ژنان لە ئامەد لە چالاکیەکانی ٨ی ئاداردا هاوار بۆ ئاشتی دەکەن
لە ئامەد، ژنان لە ٨ی ئادار لە مەیدانی وێستگە کۆدەبنەوە و شان بە شانی یەکتر بۆ ئاشتی دەوەستن، لە پێش کۆبوونەوەکە کە هێشتا ئامادەکارییەکان بەردەوامن، ئەندامانی دەستەی ڕێکخەر وتیان: لەگەڵ خەباتی ئاشتی و ناسنامەدا لە گۆڕەپاندا دەبین.

مەدینە مامەدئۆغلو
ئامەد -ژنان لە شارەکانی باکووری کوردستان کارەکانیان خێراتر کردووە بۆ ئەو کردار و بۆنانەی کە لە ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنان ئەنجامی دەدەن، لە زۆر خاڵدا ژنان؛ کۆبوونەوە و ئاهەنگ و بۆنە ڕێکدەخەن. ئەمساڵ بە پێچەوانەی ساڵانی ڕابردوو ژنان بە جۆش و خرۆشی بانگەوازەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" ڕوو لە شەقامەکان دەکەن، ژنان لە نێوان ٧-٩ی ئاداردا لەو شوێنانە کۆدەبنەوە کە شارەوانییەکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی" بۆنە سازدەکەن، کۆتا کۆبوونەوە لە مەیدانی وێستگە بە دروشمی "ئێمە لە بەرامبەر ژنکوژی دەوستینەوە، بەرەو ئازادی دەڕۆین" لە ٨ی ئادار لە شاری ئامەد بەڕێوەدەچێت، کۆبوونەوەکە بە پێشنەگایەتی پلاتفۆرمی ژنانی دیجلە ئامەد (داکاپ) ئامادەکراوە.
ئەندامانی کۆمیتەی ڕێکخستنی کۆبوونەوەی ٨ی ئادار ڕایانگەیاند، ئامەد شاهیدی پڕ جۆش و خرۆشترین ئاهەنگی ساڵانی ڕابردوو دەبێت و ئەم ٨ی ئادارە خەبات بۆ ئاشتی و ژنان زیاتر بەهێزتر دەکات، لە ٨ی ئاداردا ژنان بە توندتر داواکارییەکانیان بۆ ئاشتی دەخەنە ڕوو، هاوکات دژی قەیرانی ئابووری و کاری ناجێگیر و توندوتیژی دژی ژنان و هەژاری قووڵیش دەنگ بەرز دەکەنەوە.
"ئێمە دژی ژنکوژی بەرەو ئازادی ڕێپێوان دەکەین"
ئەسرا چیچەک مەرجان، لە کۆمیتەی ڕێکخستنی کۆبوونەوەو ئەندامی دەستەی کۆمەڵەی ژنانی ڕۆزا ڕوونیکردەوە کە هەڵمەتێکی ٨ی ئاداریان لە ژێر چەتری داکاپ ئەنجامدا کە هەموو پێکهاتەکانی ژنانی شارەکەی لەخۆگرتبوو وتی: ئێمەی ژنان بڕیارمانداوە ٨ی ئاداری ئەمساڵ سەرەڕای بارودۆخی ئێستا بەو هیوایەین زیاتر خەباتدا بەسەر بەرین، هەرچەندە ئەجێندای ئێستای وڵات و زیادبوونی توندوتیژی دژی ژنان و هەژاری قووڵ و ژنکوژییەکان لەم پرۆسەیەدا تەحەدای ئێمە دەکەن، بەڵام بەردەوامین لە زیندوو ڕاگرتنی هیوامان، لە کاتی هەڵبژاردنی دروشمەکەمان بۆ ئەمساڵ زۆر بیرمان کردەوە و بە دروشمەکەمان سەرنجمان بۆ خەباتی ئازادی لە دژی ژنکوژی ڕاکێشا، کاتێک سەیری دەکەین، بەڕاستی ساڵی ٢٠٢٤ ساڵێک بووە کە تێیدا ژنکوژی زیادی کردووە، سەرەڕای ئەمەش ئێمەی ژنان بەردەوام بووین لە هاوارکردنی داواکارییەکانمان، بەو ئومێدە بەرەو ئاشتی و ئازادی دەڕۆین.
"سیاسەتەکانی حکومەت چارەسەر نین"
ئەسرا چیچەک مەرجان بە ئاماژەدان بەوەی کە لەبەرامبەر سیستمی ئیستغلالکردن و ئەو توندوتیژییە ئابوورییەی کە ژنان لە مەیدانەکاندا بەریکەوتوون هاوار دەکەن وتی: وەک دەزانن ساڵی ٢٠٢٥ بە ساڵی خێزان و بنەماڵە ناسێندرا، دەبینین ڕاگەیاندنی ساڵی بنەماڵە بە نیازێکی باش نییە، بەڵکو سیستمێکە کە پیاوان دەسەڵاتی تەواویان بەدەستەوەیە، کە ژن لە ماڵەوە زیندانی دەکات و هەوڵ دەدات ژن لە ماڵەوە بمێنێتەوە لە چوارچێوەی عەقڵیەتێکی پیاوسالاریدا، زۆر باش دەزانین کە پێناسەکردنی ساڵی بنەماڵە و ئەو کارانەی کە دەبێ لەسەر ئەم بابەتە بکرێت، چارەسەری ئەو کێشانە ناکات کە ژنان تووشی دەبن، ئەمڕۆ ژنان لە یەک کاتدا تووشی هەموو جۆرە توندوتیژییەک دەبن، گرنگترینیان توندوتیژی ئابوورییە، لە ٨ی ئاداری ئەمساڵدا جارێکی دیکە کاری نەبینراوی ژنان و پرۆسەی کاری ناجێگیر دەخەینە بەرنامەی کار، لەم کاتەدا جارێکی تر بەرەنگاری خۆمان بۆ مووچەی یەکسان و خەباتی خۆمان دژی ئیستغلالکردنی کرێکاری لە گۆڕەپانەکاندا هاوار دەکەین.
