سیاسەتی سڕینەوەی یادەوەری و سەپاندنی حاڵەتی بەردەوامی ئەنفال-١

هەوڵدان بۆ بەڵگەنامەکردنی ڕەهەندەکانی ئەو تاوانە جینۆسایدانەی کە لە ڕابردوودا بەرامبەر بە کورد ئەنجامدراون، بەردەوامی هەڕەشەی جینۆساید دژی ئەم گەلە لە ئێستادا کە هەموو بەشەکانی کوردستان ڕووبەڕووی مەترسی دووبارەبوونەوەی ئەو کارەساتە دەبنەوە.

سیاسەتی سڕینەوەی یادەوەری و سەپاندنی حاڵەتی بەردەوامی ئەنفال-١

 

هەوڵدان بۆ بەڵگەنامەکردنی ڕەهەندەکانی ئەو تاوانە جینۆسایدانەی کە لە ڕابردوودا بەرامبەر بە کورد ئەنجامدراون، بەردەوامی هەڕەشەی جینۆساید دژی ئەم گەلە لە ئێستادا، هاوکاتی هۆشدارییەکان کە هەموو بەشەکانی کوردستان ڕووبەڕووی مەترسی دووبارەبوونەوەی ئەو کارەساتە دەبنەوە لە ئێستا و داهاتوودا.

 

شیلان سەقزی

ناوەندی هەواڵ-لە چوارچێوەی مێژوویی تاوانەکانی ئەنفالدا، هەوڵەکان بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و لێپرسینەوە لە بازنەی ناکارامەیی و سنووردارکردنی سیاسی و دادوەریدا بە نوقمی ماوەتەوە، نەبوونی سەربەخۆیی لە ڕێوشوێنە تاوانکارییەکان و بڵاونەکردنەوەی لیستی ڕوونی ناسنامەی زیانلێکەوتووەکان نەک هەر چاوپۆشی لە مافی ڕزگاربووان دەکات، بەڵکو ڕێگا بۆ نکۆڵی فەرمی و لەبیرچوونەوە خۆش دەکات، لەم بارودۆخەدا، بەدەستهێنانی دادپەروەری مێژوویی تەنیا لە ڕێگەی پەسەندکردنی سیاسەتی پشتیوانی گشتگیر و جێبەجێکردنی بەرنامەکانی دادپەروەری چاکسازییەوە دەتوانرێت.

 

ئەم ڕاپۆرتە هەوڵدەدات دۆخی ئێستای هەوڵەکان و ئاڵەنگاری پەیوەست بە دۆزینەوە و ناسینەوە و پرۆسێسکردنی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئەنفالکراوان بپشکنێت، هەروەها ئامانجی شیکردنەوەی کەموکوڕییەکانە لە بوارەکانی پزیشکی دادوەری و یاسا و مێژوودا و پێشکەشکردنی پێشنیارەکان بۆ گەیشتن بە دادپەروەری مێژوویی و پشتگیریکردنی ڕزگاربووان، هەوڵەکان بۆ دووبارە بونیادنانەوەی ڕەهەندەکانی ئەو جینۆسایدەی کە لە دژی کورد ئەنجام دراوە لە ئارادایە و لە سەردەمی ئێستادا گەل بەردەوامە لە ڕووبەڕووبوونەوەی جینۆساید، کارەساتەکە لە سەرانسەری کوردستاندا بەربڵاوە و لە ئێستادا و لە داهاتووشدا مەترسی دووبارەبوونەوەی لەسەرە، ئەم کارەساتە لە کوشتنی سیستماتیکی هاوڵاتییان لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ئێستای وڵات و بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کرماشان و شاباد "ڕۆژئاوای ئیسلام ئاباد" دەردەکەوێ، وێنە ترسناکەکانی کۆمەڵێک تەرمی تاوانێک ئاشکرا دەکەن کە هێشتا بە تەواوی بەرفراوانییەکەی نەزانراوە، هاوکات ڕۆژئاوای کوردستان جارێکی دیکە لەسەر دەستی دەوڵەتێکی ئیسلامی جینۆساید دەکرێتەوە، کورد لە مێژووی هاوچەرخدا لە زۆرترین ئامانجی جینۆسایددا بووە کە لەلایەن دەوڵەت و گروپە ئیسلامییەکانەوە ئەنجامدراوە.

