هێڤا عەرەبۆ؛ پێشەنگی ژنان بۆ ئازادی
هێڤا عەرەبۆ ناسراو بە ''ساڵیحە ڤیان'' لە گەشتەکەیدا بۆ ئازادی گەلی کورد و ئازادی ژن شۆڕشگێڕێکی بێسنوور بووە، هەربۆیە لە هەر چوارپارچەی کوردستان لە دڵی گەلی کورد و هەموو ژیان جێی گرت.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی- دەوڵەتی تورک تاوانێکی نوێی لە تاوانەکانی خۆی لە دژی مرۆڤایەتی زیاد کرد، شەهیدکردنی ژنانی شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز بوو بە ناسنامەی ئەم دەوڵەتە فاشیستە، کە بەم شێوەیە دەیەوێت ئیرادەی ژنان تێکبشکێنێت و تەسلیمیان بکات، بەڵام دەبێت لە بیری نەکات لەگەڵ هەر شەهیدێک ئیرادە و پێداگریمان بۆ ئازادی و سەرفەرازی و ڕۆحی تۆڵەکردنەوە لە دژی ئەم سیستەمە فاشیستە و زاڵمە زیاتر دەکات، هەروەها بەهۆی بە ئامانج گرتنی ژنانی سیاسی و شۆڕشگێڕ لەلایەن دوژمنەوە، بە تایبەتی لە وڵاتانی جیهانی سێیەم، ژنان زیاتر رووبەڕووی گرفت دەبنەوە و بە چەندین شێوازی جۆراو جۆر لەلایەن داگیرکەرانەوە دەکرێنە ئامانج، چونکە بەراورد بە وڵاتانی خۆرئاوا، هەر لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەم لە وڵاتانی خۆرهەڵاتدا، تێکۆشانی ژنان ڕووبەڕوبوونەوەیەکی مەترسیدار لە بەردەم کارکردنیان درووستبووە، بەڵام ئێستا خەم و خەون و خەباتی ژنان لە هەر قۆناغێکی تری مێژوو قورسترە، چونکە لەپێناوی یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵگەدا، زۆرێک لە ژنانی پێشەنگ بوونەتە قوربانی و بەڵگە مێژووییەکانیش شایەتی ڕاستەقینەی خەباتی ژنانن.
٢٩ ساڵ خەبات بۆ حەقیقەت
هێڤا عەرەبۆ کە بە ساڵیحە ڤیان ناسراوە، ٢٩ ساڵ خەباتی بۆ گەیاندنی حەقیقەت و بەرخۆدان لە پێناو مافەکانی ژناندا کردووە، ساڵی ١٩٨١ لە شاری درباسیەی ڕۆژئاوای کوردستان لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێز لە دایکبووە، لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا بەشداری خەباتی سیاسی دەبێت و لە نێو خەباتی ڕێکخستنی گەلدا جێدەگرێت، هەروەها وەک ژنێکی گەنجی کورد بۆ ئازادی گەلەکەی و ئازادی ژنان لە ساڵی ٢٠٠٠ چووەتە چیاکانی کوردستان، لە ڕۆژهەڵات و باشوور و ڕۆژئاواش بۆ ئەوەی گەلی کورد و ژنان بە ڕێکخستن بکات تێکۆشانێکی بێ هاوتای بەڕێوەبردووە، هەڤاڵ ساڵیحە باوەڕی بە یەکێتی گەلی کورد هەبوو، بۆ ئەوەی سنوورەکان کە لە مێشک و دڵمان دروستکراوە هەڵبوەشێنێتەوە و بۆ یەکێتی گەلی کورد بە ئیشقێکی مەزنەوە تێکۆشانی دەکرد، شەهید ساڵیحە لە کەسێتی خۆیدا شۆڕشی ''ژن، ژیان، ئازادی'' پێکهێنا بوو، هەروەها بۆ ئەوەی شۆڕش بکات بە کولتوور و ژیان ڕەنجێکی مەزنیدا، دوای ڕزگار کردنی هەرێمەکانی ڕەقە، مەنبج، تەبقە و دێرەزوور لە داعش، هەڤاڵ ساڵیحە بۆ ئەوەی ڕێکخستنی ژنان دابمەزرێنت و زانستی ئازادی لە نێو ژناندا بڵاو بکاتەوە و ژنان بکات بە خاوەنی ئیرادە و بەشداری هەموو کایەکاکانی ژیان بکەن و ببنە نموونەی ژنێکی شۆڕشگێڕ کە هەموو ژنان بتوانن هێزی لێ وەربگرن و پێشەنگی خۆیانبن هەوڵی دەدا، هەروەها یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بوو، بۆ ئەوەی هەموو ناسنامەکان بەشدارببن و ژنان بە شێوەیەکی یەکسان لە نێو سیستەمی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریدا جێ بگرن و دیموکراتی ڕاستەقینە جێبەجێ بکرێت، پاشان هەڤاڵ ساڵیحە بە باوەڕی ئەوەی کە شۆڕشی ژن بناغەی شۆڕشی کۆمەڵگەیە، لە کۆنگرە ستار جێگەی خۆی گرت و تا کۆتا ساتی وەک ئەندامی کۆردیناسیۆن کاری بەڕێوەدەبرد.
ئەمڕۆ یادیی هەردوو شەهید ساڵیحە ڤیان ''هێڤا عەرەبۆ'' ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرە ستار و هۆگر دربەسێ ''دلاوەر عەرەبۆ'' ئەندامی پەیەدە دەکەینەوە، کە لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، لە باشووری کوردستان لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکەکانیاندا بە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکی فاشیست لە سەر ڕێگای قەرەنیاغا لە شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین، لەگەڵ سێ کەسی دیکە شەهیدبوون و تیرۆر کران، کە پاش بەدواداچوون و پشکنین لەسەر کەیسی شەهیدکردنیان، تواندرا ڕێگەخۆشکەرانی تاوانی شەهیدکردنیان دادگای بکرێت.
لە ئێستادا کەیسەکەیان لە دادگای تاوانەکانی سلێمانی لە لێکۆڵینەوەدایە، هەروەها دوو کەس بە تۆمەتی هاوکاریکردنی بکوژان بە ماددەی دووی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کە بڕگە حەوت بۆی گونجاوە و حکومەکەی لە سێدارەدانە، دەزگیرکراون، بەڵام نەک هاوڵاتی بە ئەگەری زۆرەوە دەوڵەتانی داگیرکەر لە پشتی تاوانی شەهیدکردنی هەڤاڵ ساڵیحە و هاوڕێکانییەوەن.