لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێڵێکی نوێی تێکۆشان دروست دەبێت
لە نێو ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقای گرتووەتەوە، گەنجان لە پێشەنگی بەرخۆدان و گۆڕانکاریدان، هەڵگری میراسێکی خەباتن کە لە گۆڕەپانەکانی ڕزگاری نیشتمانییەوە تا پانتایەکانی خەباتی دیجیتاڵی درێژدەبێتەوە.

ئاورین ناودار
ناوەندی هەواڵ - کاتێک ئاوڕێک لە مێژوو و ئێستا دەدەینەوە، دەبینین کە چۆن ژنان و گەنجان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا بازنەیەکی یەکگرتووی ئەکتەرە کۆمەڵایەتییەکانیان پێکهێناوە، بە داواکردنی ماف ڕازی نین، بەڵکو بە هەستکردن بە سەرکردایەتی پێشەنگایەتی گۆڕانکاری دەکەن، کە کلیلی داهێنان و ئیرادەیان لە دەستدایە.
لە خاکێکدا، کە مرۆڤایەتی لەدایک بوو و بەهاکانی پێکەوەژیان پەروەردە کرا، ژنان و گەنجان ئەوانە بوون کە داهاتوویان لە قاڵب دا، سەرپێچیان لە ستەمکاری و ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵەکانی گۆڕینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گۆڕەپانێکی هەمیشەی شەڕەکانی سەرمایەداریدا، سەرەڕای هەموو شتێک، وەک قەڵغانێک ماونەتەوە بۆ پاراستنی شوناسی جوگرافی و کولتووری و کۆمەڵایەتی ناوچەکە.
بڕگە مێژووییەکانی بەئاگاهاتنەوەی گەنجان
کاتێک بیر لە مێژووی بەئاگابوونی گەنجان دەکەینەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، ڕووبەڕووی لاپەڕەی گەشاوەی خەبات و سەرکەوتن دەبینەوە، لە شۆڕشی میسری ساڵی ١٩١٩دا گەنجان لە پێشەنگی بزووتنەوەی نەتەوەی دژی داگیرکاری بەریتانیا بوون و دڵی لێدانی شۆڕشیان پێکهێنا.
خوێندکارانی زانکۆ و چالاکوانانی گەنج سەرکردایەتی خۆپیشاندانی ئاشتیانە و ناڕەزایەتی گەلیان کرد، ڕۆڵێکی سەرەکییان بینی لە کۆکردنەوەی گەک و پاڵنەریان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری، هەروەها بوونە هێمای هۆشیاری و شکۆمەندی نەتەوەی.
جەزائیر لە نێوان ساڵانی ١٩٥٤ بۆ ١٩٦٢ گەنجان بڕبڕەی پشتی شۆڕشی ڕزگاریخوازییان لە دژی داگیرکاری فەرەنسی پێکهێنا، ئەوان بەشدارییەکی بەرفراوانیان لە ڕیزەکانی شۆڕشگێڕیدا کردووە، هەروەها ملکەچی داگیرکارییان ڕەتکردەوە و سەرکردایەتی بەرخۆدانێکی چەکدارییان دەکرد کە ساڵانێکی زۆری خایاند، کە بەهۆی ئیرادە و قوربانیدانی ئەوانەوە، جەزائیر سەربەخۆی خۆی بەدەستهێنا و ئەم قۆناغەی وەک یەکێک لە دیارترین ساتەکانی شۆڕێشگێڕانەی گەنجان لە مێژووی ناوچەکەدا دیاریکرد.
بە هەمان شێوە لە سەردەمی شۆڕشی ئێرانی ساڵی ١٩٧٩دا، گەنجان ڕۆڵێکی سەرەکییان لە ڕووخاندنی دەسەڵاتی پاشایەتی بە سەرۆکایەتی شا گێڕا، کە چالاکانە بەشدارییان لە ناڕەزایەتی و دانیشتنەکاندا کرد، دروشمیان دژی نادادپەروەری و گەندەڵی بەرزکردەوە و یارمەتی کۆکردنەوەی گەلیان دا بۆ گۆڕانکاری بنچینەی.