ئەنفال: پڕۆژەیەکی جینۆسایدی سیستماتیک

هەڵمەتی ئەنفال کە لە ساڵی ١٩٨٨ لە لایەن ڕژێمی بەعسی سەدام حوسێنەوە لە عێراق ئەنجامدرا، یەکێکە لە نموونە ترسناکەکانی جینۆساید و پاکتاوی نەتەوەیی لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هاوچەرخدا، ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازی و ئاسایشییە بە سپێشەنگایەتی عەلی حەسەن مەجید "ناسراو بە عەلی کیمیایی" بە ئامانجی "پاککردنەوەی" ناوچە کوردنشینەکانی باکووری عێراق لە هەر بەرخۆدانێک یان ناسنامەیەکی کوردی ئەنجامدرا، ئەم جینۆسایدە بە زەمینە دەسەڵات و ئایدیۆلۆژی و سیاسییە جیاوازەکانییەوە، وەک هەڕەشەیەکی پۆتانسێلی بۆ سەر کورد دەمێنێتەوە، ئێمە شاهیدی دووبارەبوونەوەی بووین لە شێوازێکی دڕندانەتر، بە پشتیوانی ئایدیۆلۆژی و سیاسی هاوشێوە، لەلایەن داعشەوە لە شنگال، هەروەها لەلایەن تورکیە لە ڕۆژئاوای کوردستان.

 

لە ماوەی هەشت قۆناغی هەڵمەتی ئەنفالدا، زیاتر لە چوار هەزار گوند وێران بوون، سەدان هەزار دانیشتوو کۆچیان کرد و لانیکەم ١٠٠ هەزار کورد کە زۆربەیان هاوڵاتیانی مەدەنی بوون بە ژن و منداڵ و بەساڵاچووەوە، ڕفێنران و لە سێدارە دراون، یان بە زیندووی بە خاک سپێردراون، بەپێی ڕاپۆرتێکی وردی هیومان ڕایتس وۆچ لە ساڵی ١٩٩٣، ژمارەیەکی زۆر گۆڕی بەکۆمەڵ لە بیابانەکانی باشووری عێراق دۆزراونەتەوە، ئەمەش بە ڕوونی ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەمە بەشێک بووە لە پرۆژەیەکی بە ئەنقەست بۆ "ڕزاندنی" گەلێک.

 

چەکی کیمیایی پێکهاتەیەکی سەرەکی ئەم ستراتیژەی سەرکوتکردن بوو، بەتایبەتی لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا، لە مانگی ئاداری ساڵی ١٩٨٨ بە مەزەندەکردنی پێنج هەزار هاوڵاتی مەدەنی لە ئەنجامی کیمیابارانی هەڵەبجە کوژران، بەکارهێنانی ماددە دەمارییەکان و گازی خەردەل نەک هەر تاوانێکی جەنگ بوو، بەڵکو بەڵگەی دڕندەیی تەواوەتی ڕژێمێک بوو کە لەناوبردنی نەتەوەیەکی کردە ئامانجێکی سەرەکی.

 

هەڵمەتی ئەنفال تەنها ڕووداوێکی مێژوویی نییە، بەڵگەیەکی زیندووە بۆ جینۆساید، بەپێچەوانەی بانگەشەی ڕژێمی بەعس، دەرئەنجامی شەڕ نەبوو، بەڵکو پڕۆژەیەکی ئایدیۆلۆژی بوو کە ئامانجی نەهێشتنی سیستماتیکی گەلی کورد بوو، ئەم تاوانە لە یادەوەری بەکۆمەڵی کورددا چەسپاوە و کاریگەرییەکانی لەو ناوچانەی کە ئەنفالیان لێکەوتووەتەوە، هەر لە خاکی پیسکراوی مردنەوە تا دەگاتە ئەو خێزانانەی کە ئازیزانیان نەدۆزیوەتەوە.

