بیرەوەرییەکی جوان بۆ هیوای ڕۆژانێکی ڕووناک
دوای ٣٤ ساڵ لە ڕاپەرین بەرامبەر ڕژێمی بەعس، پەیمان ئەبوبەکر یەکێک لەو ژنانەت کە زۆرترین قوربانی لە ڕاپەرینەکەی شاری کۆیەدا داوە، دەلێت: ژنان ڕۆڵی گەورەیان لە ڕاپەریندا هەبوو.

شیا کۆیی
کۆیە-۳٤ ساڵ بەسەر ڕاپەڕینی شاری كۆیە تیپەردەبێت، کە لە لەژێر دەستی ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆر ڕزگار کرا، بەڵام لە ئێستادا راپەرین ئەو داستانە نیە كەخەونی زۆرینەی میللەتی كورد بوو، لە ڕاپەڕینی كۆیە، وەك زۆربەی ناوچەكانی دیكەی كوردستان ژنان ڕۆڵی گرنگیان هەبووە، پەیمان ئەبوبەکر یەکێکە لەو ژنانەی کە زۆرترین قوربانی داوە و بە هەناسەیەكی ساردەوە وتی: خۆزگە لە یادی ئەو ڕۆژەدا بە گوڵێك بەسەر دەكراینەوە.
پەیمان ئەبوبەكر عومەر لە ساڵی ١٩٦٣ لە شاری كۆیە لە دایك بووە، ژنێکی شۆڕشگێری ئەو سنوورەیە، هەموو كات خۆی وبنەماڵەكەی گیان فیدابوون لە پێناو خاك ونیشتمان هەربۆیە چەندین جار لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە دەستگیر کراوەو بنەماڵەکەیان خاوەن ١٢ شەهیدە.
"بە جۆشەوە هاتینە سەر شەقام و بەشدارییمان لە ڕاپەریندا کرد"
پەیمان ئەبوبەكرعومەر لە بارەی ڕاپەرینەکەی ١٩٩١ بۆ (نوژنها) بیرەوەریەكانی گێڕایەوەو باسی لە ڕۆڵی ژن لەو ڕۆژەدا کردو وتی: لەم رۆژەدا ژنان ڕۆڵی گرنگیان هەبوو وبەشداری باشمان لە ڕاپەڕینەكەدا كرد، لە دەسپێكی ڕاپەڕین سەرەتا شێروان عەبدوڵا كە بە(شێرە خەپە)ناسرابوو ئەو سەرۆك شانەی راپەرین بوو هاتە لای بابم وتی "راپەڕین دەست پێدەكات و بابم وتی بەڵی دەزانم، كوڕەكان نامەیان بۆناردووم ئێمە هەموومان بەشداردەبین، بۆیە باوکم وتی ئێمە چوار ماڵەمان شۆفەڵی لێدراو كورەكانمان هەمووی كە ١٢ كەس بوون لەلایەن رژێمی بەعسەوە گولـلەباران كران و شەهیدبوون، هەر ئەوەش وایكرد زۆر بە گڕو جۆشەوە هاتینە سەر شەقام و بەشداریمان لە ڕاپەڕیندا كرد.
پەیمان ئەبوبەكر ئاماژەی بەوەشکرد، ژنەکان هاوکاری پێشمەرگەکانیان کردووە، پێش ئەوەی رۆژ بێتەوە راپەرین دەستیپێكرد كاتژمێر ٥:٠٠ بەیانی بوو لەماڵ دەرچون كە یەكەم تەقە دەستیپێكردو چوونە لای (مەنزومە) كە جێی مەلبەندی ئێستایە لەوێوە تەقەی زۆرییان لێكراوە وچەند كەسێك برینداربوون وكوژران، وتی: ئێمە بریندارەكانمان بردە ماڵی ستاری مزەمیت كە ئەوان ڕۆڵێكی زۆر زۆر گەورەیان هەبوو تا كاتژمێر نزیک ١٢ی شەو هاتینەوە، ئەوكات قشڵە مابوو نەدەگیرا وتەقەیان دەكرد هاوەنیان لەماڵەكانی كۆیە دەگرت، تا دواین سات ئەوانیش نەمان و كۆیە ئازادكرا، و من ١٢ی شەو گەیشتمەوە ماڵەوە.
