ژنانی سودان لە کۆچبەرییدا سەختی دەبینن

لە ئەنجامی شەڕی بەردەوام لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، ئازارو سەختی ژنانی کۆچبەر کە ناچارکراون لە شوێنەکان کۆچ بکەن لە زیادبووندایە.

ئایە ئیبراهیم

 

سودان- قەیرانی کۆچبەری لە سودان گەورەترین قەیرانە لە جیهاندا، ژمارەیەک لە ژنانی سودانی بەهۆی قەیرانەکەوە لە دۆخێکی خراپدا دەژین، هەندێکیان بەدوای بژێویدا دەگەڕێن و زۆرێکیان لە شەڕی نێوان دوو بارودۆخی سەختدا ئاوارە بوون و ناتوانن بگاتە شوێنی پارێزراو.

 

ژمارەیەک لە ناوەندەکانی پەناگە لە پارێزگاکانی سودان پڕن لە کۆچبەری ژن کە لە جەنگ هەڵهاتوون، ژنانی کۆچبەر ناچارکراون دوو جار کۆچ بکەن، لە خەرتومی پایتەختەوە کۆچیان کردووە بۆ شاری وەدمەدنی لە پارێزگای ناوەندی جزیرە و ئەوانی تر گواستراونەتەوە بۆ پارێزگاکانی دیکە.

 

لەگەڵ خێزانەکەی بەناچاری کۆچیان کرد

سارا ئەلۆتەیب، ڕۆژنامەنووسی سودانی ئاماژەی بەوەکرد،ل خۆی و خێزانەکەی ناچاربوون دوو جار کۆچ بکەن و وتی: من لەگەڵ خێزانەکەم لە خەرتوومی پایتەختەوە بەرەو شاری وەدمەدنی ڕۆیشتم، دوای چەند ڕۆژێک توانیمان بگەینە شاری بۆرتسودان، هەرچەندە زۆر دوور نییە، لەوێ خانووم بەکرێ گرتووە و هەموو شتێک زۆر گرانە.

"لە لایەنی دەروونی ئاسوودە نین"

زەینەب ئەلسامانی،یەکێک لەو ژنانەی کە ناچاربوو لە هەرێمی دارفۆری ڕۆژئاوای سودان کۆچ بکات، وتی: ڕۆژانی کۆچبەری زۆر سەخت بوون، سەلامەتین لە بۆرتسودان، بەڵام لە لایەنی دەروونییەوە ئاسوودە نین چونکە ئێمە لە خێزانەکەمان دوورین.

 

سەرەڕای بارودۆخی سەختی کۆچبەرانی ژنی سودانی کە دەژین، بەهای دراوی بیانی بەرامبەر بە جونیەی سودانی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، بەهای دۆلار گەیشتە ١٦٠٠ جونیە کە کاریگەری لەسەر بەهای کاڵا و شتومەک هەیە.

مامۆستایان بەهۆی شەڕەوە ناتوانن موچەکانیان وەربگرن

مامۆستا ڕەجا جەعفەر کە لە پارێزگای خەرتوم مامۆستایە، لە خەرتومەوە کۆچی کردووە دوای چەندین سەختی چووتە عەتبەرە لە باکووری سودان و لەوێشەوە بۆ بۆرتسودان و ڕایگەیاند کە لە ناوەندێکی پەناگەدا دەژی و ناتوانێت بارودۆخی سەختی ژیانی تەواو بکات، وتی:  ماوەی ٨ مانگە موچەمان وەرنەگرتووە، دەزانین کە بارودۆخی وڵاتەکە لە جەنگدایە و باش نییە، بەڵام کرێکارانی دەوڵەت دەبێت بارودۆخێکی تایبەتیان هەبێت.

"دۆخی ژیانمان خراپە"

سومیە حەسەن، کە تەمەنی ٥٠ ساڵی تێپەڕاندووە، ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی قەیرانەکە ڕووبەڕووی نادڵنیایی بووەتەوە نازانێت چی ڕوودەدات، داوای لە هەردوولا کرد قەیرانەکە بوەستێنن و وتی: لە ژیان ماندوو بووین، دۆخی ژیانمان خراپە.

 

سولافە حامد ئەحمەد ئەلبەداوی کە خۆبەخشانە کار بۆ ڕێکخراوی فریاگوزاری دەکات وتی: کۆچکردنمان زۆر سەخت بوو، دوای ئەوەی خەرتووممان بەجێهێشت، ڕووبەڕووی ژیانێکی سەخت دەبینەوە بە هیوای ئەوەی ئاشتی و سەقامگیری بەدەستبهێنن و هەموو سودانییەکان بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.