"هەڵمەتی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان... یادەوەرییەک کە هێشتا لە ژێر دادگاییکردندایە"

لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣، لاپەڕەیەکی تاریکی مێژووی عێراق ئاشکرا بوو: سەدان گۆڕی بەکۆمەڵ لە سەرانسەری وڵاتدا، بەڵگەی توند لەسەر دەیان ساڵ سەرکوت و جینۆساید و قڕکردنی سیستماتیک، بەڵام ئەوەی دەبوو هەڵمەتێکی فەرمی بێت بۆ دادپەروەری، گۆڕاوە بۆ پڕۆژەیەکی خاو و بێ پلان و هەندێکجاریش بە سیاسی، وەک ئەوەی هەندێک کەس هێشتا لە ڕاستییەکان بترسن.

 

ڕاپۆرتە فەرمییەکانی کۆمیسیۆنی عێراق بۆ گۆڕە بەکۆمەڵەکان ئاماژەن بۆ دۆزینەوەی زیاتر لە ٢٠٠ گۆڕی بەکۆمەڵ لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە، تەنها لە ناوچەی تل شاخیە لە پارێزگای موسنا "باشووری عێراق" زیاتر لە ٥٠ گۆڕ تۆمارکراوە کە زۆربەیان هی زیانلێکەوتووانی هەڵمەتی ئەنفال و سەرکوتکردنی شۆڕشی شیعەکانن لە ساڵانی ١٩٨٠ و ساڵانی نەوەدەکان، لە ناوچەی بیابانی باشووری سەماوە و دەوروبەری دیوانیە بەڵگەی گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراوەتەوە کە سەر بە زیانلێکەوتووانی لەسێدارەدانەکان کە لەلایەن سوپای عێراقەوە ئەنجامدراون و بەتایبەتی کوردیان کردووەتە ئامانج.

 

هەڵدانەوەی تەرمەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بە هاوکاری تیمەکانی پزیشکی دادوەری نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی وەک نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری عێراق "یونامی" و کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتی بۆ ونبووەکان ئەنجام دراوە، بەڵام پێشکەوتنی خاو و کەمی پێە=ویستیەکان و ناوبەناو بەربەستی سیاسی ڕێگری لە ناسینەوەی زیاتر لە ڕێژەیەکی زیانلێکەوتووان کردووە، زۆرێک لە خێزانەکان هێشتا چاوەڕێی وەڵامن، تەنانەت ئەگەر تەنها پارچەیەکی ئێسک یان ناوێکی تۆمارکراویش بێت.

 

گەڕان بەدوای گۆڕە بەکۆمەڵەکان بڕیار بوو پڕۆژەیەکی نەتەوەیی بێت بۆ بونیادنانەوەی یادەوەری بەکۆمەڵ، بەڵام نەبوونی ئیرادەی سیاسی و قۆرخکردنی دەسەڵات و سازانە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان کردیان بە پرۆسەیەکی ئاماژەی و عێراقی دوای سەدامیش بەردەوامە لە ئازارەکانی و ئەو خاکانەی کە بڕیار بوو دادپەروەری تێیدا لەدایک بێت، وەک زیانلێکەوتووانی بێدەنگی ماونەتەوە.

 

"کاتێک دادپەروەری ڕادەستی تاقیگەکان دەکرێت"

پرۆسەی دۆزینەوە و بەڵگەنامەکردن و ناسینەوەی زیانلێکەوتووانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە عێراقدا یەکێکە لە ئاڵۆزترین و هەستیارترین پڕۆژەکانی دادپەروەری گوازراوە لە ڕووی سیاسییەوە لە جیهاندا، بەڵگەی پزیشکی دادوەری تەنها ئامرازێکی زانستی نییە، بەڵکو بەڵگەیەکی زیندووە لەسەر تاوانە سیستماتیکییەکانی ڕژێمی بەعس و شکستەکانی دواتر لە گەیاندنی دادپەروەری.

