دوای ساڵێک دانیشتینی پەرلەمان نادیارەو ٤٠٩ ڕۆژە پێکهێنانی حکومەت دواکەوتووە

لە ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد، بەڵام هەرسێ پۆستی "سەرۆکی پەرلەمان، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سکرتێری پەرلەمان" دیاری نەکران و دوای ساڵێک هێشتا کاتی کۆبوونەوە نادیارە.

لاڤە کوردە 

 

ناوەندی هەواڵ- ماوەی یاسایی بۆ کۆنەبوونەوەی پەرلەمانێکی نیشتمانی بەپێی وڵات جیاوازە، بەڵام بۆ زۆرێک لە سیستمە پەرلەمانییەکان "وەک بەریتانیا، ئوسترالیا و هیندستان" زۆرترین ماوەی نێوان دانیشتن یان دانیشتنەکان شەش مانگە. ئەمەش دڵنیای دەدات لەوەی کە پەرلەمان ساڵانە لانیکەم دوو جار کۆدەبێتەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە حکومەت و دەرکردنی یاسای دارایی بنەڕەتی.

 

دانەنیشتنی پەرلەمانی هەر وڵاتێک و هەر هەرێمێک لە ساڵیکدا دووجار کەمتر، بۆشایی یاسایی دروست دەکات و جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردنە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان سەرەرای کۆنەبوونەوە بۆماوەی ساڵێک و دەرکەوتنی بۆشاییە یاساییەکان هێشتا وادەیەک بۆ کۆبوونەوەو دیاری کردنی سێ سەرۆکایەتییەکەی خولی شەشەم دانەندراوە.

 

ساڵێکە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کۆنەبۆتەوە

ڕۆژی ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو ، دوای مانگێک و ١٤ ڕۆژ لە ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ دانیشتنی (یه‌كه‌م)ى خولی پایزه‌ى ساڵی یه‌كه‌م له‌ خولی هه‌ڵبژاردنی شه‌شه‌می په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی ئه‌رده‌لان محه‌مه‌د سه‌رسپی، سه‌رۆكی دیوانی په‌ىرله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو، كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كونسوڵ و نوێنه‌رانی وڵاتان له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوون، دوای ته‌واوبوونی ڕێوڕه‌سمی سوێند خواردنه‌كه‌، سه‌رۆكی دانیشتنه‌كه‌ به‌پێی حوكمه‌ یاساییه‌كانی ماده‌ی (١٤)ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان ده‌رگای خۆپاڵاوتنى بۆ هه‌رسێ پۆسته‌كانی (سه‌رۆكی په‌رله‌مان، جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان، سكرتێری په‌رله‌مان) كرده‌وه‌ و له‌لایه‌ن فراكسیۆنه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و جوڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ی نوێ، ژماره‌یه‌ك كاندید بۆ ئه‌م پۆستانه‌ به‌ربژێر كران، به‌ر له‌ ئه‌نجامدانى ڕێككاره‌ یاساییه‌كانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی، به‌هۆی ئاماده‌نه‌بوونی ڕێژه‌ی یاسایی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی له‌ناو هۆڵى دانیشتن، سه‌رۆكی دانیشتنه‌كه‌ بڕیاریدا به‌ وه‌رگرتنی پشوویه‌ك تاوه‌كو ڕێژه‌ی یاسایی ئاماده‌بووان دروست ده‌بێت، دوای وه‌رگرتنی پشووه‌كه‌، دانیشتنه‌كه‌ ده‌ستیپێكرده‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئاماده‌نه‌بوونی ڕێژه‌ی یاسایی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان دانیشتنه‌كه‌ بۆ كاتێكی نادیار هه‌ڵگیرا.

 

دانیشتنی سوێندخواردنەکەس لەکاتی خۆیدا نەبوو

ئەو دانیشتنەی پەرلەمان لەکاتێکدا بوو، کە بە پشتبەستن بە بڕگەکانی یاسای ژمارە ١ی ساڵی ١٩٩٢، یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان- عێراق هەمووار کراو ، بەتایبەتی مادەکانی "٤٦، ٤٧، ٤٨ و ٤٩" و مادەکانی (١٤،١٣,١٢,١١,٤،٣ )، لە پەیرەوی ناوخۆی پەرلمان ، پەرلەمانی کوردستان لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا یەکەم دانیشتنی خۆی لە هەولێر کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ ئەنجام دەدات دوای دەرچوونی ئەو فەرمانە هەرێمییەی ، لە ئەگەری دەرنەکردنی بانگهێشتنامەکە، لە ڕۆژی دوای کۆتایی هاتنی ماوەی پێشوودا بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کۆدەبێتەوە بۆ ئەنجامدانی ئەم سێ ئەرکەی خوارەوە. 

یەکەم: سوێند خواردنی ئەندامانی براوەی پەرلەمان. 

دووەم: هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، بە سەرۆک و جێگرەکەی و سکرتێرەوە.

سێیەم: دیاریکردنی وەرزەكانی دگرێدانی پەرلەمان. (وەرزەكان لە ماددەی حەوتەمی پەیڕەوی ناوخۆدا دیاریکراون) .

 

تا ئەمڕۆش پەرلەمان نەیتوانیوە دانیشتنێک ئەنجام بدات و ئەرکەکانی تەواو بکات. بەم شێوەیە دانیشتنی یەکەم نیمچە کراوەیە بەبێ ئەوەی ناوی لێنێن.

 

کابینەی ١٠ی حکومەتی هەرێمی کوردستان دواکەوتووە

لە ساڵی ١٩٩٢ەوە هەرێمی کوردستان ٩ کابینەی حکومەتی پێکهیناوە، بۆ کابینەی ١٠یەم کە دەبوو دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پێکبهێندرایە، بەهۆی دواکەوتنی ساڵێک لە دانیشتن، پێکهێنانی ئەم کابینەیەش بەنادیاری ماوەتەوە.

 

لە ساڵی ١٩٩٢ەوە، ٦ جار پێکهێنانی حکومەت دواکەوتووە، لە خولی یەکەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ٤٦ ڕۆژ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم دواکەوتووە، لە خولی دووەم ٩٧ ڕۆژ، لە خولی سێیەم ٩٥ رۆژ، لەخولی چوارەم ٢٦٤ ڕۆژ، لە خولی پینجەم ٢٨٣ ڕۆژ، لە خولی شەشەم ٤٠٩ ڕۆژ.

 

هەروەها  دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و ‏گەشەپێدان لە ڕۆژی ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ ئاشکرایکرد، بە یەك ‏ساڵ تێپەڕین بەسەر هەڵبژاردن و نزیكەی سێ‌ ساڵ بۆشایی یاسایی پێشوو، ماوەی ‏‏هەزارو ١١٩ ڕۆژە هەرێمی كوردستان بێ‌ پەرلەمانە.