باڤێ لە تەمەنێکی بچوکدا خولیای بۆ وێنەگرتن دروست دەبێت: پێویستە ژنان ڕێچکەشکێن بن لە کارکردندا

باڤێ دڵشاد، سەرەتای کاری وێنەگرتنی بۆ تومارکردنی یادگاری خێزان و هاوڕێکانی دەگەڕێتەوە، بەڵام لە مانگی ئایاری ٢٠٢٤دا، بە خەونی منداڵی دەگات و دەڵێت: پێویستە ژنان ڕێچکە شکێنبن لە کارکردندا.

هێلین ئەحمەد

سلیمانی_
 بەدەستهێنانی کارێک خولیای منداڵی بوبێت بۆ ژنان بەدەستهێنانی کارێکی پر لە ئاستەنگیە، زۆرێک لە گەنجان و ژنان بە تایبەت ئەو کارەی خولیای منداڵیانە بەهۆی بارودۆخی ژیانیان لە ئەقڵیەتی کۆمەڵگایەکی پیاوسالاریدا بەدەستهێنانی پڕ لە هەوراز و نشێوو دەبێت، کۆڵنەدان لە بەدەست ڕا گەیشتنی ئامانجەکانیان، کارەکانییان پڕشنگدارتر دەکات، باڤێ دڵشاد، ئەو ژنەی  بە کامێراکەی باوکی لە تەمەنێکی بچوکدا خولیایی بۆ وێنەگرتن دروست دەبێت، پاشان لە ڕێگەی گرتە ڤیدیۆ و تۆمارکردنی یادگایرەکانی خێزانەکەی درێژە بە خولیای منداڵی دەدات، پاشان لە دوای تەواوکردنی بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی سلێمانی، لە تەمەنی ٢٣ ساڵیدا هەوڵی بەدیهێنانی ئامانجی منداڵی دەدات، لە مانگی ئایاری ٢٠٢٤دا وێنەگرتن دەکاتە پیشەیەک بۆ دابین کردنی بژێوی و هەلی کار دەڕەخسێنێت.  

"وێنە گرتن تۆمارکردنی کاتە زێڕینەکانی ژیانمانە"
پاڤێ دڵشاد، دەرچووی بەشی زمانی ئینگلیزیە، لە شاری سلێمانی، لە ئێستادا سەرەڕای وانەوتنەوەی وەک مامۆستایەک کاری وێنەگرتن بۆ درێژەدان بە خولیای منداڵی هەڵبژاردووە، گەڵاڵە بوونی خولیاکانی وێنەگرتنی بۆ منداڵی و گرتنە دەستی کامێراکەی باوکی دەگەڕێتەوە، بەڵام بەهۆی درێژەدان بە خوێندن گرنگی زۆری نەدەدا بە وێنەگرتن، وتی: بە کامێرەکەی باوکم لە تەمەنێکی بچوکەوە بەردەوام بووم لە وێنەگرتن، سەرەتا وێنە و گرتە ڤیدیۆی ئاهەنگ و بۆنەکانای خێزانەکەم تۆمار دەکرد، چالاکیەکانی ڕۆژانەم کردبووە نمونەی کارەکانم و بەردەوام گفتوگۆم بۆ کامێراکەم دەکرد، ترسی لەدەستدانی خۆشیەکانم ببووە هۆکاری درێژەدان بە وێنەگرتنی کاتە زێڕینەکانی ژیانم، بەڵام دەستپێکی خوێندنم بووە ئەوەی زیاتر گرنگی بە خویندنەکەم بدەم و کەمێک پاشەکشە لە فۆتۆگرافەری بکەم، بەڵام خوێندنەکەم نەبووە هۆکاری لەناوبردنی خولیا و ئاواتەکانم بۆ وینەگرتن، پاش بوون بە خوێندکار لە زاکۆدا لە ڕێگەی مۆباهیلەکەمەوە بە وێنەگرتنی سروشتی ناو زانکۆ و هاوڕێکانم دەستم بە وێنەگرتن کردەوە، زۆربەی یادگاریەکانی ناو خێزان و هاوڕێکانم لە لای خۆم وەک هێشتنەوەی یادگاریەکان تۆمار کردووە.

