بەفرین عەزیز خاوەنی دوو پەرتوکەو هانی ژنان دەدات بخوێنن

بەفرین عەزیز کە خاوەنی دوو پەرتوکە بەژنان دەڵێت: بخوێنن ئێمە خوێندنمان لەدەست چوو، چونكە خویندن لەهەموو شت باشترە بۆ ژنان، من تا دووی ناوەندیم خوێند بەڵام هەندەی مامۆستایەك دەزانم.

شیا كۆیی
 
كۆیە- زۆرن ئەوژنانەی خۆیان بەرەوپێش دەبەن و دەبنە پێشەنگ، سنوری كۆیەش هەموكات بەوە ناسراوە كە ژنی بوێرو بەتوانای لێ هەڵدەكەوێت، هەر لە نەجیبە خانی جەلیزادەو زەینەب خان و ئایشە گروكەو ودەیان ژنی دیكەی بەناوبانگ هەیەم لەگوندی هەرمۆتەش بەهەمان شێوە كەسایەتی زۆری تێدایە كە شایەنی ئەوەن باس بكرێن، یەكێک لەوانە بەفرینی هەرمۆتەیە كە توانیویەتی لەگەڵ هەمو ماندوو بونەكانی ژیان و بەخێوكردنی منداڵ و كاری دەشت ودەر بكات، لەگەڵ ئەوەش خاوەن بەهرەی خۆیەتی كە هەمیشە گرنگی بە كەلەپور وكولتوورەكەی داوەو دەیان پەند و چیرۆكی لەبەر بووە تا ئیستا كوڕەكەی لە دوو بەرگی پەرتوکدا بۆی كۆكردۆتەوە.
 

بەفرین عەزیز پترۆس لە ساڵی ١٩٥٤ لە گوندی هەرمۆتەی سەربە كۆیە لەدایك بووە خاوەن ٧ منداڵە، بەفرین بە ژنە دڵسۆزو ئازاكەی گوند ناسراوە، بەڵام ئەو تەنیا وەك هەر ژنیكی دیكە نییە تەنها كاری ماڵی كردبێت و منداڵی بەخێو كردبێت، لەڕابردوو كاری كشتوكاڵی  كردووە، لەگەڵ ئەوەش سەدان پەندی پیشینانی زانیوە و چیرۆكی نووسیوە، بۆیە كوڕەكەی لە دوو بەرگی پەرتوکدا کە یەکێک چیرۆكە ویەکێکی دی بەناوی لە زمانی دایكمەوە بۆی چاپ کردووە، بەفرین لەگەڵ هەموو ئەوانە خوێنەرێكی باشە و وتی: رۆژانە پەرتوک دەخوێنمەوە.

 

بەفرین عەزیز بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کردو پەندەكانی بەزمانی كوردی وسریانی بۆ خوێندینوە.


بەفرین عەزیز لە زووەوە زیرەك و بەتوانا بووە بەردەوام هەوڵی داوە لە كۆبونەوەكانی كار و خێزانیەكان دڵخۆشیان بكات و بە چیرۆك و پەندی پیشینان دانیشتنەكانی خۆشكردووە، باسی ژیانی خۆی و ژنانی هەرمۆتەی لە سەردەمی كۆن کردو وتی: جاران هەموو پێكەوە بە ژن و پیاوەوە كاری دەشتمان دەكرد لە كشتوكاڵ و توتن كردن و دروێنەو كۆكردنەوەی مەڵۆكان، تاچەند ساڵ تێلە كیشی، و هەموو رۆژ دەبوو بچینە كارێزان بەكوندە ئاو بێنین، دەچوین نان و دۆمان دەبرد بۆ سەپانان و ئەوكاتی تەنیا نان و دۆ بوو وەك ئیستا نەبوو هەمو خواردنێك نەبوو، پاشان ئەوان بەندان و حەیرانیان دەوت و ئێمەش زۆربەی جار لەدوای ئەوان دەمان وتەوە.

 

"دایکیشم پەندی دەوت لەوەوە فێربووم"
دەربارەی فێربوونی پەندو چیرۆکەکان وتی: ئەو پەندو چیرۆكانە لەو دانیشتنی شەوانە فێربوم كە ئیمە ٧ بۆ ٨  ماڵێك بووین هەموو پێكەوە، وەك ماڵە مام و ئامۆزاو لەیەك خانوودا دەژیاین وشەوان دەوری ئاگرمان دەدا، پێكەوە لە وێ چیرۆک و پەندمان دەوت، منیش فێربووم بەتایبەت لەدایكمەوە داكیشم ئەو پەندانەی دەوت،  بەهۆی ئەوەی كورەكەم دكتۆر هاوژین خۆشی نووسەرە هەموو چیرۆكەكانی بۆ كردمە پەرتوکێک و وچاپی كرد و پەندەكانیش بەجیا لە پەرتوکێک چاپكرد بەناوی لەزاری داكمەوە.