لە سەردەمی بزووتنەوەی بەهاری گەلان لە ساڵانی ٢٠١٠ و ٢٠١١، گەنجانی تونس، میسر، لیبیا و سووریا هێزی بزوێنەری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان لە دژی ڕژێمە پاوانخوازەکان بوون، ئەوان ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای ئازادی و شکۆمەندی و دادپەروەری کۆمەڵایەتییان دەکرد، گەنجانی تونس کە لە ئەنجامی کردەوە تاکەکەسیەکانی گەنجێکی پەراوێزخراودا شۆڕشی لێکەوتەوە، ڕۆڵێکی چارەنووسسازیان لە بزوێنەری گۆڕانکاری و ئیلهامبەخشین بە گەلانی ناوچەکەدا هەبوو.
گەنجان چیتر تەنها بینەری قەیرانەکان نین، ئەوان بوونەتە ئەکتەری ناوەندی لە داڕشتنی ڕاستیدا، کەڵک لە مێژووی خەبات وەردەگرن و ئامرازە مۆدێرنەکان بەکاردەهێنن بۆ فراوانکردنی کایەی کاریگەری خۆیان، لە میسر و جەزائیرەوە تا دەگاتە تونس و سووریا و مەغریب، پریشکی ناڕەزایەتی هەڵدەگیرسێتەوە، لەگەڵ هەڵکشانی نەوەیەکی نوێ بۆ پێناسەکردنەوەی پەیوەندی نێوان هاوڵاتیان و حکومەت، نێوان داواکاری و ڕاستی و نێوان مێژوو و داهاتوو.
مەغریب... قەیرانێکی فرەڕەهەند
لە مەغریب قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان یەکتر دەبڕن و ڕاستیەکی خنکێنەر دروست دەکەن، بە تایبەت بۆ گەنجان، کە چەندەها هۆکار وایان لە گەنجان کردووە کە وتاری ناڕەزایەتی خۆیان لە قاڵب بدەنەوە، لە نەبوونی ستراتیژییە کاریگەرەکانی حکومەتدا، داواکارییەکان بۆ چاکسازییە پێکهاتەییەکان پەرەیان سەندووە، لەوانە ڕوونی، لێپرسینەوە و ڕزگارکردنی کایەی گشتی لە سنووردارکردنی تاکڕەوانە.
لە هەمان کاتدا، کەرتەکانی تەندروستی و پەروەردە شاهیدی دابەزینێکی بەرچاو لە کوالیتیدان، کە بە شێوەیەکی نەرێنی ڕەنگدانەوەی ژیانی هاوڵاتیانە و توندی قەرەباڵغی زیاد دەکات، سەبارەت بە ئاستی سیاسی، سنووردارکردنی ئازادییەکانی سەندیکاکان، بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و نەبوونی ستراتیژی کاریگەر بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان هەموو ئەو هۆکارانەن کە گەنجان پاڵ بە قسەکانی ناڕەزایەتییەکانیانەوە دەنێن و سەقفی داواکارییە کۆمەڵایەتییەکان بەرەو ڕوونی و لێپرسینەوە بەرز دەکەنەوە.
نەوەی زێ لە جیهانی دیجیتاڵییەوە بۆ شەقام
لەناو ئەم دیمەنەدا، نەوەی مەغریبیی زی وەک ئەکتەری نوێ لە دیمەنی ناڕەزایەتییەکەدا دەرکەوت، ئەم گەنجانە کە لە ژێر رۆشنایی قەیرانەکاندا گەورە بوون، ئامرازەکانی سەردەمی دیجیتاڵییان هەڵبژارد بۆ رێکخستنی جووڵەکانیان لە پێکهاتە نەریتییەکان، کە تێیدا ناڕازیبوونیان لە ڕاستی رۆژانەی خۆیان لە رێگەی پەیوەندییە مەجازییەکانەوە پەڕینەوە، بانگەوازی ناڕەزایەتیان دەستپێکرد و ئەم دەربڕینانە بە خێرایی گۆڕا بۆ جوڵەی شەقام لە شارە گەورەکانی وەک دار بەیزا، ڕەبات، فاس و تەنجەر.
