لە ساڵانی ڕابردوودا کۆمەڵگەی میسر شایەتی زیادبوونی بەرچاوی توندوتیژی دژی ژنان بووە

ساڵی ڕابردوو شایەتی پەرەسەندنی توندوتیژی دژی ژنان و ئاڵەنگاری ئاڵۆزی دارایی و یاسادانانی بەخۆیەوە بینی، کە تیشکی خستە سەر گرنگی بەهێزکردنی ئابووری و سیاسی، هەروەها ڕۆڵی هاوبەشی و ستراتیژی بەردەوام لە بەهێزکردنی پاراستنی ژنان و پشتیوانیکردن لە بوونیان.

ئەسما فەتحی

 

قاهیرە-لە ساڵانی ڕابردوودا کۆمەڵگە شایەتی زیادبوونی بەرچاوی توندوتیژی دژی ژنان بووە، چ جەستەیی و چ دیجیتاڵی، ئەمەش کاریگەری لەسەر ژیانی زۆرێک لە ژنان لە ماڵەوە و شوێنی کار و کۆمەڵگەدا هەبووە، ئەم دیاردەیە وای لە ڕێکخراوەکانی ژنان کردووە کە سەرنجیان لەسەر میکانیزمەکانی پاراستنی ژنان و پشتیووانی لە سەربەخۆیی ئەوان لە ڕێگەی بەرنامەکانەوە بە ئامانجی بەهێزکردنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و پەروەردەییان بێت.

 

بۆ دەستکەوتنی وردتر لە دەرئەنجام و ئاڵەنگاری ساڵی ڕابردوو، ئاژانسەکەمان چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ هیبە عادل، سەرۆکی دەستەی ئەمینداری دامەزراوەی پارێزەرانی ژنانی میسر بۆ مافەکانی ژنان ئەنجامدا.

 

ساڵێکی زۆر ئاڵۆز بوو... چۆن هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەیت، بەتایبەتی سەبارەت بە توندوتیژی دژی ژنان و کاریگەرییەکانی لەسەر بەرنامەی ڕێکخراوەکانی ژنان؟

ساڵی ڕابردوو تاوانەکانی توندوتیژی دژی ژنان زیادییەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، لەوانەش قسەی ناشرین، هەراسانکردن، ڕەشبگیری دیجیتاڵی و تەنانەت کەیسەکانی کوشتنی بە ئەنقەست، ڕێکخراوەکانی ژنان بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو، لە ڕووی تەمەنی زیانلێکەوتووەکان و سروشتی تاوانەکان و پاشخانی کۆمەڵایەتی ژنان، ژمارەیەکی زیاتر و جیاواز سکاڵایان وەرگرتووە.

 

ئەم دۆخە پێویستی بە جێبەجێکردنی هەڵمەتە هۆشیارییە بەردەوامەکان بوو، کە گرنگی بە تاوانە ئەلیکترۆنییەکان بدرێت، بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی ژنان و بەرەوپێشبردنی سەربەخۆیییان، ئەم ڕێوشوێنانە بەشداربوون لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگە لە مەترسییەکانی توندوتیژی و گرنگی بەهێزکردن وەک ئامرازێکی پاراستن.

 

هەروەها لە ماوەی ١٦ ڕۆژی چالاکی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ڕەگەزی چالاکی بەرفراوان ڕێکخرا، کە تیایدا تیشک خرایە سەر بڕیارنامە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە ژنان، ئاشتی و ئاسایش.

 

کەمی بودجە چۆن کاریگەری لەسەر بەردەوامی بەرنامەکانی ڕێکخراوەکانی ژنان لە میسردا هەبووە؟

کەمی بودجە بە ڕوونی کاریگەری لەسەر زۆرێک لە بەرنامەکان هەبووە، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی کە کۆمەڵگەی مەدەنی سەرچاوەی دارایی خۆی نییە، هەندێک لە بەرنامەکان لەناکاو وەستان بەهۆی ڕێکخستنەوەی پێویستیەکانی بودجە، ئەمەش ئاڵەنگاریەکی بەرچاوی بۆ ڕێکخراوەکانی ژنان دروستکرد.

 

پلانی داهاتووتان چییە بۆ ساڵی داهاتوو، بەتایبەتی سەبارەت بە هاوبەشی؟

پلانەکانی داهاتووی ڕێکخراوەکەمان لەسەر بەهێزکردنی ئابووری و سیاسی ژنان و پەرەپێدانی یاسا بۆ پاراستنیان لە توندوتیژی و دڵنیابوون لە بەردەوامی بەرنامەکانی پەروەردەیی و خولە.

