"قەیرانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان دووجار بەرۆکی ژنانی گرتووە"

نیگار ڕەشید، چالاکوان دەڵێت: سیاسەتی نەناردنی موچە لە لایەن بەغداوە بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانە، ئەم قەیران ئابوورییە دووجار بەرۆکی ژنانی گرتووە.

هێلین ئەحمەد


سلێمانی_ وەزارەتی دارایی عێراق لە كۆتایی مانگی ئایاری ئەمساڵ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی ڕاگرت، موچەخۆرانی هەرێم زیاتر لە ٦٥ ڕۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە، لە ئەنجامی چەندین کۆبوونەوەی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا، ڕێگا چارەسەر بۆ گیروگرفتەکانی موچەخۆران نەدۆزراوەتەوە، بەغدا لەسەر داواکارییەکانی بۆ پێدانی موچە بە هەرێمی کوردستان سورە، و حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستانیش داواکارییەکان جێبەجێ ناکات، بە داهاتی ناوخۆش موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابین ناکات، حکومەتی عێراق بۆ ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، جەخت لەسەر سێ خاڵ لە داواکارییەکانی دەکاتەوە، ڕادەستکردنی ٢٨٠ هەزار بەرمیل نەوت و بە بانکینکردنی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و ٥٠٪ی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە سەرجەم دەرکەوتن و کۆبونەوەکانیاندا جەختیان لەو سێ خاڵە کردۆتەوە، بەبێ جێبەجێ کردنی خاڵەکان لە لایەن حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نانێردرێت.

 

 هەروەها بارودۆخی موچەخۆران و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان تابێت بەرەو خراپی دەڕوات، سەرەڕای پێنەدانی موچەی هاوڵاتیان و خراپی گوزەرانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، مامۆستایان و فەرمانبەران و بەشێک لە کاسبکاران ناڕەزای و خۆپشاندان ئەنجامدەدەن، بەڵام لە لایەن کاربەدەستان و ئاسایشی شارەکانەوە ئاستەنگی و ڕێگریان ڕوبەڕوو دەبێتەوە، زۆرێک لە مامۆستان و فەرمانبەران لە ئەنجامی ناڕەزایەکانیان بەرامبەر پێنەدانی موچەکانیان ڕووبەڕووی لێدان و گرتن بوونەوە، لە ناویاندا ژنان ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی و کێشەی ئابووری و دەروونی دەبنەوە، نەبوونی موچە و خراپی گوزەرانی هاوڵاتیان کێشەی کۆمەڵایەتی لە ناو خێزانەکاندا بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

" قەیرانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان دووجار بەرۆکی ژنانی گرتووە"
نیگار ڕەشید، مامۆستای زانکۆ و چالاکوانی گەرمیان ئاماژەی بەوەکرد، هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٦ەوە، بەردەوام ڕووبەڕووی پێنەدانی موچەی فەرمانبەرانی دەبێتەوە، هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە هۆکاری تێپەڕاندنی ماوەیەکی زۆر بەسەر کێشەکانی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بە ئاسانی تێپەڕاندن  بۆ بارودۆخەکان دەکەن وتی: پێنەدانی موچە هاوڵاتیانی ڕوبەڕووی ئاستەنگی ژیانک کردۆتەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان بارودۆخێکی دەروونی و کوشتنیکی هێواشیان بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دروستکردووە، تەنها ئاوات و خۆزگەی هاوڵاتییان کردوە بە وەرگرتنی موچەکانیان، هەموو داواکاری و خەونی هاوڵاتیان و گەنجانیان لە وەرگرتنی موچەکانیاندا کۆکردۆتەوە، هاوڵاتیانیان گیرۆدە و ئالودەی وەرگرتنی موچە کردووە، هەبوونی ئەو گاڵتەجاڕییەی بە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، لە هیچ وڵاتێکدا بەرامبەر هاوڵاتیانی نەکراوە، هەروەها حکومەت لە لایەن زۆرێک لە  ڕاگەیاندنەکانەوە بەردەوام هەواڵەکانیان بۆ تیکدانی دەروونی هاوڵاتیان کار دەکەن، سەرەڕای هەبوونی حکومەت و پەڕلەمان لە هەرێمی کوردستاندا، بەردەوام بۆ پرسەکان لە ناوچەکەدا حکومەتی کاربەڕێکەر دەگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان و حکومەتی بەغدا، بەڵام بە هەبوونی چەندین وتاری هەڵخەڵەتێن کە بەغداد موچە نادات هاوڵاتیان چەواشە دەکات.

 

"هەرێم بەهۆی سیاسەتی هەڵە و کۆیلایەتی بۆ دەوڵەتانی دیکە نەیتوانیوە قەوارەیەکی سیاسی تۆکمە دروست بکات"

ئاماژەی بەوەشکرد، پێنەدانی شایستە داراییەکان ئامانجی کوشتنی هاوڵاتیانی لەپشتەوەیە، ئەو حکومڕانییە دیکتاتۆرییەی هەڵقوڵاوی ڕژێمی بەعسن، بۆیە لە ئێستادا سیستمێکی دیکتاتۆری بەرامبەر هاوڵاتیان پەیڕەو دەکات، سیاسەتی بەغدا هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستانە، سیاسەتی نەناردنی موچە لە لایەن بەغداوە کەمکردنەوەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانە، دەیەێت دەست بەسەر داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەکاندا بگرێت، بەڵام هەرێمی کوردستان ئەو بڕیارە نادات بە هۆکاری هەڵنەوەشاندنەوەی لە ناوچەکەدا، هەرێمی کوردستان چەندین ساڵە داهاتی نەوت و خاڵە سنورییەکانی بەدەستەوەیە، بەڵام بەهۆی سیاسەتی هەڵە و کۆیلایەتی بۆ دەوڵەتانی دیکە نەیتوانیوە قەوارەیەکی سیاسی تۆکمە دروست بکات، ئەو سیاسەتە هەڵەیەی پەیڕەویان کرد، هاوڵاتیانی کردۆتە بارمتە و کاڵا لە نێوان بەغداد و هەریمی کوردستاندا.

 

"کاری تەواو بۆ لە ناوبردنی ژنان دەکرێت"
نیگار رەشید لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: هاوڵاتیان چیدیکە توانای بەرگەگرتنیان نەماوە، بەردەوامن لە دەربڕینی بێزارییەکانیان، هاوڵاتین لە سێیەمین مانگی بێ موچەیدان،بەڵام کاتیک گردبونەوە و ناڕەزای دەردەبڕن ڕوبەڕووی ئاستەنگی و لێدان و گرتن دەبنەوە، بۆیە ئیدی هاوڵاتیان دەنگیان لێوەنایەت، تەنها لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە هەوڵی جوڵاندنی سۆز و دەروونی هاوڵاتیان دەدەن، لە سیستمێکدا هاوڵاتیان پەروەردە کراون کە بە هەر بارودۆخێکی ناوچەکە دەنگیان لێوەنەیەت، لە ناویاندا ژنان دەبنە قوربانی دەستی ئەو حکومڕانییەی لە هەرێمی کوردستاندا بەڕێوەدەچێت، ژنان بەهۆکاری کارکردنیان و نەبوونی موچەکانیان ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری بونەتەوە، لە کاتێکدا کاری تەواو بۆ لە ناوبردنی ژنان دەکرێت، پێنەدانی موچەکانیان لە ناوبردنێکی دیکەی ژنانە.