ئەوەی ئەم هەنگاوانە جیا دەکاتەوە، سروشتی لامەرکەزی و خۆڕێکخستنە، چونکە دەستپێشخەرییەکان لە تاک و گروپە بچووکەکانەوە دروست دەبن، بەبێ سەرکردایەتی یەکگرتوو، بەڵام داواکارییەکانیان دەردەبڕن و لەگەڵ نەبوونی وەڵامی حکومەتدا پەرەدەستێنن.
ژنان لە دڵی ناڕەزایەتی دیجیتاڵی
لە ناوەڕاستی هەنگاوەکانی گەنجاندا، ژنان نەک تەنها وەک هاوبەشی،، بەڵکو دەستپێشخەری و دروستکەرانی ناڕەزایەتییە نوێیەکە، لە ڕێگەی ماڵپەڕە دیجیتاڵییەکانەوە، چالاکوانانی گەنج ڕەتکردنەوەی ئەو جیاکارییە پێکهاتەییەیان دەربڕی کە کاریگەرییان لەسەریان هەیە لە بواری پەروەردە و تەندروستی و بازاڕی کاردا، جەختیان لەوە کردەوە، کە خەبات بۆ دادپەروەری بەبێ دادپەروەری ڕەگەزی تەواو نییە.
گروپە فێمینیزمەکانی وەک "دەنگی ژنانی مەغریب" و "ژنانی مەغریب دژی پەراوێزخستن" هەڵمەتە دیجیتاڵیەکانیان دەستپێکردووە، کە داوای یەکخستنی ژنان دەکەن لە داڕشتنی سیاسەتە گشتیەکان، دڵنیابوون لە مافی ڕێکخستنی سەندیکاکان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ئابووری و دامەزراوەی.
نەوەی زی تەنها داوای باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان ناکات، بەڵکو دیدێکی جێگرەوە بۆ دابەشکردنی خەرجییە گشتیەکان پێشنیار دەکات، داوای تەرخانکردنی سەرچاوەکان دەکات بۆ پێویستیەکانی کۆمەڵایەتی نەک پڕۆژە وەرزشییە گەورەکان کە ڕەنگدانەوەی پێداویستییەکانی زۆرینە نین، لە ناوەڕۆکی ئەم بزووتنەوەیانەدا داواکاری ڕوون و ئاشکرا هەیە: چاکسازی لە سیستەمی پەروەردە، دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بەرزکردنەوەی بەشداری سیاسی گەنجان و ژنان و پاراستنی مافی ڕێکخستن و مانگرتن.
لە دروشمەکانەوە بۆ دیدگا
ئەوەی ئەمڕۆ لە مەغریب شاهیدی دەبین، تەنها ناڕەزایەتییەکی زوو تێپەڕ نییە، بەڵکو گۆڕانکارییەکی قوڵە لە هۆشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، کە لەلایەن گروپێکی گەنجەوە سەرکردایەتی دەکرێت، کە ڕەتیدەکەنەوە پەراوێز بخرێن و پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە لە دڵی هاوکێشەکەدا بن، ئەم هاولاتیانە تەنها داوای مافی خۆیان ناکەن، هەروەها سەرلەنوێ پێناسەی واتای هاوڵاتیبوون دەکەن و دیدێکی جێگرەوە بۆ دابەشکردنی دەسەڵات و سەرچاوەکان پێشنیار دەکەن، کە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و بەشداری سیاسی و شکۆمەندی مرۆی دەبنە بناغە.