 

پرۆسەی هەڵدانەوەی تەرمی مردووەکان کە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و بە هاوکاری ڕێکخراوەکانی وەک کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتی بۆ کەسانی ونبوو"ICMP" و تیمی پزیشکی دادوەری ئەمریکای لاتین "EAAF" ئەنجام دەدرێت، بریتییە لە بەڵگەنامەکردنی وردی شوێنی ناشتنەکە، لابردنی چینەکانی خاک، تۆمارکردنی بارودۆخی تەرمەکان، کۆکردنەوەی بەڵگەی فیزیایی و بایۆلۆژی "ئێسک، جل و بەرگ، فیشەک، پاکەت و بەستەری کیمیایی و هتد".

 

هۆکاری مردن بۆ زۆرێک لە زیانلێکەوتووان بە بەکارهێنانی بەڵگەکان دیاری دەکرێت وەک کونی فیشەک لە کەللـەسەر یان بڕبڕەی پشت، نیشانەکانی خنکان، شکانی ئێسک کە لە ئەنجامی ناشتنی بە زیندوویی نێژراون، هەروەها پیسبوونی کیمیایی ئێسکەکان "ئاماژە بە بەکارهێنانی گازی ژەهراوی، وەک ئەوەی لە هەڵەبجە ڕوویدا" ئەم بەڵگەنامە پزیشکییە یاساییە تەنها تۆمارێکی مێژوویی نییە بەڵکو ئامرازێکی چارەنووسسازە بۆ دادگاییکردنی نێودەوڵەتی تاوانبارانی جینۆساید.

 

تاقیکردنەوەی دی ئێن ئەی ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە پرۆسەی ناسینەوەدا، تاقیگەی سنووردار و بەسەرچووی MLD لە بەغدا لەگەڵ تاقیگەکانی کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتی پشکنەرانی نەخۆشییە تووشبووەکان"ICIDI" لە هەولێر و لاهای، بەرپرسن لە هاوتاکردنی نموونەی بۆماوەیی لەگەڵ خێزانەکان، بەڵام نەبوونی بنکەیەکی زانیاری نیشتمانی دی ئێن ئەی و کەمی ئامێر و سنووردارکردنی دارایی هەموویان بەشداربوون لە خاوبوونەوە و ناتەواوی سروشتی پرۆسەکە، زۆرێک لە خێزانەکان ساڵانێکە چاوەڕێی ئەوەن، نەک تەنها بۆ دۆزینەوەی پاشماوەی ئازیزانیان بەڵکو دواجار ئەو تاوانانەی کە ئارەزووی ئەوەیان دەکرد بینێژن، بخەنە ڕابردوویانەوە، ئەمڕۆ بە پێچەوانەی پڕوپاگەندەکانی حکومەتی عێراق، ڕێگای دادپەروەری ناتەواو و ناهەمە لایەن، کە هێشتا پشت بە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و یادەوەری ناوخۆیی دەبەستێت.

 

دادپەروەری بۆ زیانلێکەوتووان تەنها لە دادگاکاندا سنووردار نییە، بەڵکو لە هەموو شتێکی گەورەدا دەردەکەوێت کە باسی لێوە دەکرێت، بەڵام ئەو حکومەتانەی دوای سەدام کەوتوون، لەبری ئەوەی پابەندبن بە ڕاستییەوە، هەندێکجار دەبنە زیانلێکەوتووانی پیلانی نەتەوەیی و نکۆڵیکردن لە مێژوو و ئەمەش تەنها کەموکوڕییەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو کەموکوڕییەکی سیاسی و ڕەوشتی.

 

 