ئاماژەی بەوەکرد، هەڵبژاردنی کار وێنەگرتن لە پاڵ کاری مامۆستای بۆ ئامۆژگاری مامۆستایەکی دەگەڕیتەوە، وتی: سەرەڕای ئەوەی حەزم بە کاری وێنەگرتنبوو، بەڵام نەمدەزانی ڕۆژێک دەبمە وێنەگرێک، ڕۆژێک لە کۆلێژ مامۆستایەکمان پێشنیاری کاری بۆ کرنین کە هەریەک لە خوێندکارەکان بەدەر لە بەدەستهێنانی بڕوانامەیەک، کارێکی تایبەت بە خۆیان بونیاد بنێن تا بتوانن ببنە خاوەنکار و هەلی کار بڕەخسێنن، پاشان لە ڕێگەی تواناکانمەوە توانیم دەستبکەم بە کاری وێنەگرتن، بە هاوکاری خێزانەکەم و هاوڕێکانم توانیم دەست بکەم بە کاری وێنە گرتن، لە ئێستەدا لە ڕێگەی کامێرەکەی دەستم لە ماڵەکەی خۆمدا کارەکانی فۆتۆگرافەریم ڕادەپەڕێنم، لە ڕێگەی پەیجەکەم لە تۆڕی کۆمەڵایەتیەکان ئاگادار دەکرێمەوە بۆ کارکردن، کارەکانم وینەگرتنی بۆنە و ئاهەنگەکان، دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان، کاری ڕیکلامکردن بۆ ڕێستۆرانت و کافێکان دەکەم.

"کاری فۆتۆگرافەری چەندین ئاستەنگی تێدایە بۆ ژنان، بەڵام ئێمەی ژنان ڕێچکە شکێنی بکەین "
پاڤێی وێنەگر ئاماژەی بەوەشدا، بەشداری چەندین خولی ئەکادیمی کردووە و تێیدا ئەزموونی کارکردنی بونیاد ناوە وتی: سەرەڕای خویندنم لە بەشی ئینگلیزی زانکۆی سلێمانی، بۆ زیادکردنی ئەزموونی وانە وتنەوەم بەشداری چەندین خولم کردووە، لە ئێستادا لە خوێندنگەیەک وانەی زمانی ئینگلیزی بە خوێنداران دەڵێمەوە، پاشان خولی فۆتۆگرافەریم لە سەندیکای وێنەگرانی سلێمانی بینیووە، بڕوانامە و ڕێگەپێدانم لە سەندیکای وێنەگران وەرگرتووە، سەرەتای کاری وێنەگرتنم بۆ وێنەکانی خۆم دەگەڕێتەوە، کاتیک وێنەم دەگرت هاوڕێکانم بەردەوام هانیان دەدام بەوەی کارەکانم خوانە و پەرە بە کارەکەم بدەم، یەکەم کاری وێنە گرتنم بۆ دوو هاوسەر بوون، پاشان دەستم بە کاری فۆتۆگرافی کرد، ژنان لە کارکردندا ڕوبەڕووی چەندین ئاستەنگی دەبنەوە، ئەگەر ژنان دەست ببەن بۆ کاریک کە پێشوتر لە لایەن پیاوانەوە ئەجام درابێت ئاستەنگیەکان زیاتر دەبن، بیرۆکەی فۆتۆگرافیم کاریکی قورسە ژنیکبینت و لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسلاریدا کار بکەیت، بەڵام شکاندنی بەربەستەکان لە لایەن ژنانەوە کۆمەڵگەی ڕاهێناوە بە قبوڵکردنی ئەو کارانەی ژنان خولیایان بۆی هەیە، پیاوان زیاتر کاری فۆتۆگرافی دەکەن، بەڵام ژنان زیاتر توانای وێنە گرتن و شێوازی جوڵەیان هەیە، زۆرێک لە مشتەریەکانمان دەڵێن ئیمە لەگەڵ فۆتۆگرافەری ژنادا زیاتر ئاسودەین و دەتوانین شێوازی وەستانەکانمان بە جوانی بکەین.

لە کۆتایی قسەکانیدا باسی لەوەشکرد، سەرەتا بە تەنیا بڕیاری کاری فۆتۆگرافەری دەدات، بەڵام لە ئێستادا خێزانەکەی بەردەوام پشتیوانی دەکەن، وتی: خێزانەکان سەرەتا ئاستەنگی دروست دەکەن، بەڵام ئەوە نابێتە هۆکاری کۆڵدان لە خولیاکانت، ڕێگریکردن خاڵی کۆتای نیییە دەبێت بەردەوامی بدەن بە کارەکانیان تا بتوانن سەرکەوتنەکانیان تۆمار بکەن، پێویستە ئێمەی ژنان ڕێچکە شکێنبین بۆ جیلی داهاتوو، تا بتوانن ئەو کارەی خولیایانە کاری تێدا بکەن، ئاستەنگیەکان بشکێنن و بەردەوامی بدەن بە خولیاکانتان تا بتوانن بونیادنەری دواڕۆژی خۆتانبن.