هەم کارەکانیان سەختتر بووە.

 

مێژووی ڕۆژنامەگەریی ژنی کورد داگیر دەکرێت

یەکەم ڕۆژنامەی ژنان لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە ٤ی نیسانی ساڵی ۱۹۱۳ بە ناوی "دونیای ژنان"  و بە خاوەندارییەتی "نوریە عولویە مەولانزادە" لە شاری ئیستانبوڵ‌ دادەمەزرێت، هەروەک چۆن داگیرکەران خاک داگیردەکەن، بەهەمانشێوە مێژویی ڕۆژنامەگەریشی داگیردەکەن، مێژوونووسانی تورک نوریە مەولانزادە بە تورک و ڕۆژنامەکەی بە یەکەمین ڕۆژنامەی ژنانی تورک دەناسێنن، بەڵام لە ڕاستی‌دا نوریە خانم لە نەتەوەی چەرکەس بووە، چەرکەسەکان نەتەوەیەکی دانیشتووی باکووری قەوقازن کە دوای شکستهێنانی عوسمانی لە ڕووسیا لە بەرابەر ڕووسەکان‌دا بەرخۆدانێکی بەرچاو نیشان دەدەن، هەر بەو هۆیەوە بەشێک لە چەرکەسەکان لە لایەن ڕووسەکانەوە دوور دەخرێنەوە و بەشێکیشیان بەهۆی شەڕەوە بەناچاری کۆچ دەکەن بۆ خاکی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و سووریای ئێستادا نیشتەجێ بوون،

 

ژنانی کورد لە دەستەی نووسەران بوون

ڕۆژنامەی دونیای ژنان مەکۆیەک بووە بۆ تەواوی ژنانی نیشتەجێی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، بۆیە ژنانی کوردیش لەو ڕۆژنامەیەدا چالاکی بەرچاویان هەبووە، لەو ژنانەی کە بەردەوام هاوکاری ڕۆژنامەکەیان کردووە، مەزیەت بەدرخان، فەخریە بەدرخان و مەسادەت بەدرخان بوون کە مەسادەت خانم لە دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی ژنان‌دا کاری کردووە. بەڵام بەداخەوە زانیاری لە سەر ئەو سێ خانمە ڕۆژنامەنووسە کەمە.

 

ڕۆژنامەکە ئامانجی خزمەتکردنی زیاتری ژنان بووە و داوای مافی خوێندنی باڵا بۆ ژنان و، مافی هاوبەشی ژن و پیاو لە شوێنی کار و، مافی خزمەتگوزاری موڵکی بۆ ژنان کردووە، هەروەها داکۆکی لە مافی کورد کردووەو ڕۆڵی هەبووە لە دامەزراندنی یەکەمین ئەنجومەنی ژنانی کورد "کۆمەڵەی تەعالی ژنانی کورد".

 

بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، ڕۆژنامەی دونیای ژنان کە یەکەمین ڕۆژنامەی ژنانە لە ئیستانبوڵ‌، تا ساڵی ۱۹۲۱ چالاکی کردووە توانیوییەتی ٦۰۰ ژمارەی چاپ و بڵاو بکاتەوە.

 

مێژووی بەشێک لە بڵاوکراوەکانی تایبەت بە ژنان و بڵاوکردنەوەی بابەتی ژنان لە باشووری کوردستان

ڕەوشەن بەدرخان لە گۆڤاری هاوار  لە ساڵی ١٩٣٣دا زۆر خزمەتی ڕۆشنبیری و دۆزی کوردی کردووە، یەکەمین ژنی کوردە لە گۆڤاری هاوار وتاری خۆی بە زمانی کوردی دیالێکتی کرمانجی و بە ئەلف و بێی لاتینی نووسیووە و بڵاو کردۆتەوە.

 

ڕەحمەخانی کچی پیرەمێردی شاعیرە، کە دوای کۆچی دوای باوکی، ساڵی ١٩٥٠ بووەتە خاوەن ئیمتیازی ڕۆژنامەی ژین.

 

هەروەها یەکەم بڵاوکراوەی ژنانی کورد، لە ساڵی ١٩٥٢ لە باشووری کوردستان بەناوی ئافرەتی ئازاد دەرچووە.

 

گۆڤاری تەوار، گۆڤارێکی وەرزی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتییە لە کاتی شۆڕش و پێشمەرگایەتیدا لە شاخ دەرچووە، یەکەم ژمارەی لە ٨ی ئاداری١٩٩٠ دەرچوو و تا ئێستا بەردەوامە لە بڵاوکردنەوە.