ڕاپۆرتەکانی پزیشکی دادوەری کە لەلایەن کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتی ونبووەکان "ICMP" و تیمەکانی هێزە چەکدارەکانی عێراق و ناوەندە ناوخۆییەکانی وەک ناوەندی لێکۆڵینەوەی زیانلێکەوتووانی تیرۆر لە بەغدا کۆکراوەتەوە، شیکاریی هۆکارەکانی مردن "تەقەکردن، ژەهراویبوونی غاز، ناشتنی زیندوو، تەمەنی زیانلێکەوتووەکە باری تەندروستی و نیشانەکانی برینداربوونی پێش مردنی"، لەگەڵ بەڵگەی پشکنینەکانی پێش مردنی شایەتحاڵان و ڕزگاربووان لەخۆدەگرێت، ئەمەش بنەمایەکی پشتڕاستکراوە دابین دەکەن کە نکۆڵی مەحاڵ دەکات، بەڵام سەرەڕای گرنگی یاسایییان، زۆرجار لەناو گێژەڵوکەی ڕەچاوکردنی سیاسی و خێڵەکی و بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکان و هاوبەشی ناوچەییدا پشتگوێ دەخرێن، عێراق بنکەیەکی زانیاریی گشتگیری نییە کە هەموو گۆڕ و داتای پەیوەندیدار تۆمار بکات و بڵاوی بکاتەوە، ئەم کەموکوڕییانش تەنها تەکنیکی نییە، بەڵکو لە ئامادەنەبوونی دامەزراوە سیاسییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتی مێژوویی.

 

گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە عێراقدا نەخشەیەکی زیندوو بۆ پەردەپۆشکردن و بێدەنگی و هاوبەشی نێوان دامەزراوەکانی دەوڵەت لە ڕابردوو و ئێستا پێکدەهێنن، هەر گۆڕێک کە دەدۆزرێتەوە بەڵگەنامەیەکە دژی دەسەڵاتی بکوژ و لە هەمان کاتدا دژی ئەو سیاسەتانەیە کە بەردەوامن لە شاردنەوەی ڕاستی تەواو، ئەو سیاسەتانەی کە زیانلێکەوتووان پۆلێن دەکەن، یادەوەری دەشێوێنن و دادپەروەری لە ڕێگەی بەڵگەنامەی هەڵبژێردراوەوە دوادەخەن.

 

 

 

"گۆڕ هاوار دەکات"

دوای زیاتر لە دوو دەیە لە ڕووخانی ڕژێمی بەعس، گۆڕی بەکۆمەڵ لە عێراق بەردەوامە، بەڵام زۆرجار لیستی زیانلێکەوتووان و بەڵگەی پزیشکی دادوەری و ڕاپۆرتە سەربەخۆکان ناتەواون یان بە ئەنقەست لە بێدەنگی دەوڵەتدا نێژراون، ئەوەی بە "بەڵگەنامەکردنی گۆڕی بەکۆمەڵ" ناسراوە، تەنها داتای مێژوویی نییە، بڵکو بەڵگەنامەیەکی سیاسییە دژی ئامڕازی جینۆساید و لە هەمان کاتدا دژی لەبیرچونەوەی سیستماتیکی عێراقی دوای بەعس.

 

بەپێی داتا و ڕاپۆرتە فەرمییەکان کە لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتی بۆ ونبووەکان "ICMP" و نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوکراونەتەوە، تا ئێستا زیاتر لە ٣٠٠ گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە، ئەمەش تەنها بەشێکی کەمی ئەو هەزاران شوێنی ناشتنە نهێنییە مەزەندە دەکات کە لە ئەنجامی هەڵمەتی ئەنفال و هەڵەبجە و سەرکوتکردنی ناوخۆیی دژی کورد دروست بووە.

 

گۆڕی بەکۆمەڵ لە ناوچەکانی وەک تل شاخیە، موسنا،عەمارە، مەحاویل، بەسرە، نەینەوا، شنگال دۆزراونەتەوە، زۆرێک لەو گۆڕانە تەرمی منداڵ و ژن و کەسانی بەتەمەنیان تێدایە کە ئاماژەیە بۆ کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی، هەندێک گۆڕ وەک ئەوانەی لە بیابانی موسنا دۆزراونەتەوە بەڵگەی ناشتن بە دەست بەستراو وتەقە و تەنانەت بەکارهێنانی ماددە کیمیاییەکان نیشان دەدەن.