 

پلانەکان بریتین لە بەستنەوەی پڕۆژەکانی بەهێزکردن بە کێشەکانی ژینگە و بەردەوامییەوە، دابینکردنی بەرنامەی پەروەردەیی داهێنەرانە بۆ منداڵانی کچ بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن، هەروەها دروستکردنی ژینگەیەکی پارێزراو و پاڵپشت بۆ فێربوون و پەرەپێدانی تواناکانی ژیان و کۆمەڵایەتی.

 

ڕێکخراوەکە پشت بە هاوکاری لە ناو تۆڕە ناوچەییەکان و ڕێککەوتنەکان دەبەستێت بۆ یەکخستنی هەوڵەکان لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان لە نێوان دامەزراوە جیاوازەکاندا.

 

هەروەها هاوبەشییە ناوچەییەکان بەشدارن لە ئاڵوگۆڕی شارەزایی و پەرەپێدانی ستراتیژییەکان، کە بەهێزکردنی سیاسی و کۆمەڵایەتی ژنان بەهێزتر دەکات و کاریگەریی بەرجەستە بەدەست دەهێنێت.

 

دیالۆگێکی بەرفراوان لەسەر چەمکی یاساکان هەیە و ئایا پێویستمان بە زیاتری یاساکانە یان نا، چۆن سەیری دۆخی ئێستای یاسادانان و کاریگەرییەکانی لەسەر پاراستنی ژنان دەکەیت؟

دەتوانریت بووترێت کە تەنها چەقاندنی یاساکانی ئێستا بەس نییە، پێویستە کار لەسەر چاکسازی لەو یاسایانە بکەین کە ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگە بێت و هاوسەنگی لە نێوان سزا و چاکسازیدا دروست بکات.

 

جگە لەوەش، حکومەت دەبێت ڕۆڵی خۆی لە هەڵمەتەکانی هۆشیاریدا دەستپێبکاتەوە بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە تێڕوانینی گشتیدا مسۆگەر بکات و کۆتایی بەو ململانێیە بەرهەم هێنراوانە بهێنێت کە توندوتیژی دژی ژنان لە کۆمەڵگەدا ئاسایی دەکەنەوە.

 

سەرەڕای ئەو ئاستەنگە بەرچاوانەی کە لە ساڵی ٢٠٢٥دا ڕووبەڕووی ڕێکخراوەکانی ژنان بوونەتەوە، دەرکەوت کە بەهێزکردنی ژنان بژاردەیەکی لاوەکی نییە، بەڵکو پێویستییەکی بنەڕەتییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و دەستەبەرکردنی دادپەروەری و یەکسانی.

 

هەروەها لە گفتوگۆکەدا تیشکی خستە سەر گرنگی بەردەوامیی لە کاری فێمینیستدا، جا چ لە ڕێگەی پەرەپێدانی سەرچاوە ناوخۆییەکان بێت یان بونیادنانی هاوبەشی بەهێزی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی بەرنامەکان تەنانەت لە نێوان هەڵاوسانی دارایی یان ئاڵەنگاری سیاسی و یاساییدا.

 

لە لایەکی دیکەوە، یاساکانی ئێستا هێشتا پێویستی بە مۆدێرنیزاسیۆنی هەمەلایەنە هەیە بۆ ئەوەی باشتر راستی ژنانی ئەمڕۆ ڕەنگ بداتەوە و پارێزگارییەکی کاریگەر لە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دابین بکات.

 

بە گشتی ڕێگای پێشەوەی بزووتنەوەی فێمینیست پڕە لە ئاڵەنگاری، بەڵام دەرفەتی بەرچاوی لەخۆگرتووە، بەهێزکردنی ژنان، پەرەپێدانی یاسا، وەبەرهێنان لە هاوبەشی و دابینکردنی بەرنامەی پەروەردەیی و ئابووریی بەردەوام، هەموویان هەنگاوی سەرەکین بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی پارێزراوتر و دادپەروەرتر، لەگەڵ گرنگیدان بە تێکەڵکردنی ڕەهەندە ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکان بۆ دەستەبەرکردنی کاریگەرییەکی ڕاستەقینە و بەردەوام بۆ ژنان و منداڵانی کچ لە سەرانسەری کۆمەڵگەدا.