 

ڕۆژنامەی دەنگی ژنان‌، بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیری ژنان بوو، لە ٨ی ئاداری ١٩٩٦ یەکەم ژمارەی دەرچووە ٣ ساڵ بەردەوام بوو، ئەم گۆڤارە ٧٠ ژمارەی لێدەرچوو.

 

ڕۆژنامەی ژیانەوە بڵاوکراوەیەکی ڕوناکبیری و کۆمەڵایەتی تایبەتە، یەکەم ژمارەی لە ١٩ حوزەرانی ساڵی ١٩٩٧ كەوتۆتە بەردیدەی خوێنەرانی، کار دەكات بۆ هۆشیاری ژن‌و كۆمەڵگە، هەمیشە ئەو دروشمانە بەبیری خوێنەرانی دەهێنێتەوە كە لەخزمەت ستراتیژی رۆژنامەكەو دۆسیەی ژندایە، تا ئێستا ٩٠٣ ژمارەی لێدەرکردووە.

 

گۆڤاری ئایندەسازی‌ تایبەت بە ژنان، لە ٢٧ی حوزەیرانی ١٩٩٧ ژمارەی سفری دەرچووە، کەوسەر سنجاوی سەرنووسەری گۆڤارەکە بووە و خاتوو بەیان خاوەنی ئیمتیاز بووە، تا مانگی نیسانی ٢٠٢٢  ژمارە ٤١ی دەرچووە.

 

لە ٨ـی ئاداری ١٩٩٨، ڕۆژنامەی “ژیانی ئازاد” لە شاری سلێمانی بە پێشەنگایەتی مەیسا باقی "شیلان کۆبانێ" بڵاوکرایەوە

 

رۆژنامه‌ى "نه‌وژین" له‌ ماوه‌ى ساڵانى ٢٠١٦-٢٠٢٠ مانگانه‌ له‌ گه‌رمیان بڵاوده‌كرایه‌وهو ٤٥ ژمارەی لی دەرچووە‌، ئێستا بەشێوەی ماڵپەڕ بەردەوامی هەیە.

 

گۆڤاری ژنان بە دروشمی "ئازادی بۆ ژن به‌ختیاری بۆ کۆمه‌ڵ" وەرزانەیەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئەدەبیەو تا ئێستا ٧٤ ژمارەی لێ بڵاوکراوەتەوە.

 

گۆڤاری “تروسکە” کە لە ساڵی ٢٠٠٤ بە پێشەنگایەتی، ڕەنج و تێکۆشانی لەیلا والی "ڤیان سۆران" بڵاوکردنەوەی دەستپێکرد، بەردەوامە و بووەتەوە درێژترین ماوەی گۆڤاری ژنان لە باشووری کوردستان.

 

گۆڤاری ژن، بڵاوکراوەیەکی مانگانەیە و یەکێکە لە پڕۆژەکانی ڕێکخراوی پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتیی IMS، کە تایبەتە بە بەخشینی زانیاریی و بڵاوکردنەوەی بابەت، زانیاری، گەشەپێدان، ناساندنی ژنان.

 

لە کۆتایی ئەم ڕاپۆرتە؛ پارچەیەك نووسین

ئەم پارچە نووسینەی ڕەوشەن بەدرخان کە لە گۆڤاری هاوار ژمارە "٢٧" لە ١٥ی نیسانی ١٩٤١ـدا بڵاوبووەتەوە بە ناوی "ستوونا کابانیان کابانی و مامۆستە": خوەهێن من ئێن دەلال، هەروەکی هوون ژی دزانن دەردێ مللەتێ مە ئێ مەزن و غەدار نەزانییە، نەزانین نەخوەشییەک و دەرمانێ وێ زانینە، نک مللەتێن خودان حکوومەت و تەشکیلات ڤێ نەخوەشیێ دخستەخانەیێن خسوسی دە دەرمان دکن و ژوان خەستەخانان ڕە "دبستان" دبێژن. مامۆستە پزیشکێن وێ خەستەخانەیێ نە، مللەتێ مە نەخوە دیێ وان خەستەخانانە، مللەتێ مەمللەتەکی بێ تەشکیلات، بێ خەوەدی و سەری، مللەتەکی بەلاوەلایە و دبن حکمێ مللەتێن دوژمن دن، مللەتێن دوژمن دەیە، لێ دوژمنێ  مە ئێ مەزن، ئێ مەزنتر نەزانییە. دڤێت ئەم شەڕێ وی دوژمنی غەدار بکن. دڤی شەڕی دە ژی ژ مە ژ ژنێن کوردمانج ڕە دڤێت کۆ ئاریکاری مێرێن خوە بکەن زارۆیێن خوە بعەلمینن و خواندن و نڤیساندنێ وان نەخۆشییا نەزانیێ خەلاس بکن.