 

"ژنانی ناو گۆڕە بەکۆمەڵەکان چاوپۆشییان لێ کراوە"

لە گێڕانەوەی فەرمی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە عێراقدا، زۆرجار ژنان وەک "زیانلێکەوتووی بێدەنگ" چاوپۆشییان لێدەکرێت، لەکاتێکدا مەکینەی سەربازی و ئایدیۆلۆژی پارتی بەعس، لە هەڵمەتەکانی ئەنفال و هەڵەبجە و سەرکوتی بەربڵاودا، نەک هەر کۆمەڵکوژی نەتەوەیی ئەنجامدا، بەڵکو توندوتیژیی سیستماتیکی و سێکسی بەرامبەر جەستەی ژنان ئەنجامدا.

 

لێکۆڵینەوە چۆنایەتییەکانی توێژەرانی وەک خاتوو تشومان هاردی، شایەتحاڵی ڕزگاربووان، ئاماژە بەوە دەکەن، کە ژنان بە تایبەتی ژنانی کورد، نەک تەنها وەک ئەندامانی بنەماڵەی زیانلێکەوتووان بەڵکو وەک ئامانجی تایبەتی توندوتیژی سێکسی و ڕەگەزیش کرانە ئامانج، لە نێو ئەو تاوانانەی کە مێژووی زارەکییان لە یادەوەریی ڕزگاربوواندا بە زیندوو دەمێنێتەوە بەڵام لە تۆمارە فەرمییەکاندا کەمتر بەڵگەی لەسەرە، ڕفاندنییان، دەستدرێژی بەکۆمەڵ، دووگیانی زۆرەملێ و تەنانەت کوشتن لە ژێر پەردەی "پاکسازی نەتەوەیی"دا هەیە.

 

لە کاتی دۆزینەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و شیکاری پزیشکی دادوەری تەرمەکاندا، لە زۆر حاڵەتدا پاشماوەی ژنان و منداڵانی کچ دۆزرایەوە کە نیشانەی ڕوونی گرتنیان بە دەستبەند و شکانی حەوز و دڕاوی جلی ژێرەوە و نیشانەکانی برینداربوون لە ناوچەی زاوزێدا هەبووە، بەڵام لە زۆرێک لەم ڕاپۆرتانەدا، بە هۆی نەبوونی چوارچێوەیەکی شیکاریی ڕەگەزی یان فشاری سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، ئەم نیشانانە بە ڕوونی بە توندوتیژی سێکسی ناویان نەهێنراوە.

 

لە بەشێک لەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی کە لە موسنا و دیالە و شنگال دۆزراونەتەوە، تیمەکانی نێودەوڵەتی لەوانەش کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتی بۆ کەسانی بێسەروشوێن و کۆمیسیۆنی ئەوروپا بۆ خۆپاراستن لە جینۆساید، ئەم بەڵگەیەیان دۆزیوەتەوە، بەڵام لە ڕووی یاساییەوە ئەم دۆزینەوانە زۆرجار لە قۆناغی ڕاپۆرتکردندا مانەوە و وەک "تاوانی سێکسی لە چوارچێوەی جینۆسایددا" لێپێچینەوەیان لەگەڵ نەکرا.

 

هەروەها دامودەزگاکانی مافی مرۆڤ لەم ڕووەوە کەم تەرخەم بووە، توندوتیژی سێکسی دژ بە ژنان لە چوارچێوەی شەڕ و جینۆسایددا تەنها تاوانێکی تاکەکەسی نەبوو، بەڵکو ئامرازێکی پێکهاتەیی بوو بۆ بێڕێزی کردن و لەناوبردنی گروپی ئامانجدار، دواجار ئەوەی ئەمڕۆ بەخاک دەسپێردرێت تەنها جەستەی ژن نییە، بەڵکو مافی گێڕانەوەی چیرۆکەکانیان و شایەتحاڵی و گەیشتن بە دادپەروەرییە، بەڵگەنەکردنی ڕوونی ناسنامە و ڕەگەز و هۆکاری مردنی ئەو ژمارە زۆرەی ژنان، کە نکۆڵی دووەمی بوونیان پێکدەهێنێت، جارێک لە ڕێگەی کوشتن و دیسانەوە لە ڕێگەی سڕینەوەیان لە مێژوو، کاتی ئەوە هاتووە کە دەزگاکانی ڕاستی و داکۆکیکار لە مافەکان نەک هەر وەک جەستەی زیانلێکەوتووێک بەڵکو وەک گۆڕەپانی بەرخۆدان و توندوتیژی دەوڵەتی لە جەستەی ژنان تێبگەن و بەهەمان شێوەی دان بە فیشەک و گازی ژەهراوی دان بەم توندوتیژییە بنێن.

