پێشەنگی ژنان؛ هێزێک کە ڕێچکەی کۆمەڵگە دەگۆڕێت
لە چەندین بواردا ژنان وەک پێشەنگ دەردەکەون و ڕۆڵێکی کاریگەر دەبینن لە گەشەپێدانی کۆمەڵگەدا، لە کاتێکدا ژنان لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووبەڕووی زۆرترین فشاری سیاسی و مرۆیی بوون، ژنانی باشووری کوردستان بە دەنگ و کردار و چالاکیی جۆراوجۆر پاڵپشتیانن.
هێڤی سەڵاح
سلێمانی-لە ٦ی کانوونی دووەمەوە گەڕەکەکانی شێخ مەقسودو ئەشرەفیەو بەنی زێد لە حەلەب بوونەتە مەیدانی شەڕ و ئاڵۆزی سەربازی، کە لە نێویاندا ژنان و منداڵان زۆرترین قوربانی بوون، هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش، لە کۆتایی ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا بەهۆی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و زیاد بوونی نرخی کاڵاکان بۆ دە هێندەی نرخی خۆی، خۆپیشاندان و ناڕەزاییە مەدەنییەکان بەردەوام بوونە، کە تێیدا ژنان بوونەتە هێزی سەرەکی پاراستنی ئەم جوڵانەوە گشتییە.
ئەم دوو بارودۆخە جیاوازن، بەڵام پێکەوە گرێدراون، چونکە هۆکاری ئەوە بوون کە پرسی پاراستنی ژنان و مافە مرۆییەکان ببێتە بابەتی سەرەکیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، هەروەها چاوەڕوانییەکان بۆ پاڵپشتی کۆمەڵایەتی و میدیایی زیاتر بن.
پاڵپشتی ژنانی باشووری کوردستان بۆ ژنانی ڕۆژئاواو ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم دواییانەدا بە شێوەیەکی دیاریکراو بەرز بووەتەوە، چونکە ژنان و دایکان لە ڕۆژئاوای کوردستان بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە بێ جیاوازی تەمەن چەکیان هەڵگرتووە بۆ ڕووبەڕووبونەی دوژمانن و پاراستی خاکی کوردان، هەروەها ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە شێوەیەکی ئاشکرا لە شەقام و مەیدانەکاندا دەنگی ناڕەزایییان بەرز کردۆتەوە.
پاڵپشتی ژنانی باشووری کوردستان بۆ ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنها لە ئاستی قسە و هەستدا نەماوە، بەڵکو بە کردار و چالاکیی ڕاستەقینە دەربڕدراوە، لە شارە گەورەکانی باشوور وەک هەولێر، سلێمانی و دهۆک، چەندین کۆبوونەوە و خۆپیشاندان بەڕێوەچووە، کە تێیدا ژنان داوای پاراستنی مافەکانی ژنانی ڕۆژئاوا و ڕاگرتنی هێرشەکانیان کردووە، هەروەها ژنان دەڵێن ئەوەی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕوودەدات تەنها کێشەی ناوخۆیی نییە، بەڵکو کێشەیەکی نەتەوەیی و مرۆیییە کە پێویستە هەموو کورد و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەرپرسیاریەتییان لەسەر بگرن، هەروەها باوەڕیان وایە کە یەکگرتوویی ژنان لە سەرانسەری کوردستان، بناغەی سەرەکیی سەرکەوتن و بەردەوامی خەباتەکەیە، بۆیە دەبێت پاڵپشتی باشوور بۆ ڕۆژئاوا بەردەوام بێت تا ئەو کاتەی ماف، ئازادی و کەرامەتی مرۆیی ژنان پارێزراو دەبێت.
سەڕەرای جیاوازی شێوازی خەبات لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام ئامانج یەکە، کە بریتین لە پاراستنی ژیان، کەرامەتی مرۆیی و ئازادی ژنان، ڕێگری کردن لە داگیرکردنی خاک و ناسنامەو کولتووری کوردان.
ماوەی ١٥ ڕۆژە، خۆپیشاندانەکانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دژ بە ڕژێم بەردەوامی هەیە و و هێزە سەرکوتکەرەکان بە چەک ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران دەبنەوە، هەروەها دەسەڵاتدارانی ئێران هەڕەشە لە خۆپیشاندەران دەکەن، کە تاکو ئێستا زیاتر لە دوو هەزار خۆپیشاندەریان دەستبەسەر کردووە و ٥٧ خۆپیشاندەریشیان کوشتووە، لە کاتێکیشدا ماوەی پێنج ڕۆژە هێرشەکانی گروپە جیهادییەکانی سەر بە حکومەتی کاتی سووریا بە پاڵپشتی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود ئەشرەفیە و بەنی زێد لە حەلەب بەردەوامی هەیە، هەروەها گەلی ڕۆژئاوا بەڵینی ئەوە دووبپت دەکەنەوە کە تا دوا هەناسەی ژیانیان بەرگری لە خاکی خۆیان دەکەن و ڕێگە نادەن کە داگیری بکەن.
بۆیە یەکگرتووی گەلی کورد بەتایبەتی ژنان لە هەرچوار پارچەی کوردستان، دەتوانێت ببێتە هێزێکی کاریگەر بۆ ڕاگرتنی توندوتیژی و گەیشتن بە گۆڕانکارییە ڕاستەقینەکان.