"با لە ناوچەی ٨ی ئادار بین و یادەوەریمان بپارێزین"
جانسەل تالای، ئەندامێکی دیکەی کۆمیتەی ڕێکخستن و ئەندامی دەستەی ناوەندی مافی ژنانی سەندیکای پارێزەرانی ئامەد ڕایگەیاند، کارەکانیان بە خێرایی بەردەوامە و ژنانیان بانگهێشتی ناوچەکان کردووە بۆ پاراستنی یادەوەرییەکانیان وتی: بەداخەوە ئەمساڵ ساڵێکی زۆر سەخت بووە بۆ ژنان، فشارە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکان زۆرترین کاریگەرییان لەسەر ژنان هەبووە. لە بەرامبەر ئەم وێنە ڕەشبینانە و لە کۆتاییدا دژی چارەسەری ژنان بۆ ئەم کێشانە، حکومەت ڕێڕەوی بۆ ‘ساڵی بنەماڵە دانا. بە پێچەوانەی هەموو پێشنیارەکانی چارەسەرەکانمانەوە، ئەم ڕێگایە بەداخەوە وێنەیەکی تاریک لە پێشمانەوە نیشان دەدات، هەروەها ڕێگریمان لێدەکات کە هیوامان بە داهاتوو هەبێت، زۆر باش دەزانین گرنگی ڕۆژانی وەک ٨ی ئادار و ٢٥ی تشرینی دووەم بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو ئەمانە و لە سەرووی هەمووشیانەوە بۆ بونیادنانی هاودەنگی یەک بین، بۆیە ئامانجمان ئەوەیە ٨ی ئادار ڕۆژێکی خۆش بێت کە هاودەنگی بۆ هەموو ژنانی شارەکە بکات، بەخێرهاتنی سەرجەم ژن و ژنانی گەنج دەکەین بۆ ئەوەی بە پاراستن و بڵاوکردنەوەی یادەوەریمان بچنە ناو هێزی کارەوە.
"ژنان لەگەڵ هەردوو ناسنامە و ڕەگەزدا خەبات دەکەن"
هەروەها ئارەزو کۆچ، سکرتێری ژنانی پەروەردە-سەن ی ئامەد لقی دوو ڕایگەیاند، کە ژنان بە شێوەیەکی بەهێزتر بەردەوامن لە درێژەدان بەو خەباتەی کە ٢٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەستیان پێکردووە، سیستم هەمیشە ئەم خەباتە وەک هەڕەشەیەک دەبینێت و لێی دەترسێت وتی: کاتێک بە تایبەتی سەیری دەکەین، خواستی ناچارکردنی ژنان بۆ پاشەکشەکردن بۆ ناو ماڵەکانیان لە شوێنە گشتییەکاندا، لە ئەنجامی ئەم ترسەیە، ژنان بە ئەنقەست وایان لێدەکرێت کە پابەندبن بە ئەنجامدانی کارێک لە ماڵەوە کە لە ڕاستیدا دەبێت لەلایەن خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئەنجام بدرێت، ژنانی کورد بە تایبەت ئەوانەی لە کوردستان دەژین، ئەمڕۆ هەم قەیرانی ئابووری و هەم لەگەڵ هەژاری ڕووبەڕوون. جگە لەوەش سیاسەتی شەڕی تایبەتی جددی و خەباتی ناسنامەیی بەڕێوەدەچێت.
"ئێمە ژیانێکی بێ ئیستغلال و دادپەروەرانەمان دەوێت"
ئارەزو کۆچ بە ئاماژەی لەوەی کە لە ٨ی ئادار جارێکی دیکە بانگەوازی ئاشتی دەکەن، وتی: ئەمڕۆ ئەوەی ئاراستە بەم خەباتە دەبەخشێت، دروشمی ‘ژین ژیان ئازادی’و بەرخۆدانی ژنانی ڕۆژئاوایە، ئەو شۆڕشەی لە ڕۆژئاوا ڕوویدا، نموونەیە بۆ ژنان لە هەموو جیهاندا، لەم خاڵەدا بە ڕێکەوت نییە کە ئەم فەلسەفەیە بە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە، بەو هێزەی لێرەوە وەریدەگرین، ئێمە وەک ژنانی ئامەد، لە ٨ی ئاداردا هاوار دەکەین بۆ ئازادی، جارێکی تر خەباتمان بۆ ئاشتی بەهێزتر دەکەین، ئێمە وەک ژن باشترین وەڵام دەدەینەوە بۆ ئەو عەقڵیەتە پیاوسالاری و نەتەوە-زاڵە کە بە دەنگی ئاشتی شەڕ دروست دەکەن، وەک ژن ژیانێکی بێ ئیستغلال و ئازاد و ئارام و دادپەروەرانەمان دەوێت.