وتیشی: لە ڕابردوودا شەوان كاتژمێر ٢:٠٠ی شەوان هەڵدەستام بۆنان كردن، دوای نان كردن دەچوم ئاوم لەكارێزان دەهێنا و شەش چێڵم هەبوو دەم دۆشین و زیاتر لە ٢٠٠ مریشكمان هەبوو.


سەبارەت بە پێكەوە ژیان لەگەل لەگەڵ باوەڕو پێکهاتە جیاوازەکان، بەفرین وتی: ئێمە زۆر بێ جیاوازیین و دین نەبۆتە گرفت لەنێوانمان وهەركەس بەدینی خۆی، دراوسێکانمان مسوڵمان بوون و كاسەمان گۆریتەوە لەکاتی ژەمەکاندا، گەر نەخۆشیان هەبووایە منداڵیان لای من جێدەهێشت یان من منداڵم لای ئەوان جیدەهیشت، هەرگیز دڵمان لەیەك نەشكاوەو لە بۆنەكاندا سەردانی یەكتردەكەین.

 

ڕۆژانە ئەگەر لاپەڕەیەکیش بێت هەر دەخوێنێتەوە
بەفرین عەزیز خوینەرێكی باشە هەرچەندە تا دووی ناوەندی خوێندووە بەهۆی ئەوەی خوێندنگەی ناوەندی لەكۆیە هەبووە لەناو هەرمۆتەی نەبووە نەی توانیوە بەردەوام بێت، بەفرین خوێندکارێکی زۆر زیرەكیش بوە حەزی كردووە خویندن تەواو بكات بەڵام دەریان هێناوە لە خوێندنگە، بەڵام حەزی خوێندنەی هەرماوە تائیستاش وەك خۆی ئاماژەی پێدا پەرتوکخانەیەکی بچوكی هەیە هەموو رۆژ ئەگەر لاپەڕەیەكیش بێت هەردەبێت بخوێنتەوە، و ئامۆژگاری ژنان دەكات بەوەی بخوێنن وتی: ئێمە خوێندنمان لەدەست چوو، هی ئێستا مەهێڵن، چونكە خویندن لەهەمووشت باشترە بۆ ژنان من تا دووی ناوەندیم خوێند بەڵام هێندەی مامۆستایەك دەزانم، وانەم بە هەموو منداڵەكانم وتووە تا چوونەتە دواناوەندیش، سوپاس بۆخوا هەموویان خوێندنیان تەواو كرد تەنیا یەكیان نەبێت ئەویش بەهۆی بارودۆخی ئەوكاتەوە بوو، خوێندن مرۆڤ هوشیار دەكات ومێشكی زاخاو دەكات بۆیە من رۆژ نییە چەند لاپەڕەك نەخوێنمەوە، بەڵام ئیستا خەڵك ناخوێنێتەوە بەهۆی تەكنەلۆجیاو مۆبایل.
 
چەند پەندێكی بەفرین :
-ژنم دەوێت ژنانە گۆشتەكەی بخوات پیستەكەی بكاتە هەمبانە - واتە ژن دەبی كابان بی نابێ هەر گۆشتەكەی بخوات دەبێ پێستەكەشی بكاتە هەمبانە و فڕێی نەدات.
-یان گەر كچێك زۆر لێهاتو بایە دەیان وت دەستی بەبازنی دەوێت.
-نوێیان بڵند دەبن كۆنانیش نەوی دەبن- واتە كە نوی هات کۆن بەلا دەنرێت.
-دەروێشی بەكەیفو خۆشی- واتە ژیان بەدۆلەمەندی وفەقیری نیە گرنگ دڵت خۆشبێت.
-ئەگەر مەرماری بەرمارو خاری ئەگەر بێماری بەیتەر بەماری- واتە گەر دۆڵەمەند بی خەڵك لە دەورو پشتت دەبن بەڵام گەر فەقیربی كەس بەلات دانایە.
-كرمی ناودونگێ- بەكەسێك دەوترێت كە ئیشكەر نەبێت تەنها بخوات پێی دەڵێن كرمی ناو دونگێ  ( دونگ)ئەو چەورایەتیە كەلەناو گوشتی ئاژەڵداهەیە.
-سۆر نەبوم بە ئاگری كۆربوم بە دوكەڵی. گە ردارەكە تەڕ بایە هەر گڕی نەگرێت ودوكەڵ دەكات بەوە دەڵێن.
-كچم دا بەشوو غەم هاتە دوو.
-هەندە مەچۆ جییان گاسنت بخەنە بەرپی. واتە هەندە مەچۆ ماڵان جاران گەر كەسێك زۆر چوبایە ماڵێك دەیان وت گاسنی لەپیش دانێن.