لە سەردەمێکدا، کە قەیرانە پێکهاتەییەکان لەگەڵ تەقینەوەی ئامرازەکانی دەربڕینی دیجیتاڵیدا یەکدەگرنەوە، نەوەیەکی نوێ سەرهەڵدەدات کە بە ناڕەزایەتی ڕازی نییە، بەڵکو خەریکی بونیادنانی گێڕانەوەی خۆیەتی، پەیوەندی نێوان حکومەت و کۆمەڵگە لە نێوان مێژوو و داهاتوودا دەکێشێتەوە، ئایا حکومەت گوێ لە دەنگی گەنجان دەگرێت؟ یان شەقامی دیجیتاڵی تاکە سەکۆی شکۆمەندی دەمێنێتەوە؟ گۆڕانکاری لە ئارادایە، ئیتر پرسیارەکە ئەوەیە نیە کە ئایا ڕوودەدات، بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە کە چۆن و کەی و کێ و لە لایەنی گۆڕانکارییەوە دەبێت کاتێک ئاڵاکە بەرز دەکرێتەوە؟.
گەنجان سەرکردایەتی گەشتەکە دەکەن بۆ داهاتوو
لەبەر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکارییە بنچینەییانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا ڕوودەدەن، ڕوونە کە گەنجان خاوەنی ئەو توانایەن، کە ببنە ئەکتەرێکی ناوەندی لە داڕشتنی داهاتووی وڵاتان و دووبارە داڕشتنی حکومەتەکان، لە گۆڕەپانەکانی ڕزگاریخوازی نەتەوەییەوە تا شوێنەکانی خەباتی دیجیتاڵی، گەنجان توانای خۆیان سەلماندووە بۆ تێپەڕاندنی پێکهاتە نەریتییەکان و پێشنیارکردنی دیدێکی جێگرەوە بۆ دابەشکردنی دەسەڵات و سەرچاوەکان، کە لەسەر دادپەروەری کۆمەڵایەتی و بەشداری سیاسی و شکۆمەندی مرۆڤ زەمینەسازی کراوە.
ئەم ڕیتمە نوێیە بە کاتی فەرمی ناپێورێت، بەڵکو بە ناخی شەقام و ئەو پرسیارانەی کە لەلایەن ئەو جەستانەی لە گۆڕەپانەکاندا کۆبوونەتەوە، و ئەو دەستپێشخەریانەی کە لە پەراوێزەوە سەرهەڵدەدەن بۆ پێناسەکردنەوەی ناوەندەکە دەپێورێت، گەنجان بە دووبارە دابەشکردنەوەی ڕۆڵەکان ڕازی نین، بەڵکو خودی زمانەکەش لە قاڵب دەدەنەوە: زمانی بەرخۆدان، زمانی دادپەروەری، زمانی ژیانی ڕۆژانە، گۆڕاوە بۆ کردەی سیاسی.
لەم چوارچێوەیەدا، سەرکردایەتی دەبێتە کردەوەیەکی دەستەکۆمەڵی، نەک تەنها لە تاکێکدا، بەڵکو بەسەر ئەو کەسانەدا دابەش دەکرێت کە دەنووسن، ئەوانەی ڕێکدەخەن، ئەوانەی چاک دەکەنەوە و ئەوانەی هاوار دەکەن، سەرکردایەتییەکی بێ پلەبەندی و بێ نێوەندگر و بێ چاوەڕوانی هەموو ساتێک کە شەڕێکی هێمای یان مەیدانی تێدا بەڕێوەدەچێت، ئەم سەرکردایەتییە دەیسەلمێنێت کە ئەم گروپە بەدوای نوێنەرایەتیدا ناگەڕێت بەڵکو هەنگاو دەنێت، چاوەڕێی ناساندن ناکات بەڵکو لە ڕێگەی بەردەوامییەوە دەیسەپێنێت، لە ڕێگەی توانای گۆڕینی ناسکییەوە بۆ هێز و نەبوونی بۆ بوون.
بەم پێیە گروپی گەنجان تەنها نەخشەکانی ئێستا ناکێشێتەوە، بەڵکو پێناسەکردنەوەی ئەوەیە کە چالاکبوون تێیدا واتای چییە، شوێنپێی ئەو کەسانە نییە کە پێش خۆی هاتوون، بەڵکو چاندنی ڕێگای نوێ و بانگهێشتکردنی کەسانی دیکەیە بۆ شوێنکەوتنی.