 

"دوور لە ماڵەوە بە خاک سپێردرا"

لە جینۆسایدی ئەنفالدا، ڕژێمی بەعسی عێراق نەک هەر بە شێوەیەکی سیستماتیک گەلی کوردی کوشت، بەڵکو لە هەنگاوێکی ئاماژەی و سیاسیدا تەرمی زیانلێکەوتووانی لە ژینگەی ڕەسەنی خۆیان بێبەشکرد و بە خاک سپاردنیانی لە ناوچە دوورەدەستەکانی باشووری عێراق، وەک تل شەیخیە، موسنا و بیابان ئەنجامدا، ئەمەش تەنها ناشتن نەبوو، بەڵکو سیاسەتی دوو سڕینەوە بوو، کە بە لابردنی جەستە و ئاماژەیە لە یادەوەری و شوێن.

 

لە زۆرێک لەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی دۆزراونەتەوە بەڵگەی ڕوون هەیە لەسەر لەسێدارەدان و بەخاک سپێردراوی زیانلێکەوتووان بە دووری چەندین کیلۆمەتر لە ماڵەکانیان، زۆرجار لە پارێزگاکانی کەرکوک و سلێمانی و هەولێر و دهۆک، ئەم گواستنەوەی زۆرەملێیەی جەستە لە شێوازێکی هاوشێوەی پاکتاوکردنی نەتەوەیی لە وڵاتانی دیکە "وەک بوسنە و ڕواندا" دەچێت، کە حکومەتەکان هەوڵیان دەدا شوێنەواری جەستەی زیانلێکەوتووان لەسەر زەویەکانیان بسڕنەوە، بەمەش هەر بنەمایەک بۆ گەڕانەوە، قەرەبووکردنەوە یان تەنانەت یادکردنەوەی بەکۆمەڵ نەما.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکانی هیومان ڕایتس وۆچ و بەڵگەنامەکانی دادگا نێودەوڵەتییەکان، گواستنەوەی زیانلێکەوتووان بۆ بیابانەکانی باشوور، بەشێک بووە لە ئامێری ئەندازیاری کۆمەڵایەتی دڕندەی ڕژێمی بەعس، نەک تەنها بۆ ناشتنی تەرمەکان، بەڵکو بۆ سڕینەوەی چیرۆکەکانیان، بەبێ زەوی باوباپیران و نە گۆڕێکی ئاشنا و نە ڕێوڕەسمی پرسە و تەنانەت ئەگەری سەردانکردنی ئاماژەی، ئەم ستراتیژە دەگاتە بڕینی یادەوەری بەکۆمەڵ و جۆرێک لە لەناوبردنی "ناسنامەی دوای مردن".

 

 

لە نەریتی کوردیدا شوێنی ناشتن تەنها شوێنی پشوودانی مردوو نییە، بەڵکو ئاماژەی بەردەوامی ناسنامەی بەکۆمەڵی زیندووەکانە، بۆیە ئەم گواستنەوەیە نوێنەرایەتی دوورخستنەوە لە مێژووی نەتەوەیی و ڕەتکردنەوەی مافی ماتەمینی دەکرد، کە تاکتیکێکی باو بوو لە تاوانەکانی جینۆسایددا، کە "ناشتن" بوو بە چەک، ئەمڕۆ هەوڵدان بۆ دەرخستنی گۆڕ و گەڕاندنەوەی تەرمەکان بۆ شوێنی ڕەسەنی خۆیان، تەنها کردەوەیەکی مرۆڤی نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکی سیاسییە بۆ گەڕاندنەوەی ڕاستی و یادەوەری و شکۆمەندی مرۆڤایەتی، پڕۆژەیەک کە ڕژێمی بەعس بە ناشتنی مردووەکان لە دووری ماڵەکانیانەوە هەوڵیدا نکۆڵی بکات.