ژنان لە ڕاپەریندا ڕۆڵی گرنگیان بینی
ئاماژەی بەوەشکرد، لەم رۆژەدا ژنان ڕۆڵی زۆر گرنكیان بینی و ژنەكانی لەگەڵم بوون ناویان ( توبە، شیلان عەودالانی، ست سویل) بوون و بەشێكی دیكەیان لە بنكەی سەرێی پیشمەرگە لای گەرەكی بایزاغا بەشداربوون كە یەك لەوانە كوردەخان بوو، چوومە ئازادی كۆمەڵێك ژنی دیكەی لێبوو وەك شەهلاو قەڵات حەسەن قەڵات دوو سێ سیلاحی لەشانی و لەملی كردبوو، وتم "قەڵات بۆ وادەكەی" وتی "من كەسم نەماوە ئەمڕۆ ڕۆژی ئێمەیە دەبێت تێبكۆشین ئەو جوندیانە لەناوبەرین" بەم جۆرە ئێمە خەباتمان كرد تا كوردستان ئازادكرا.
چ رۆژێک ناخوشترین وخۆشترین بوو بۆتو كاتی راپەرین؟
پەیمان ئەبوبەکر وتی: ناخۆشترین رۆژ كە ١٢ کەسمدەستگیركران و گولـلەباران كران و خۆشترین ڕۆژ كە كوڕەكانمان هاتنەوە بەسەربڵندی و ڕاپەرین دەستیپێكرد.
سەردەمی پیش ڕاپەرین ڕۆڵی ژنان چۆن بوو؟
سەردەمی بەعس ئێمە كۆمەڵێك كرێكاربووین لە كارگەی مافوری كۆیە (خۆم پەیمان بەكر وشەهێن حەمەدەمین ، درەخشان هەینی، شوكریەعەزیز...) لە ساڵی ١٩٨١ەوە كاری ڕێکخستنمان دەكرد و دایكی سێوەی كەدەهات لە كارگەی مافور میوەی بۆدەهێناین لەناو میوەكە نامەی رێكخستنی دەشاردەوە بۆیە بەڕێوەبەرەکەمان ئەمن بوو دەترساین.
لە خۆپیشاندانێك كە ساڵی ١٩٨٣ بوو ئێمە وەك ژنانی كارگەی مافور یەكەم دەوری هەبوو، هەمووش ژن بووین وبەشداربووین، ئەوكات یا شوكریە كوژرا ئەحمەدی مام عەبالی كوژرا، كچیكی دیكەی ماڵی مام سەیفەدینی كوژرا، دوای هەر وازمان نەهێنا كۆمەڵێكمان دەستگیركراین، لەناویان دكتۆرە گەزەنگیش گیرابوو تا پارێزگارهات لەبەردەم سەرا دەستگیر كرابووین و خەڵكی كۆیە هەمو هاتن بەرەو سەرا بۆیە ئێمەش ئەوكاتە ئازادكراین، بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو خەباتەی تا ئیستا كەس ئاوڕی لە ئێمە نەداوەتەوە وهیچ كەناڵێك سەردانی نەكردوین لەكاتێك دا كە كوڕەكانمان هاتنەوە لەخەم و خەفەتدا تووشی چەندین گرفت ونەخۆشی بووین.
بۆچی ١٥ ڕۆژ دەستگیر کرایت؟
کاتی خۆی گەر چالاكیت نەبوایە لە پیشمەرگایەتی وەرنەدەگیرای، ئێمەش كۆمەڵێك ژن بووین وەك درەخشان وشەهێن و سەباح سەعید وشوكریە چونكە زۆر ڕێکخستن بوین و بۆنی پیشمەرگەمان لێدەهات، یەكەم كەس من دەستگیركرام، ١٥ ڕۆژ ڕاگیرام و ٦ كاتژمێر لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ كردم ، پاشان وتیان بیبەن بۆماڵی مفەوەزعەبدوڵا دەستگیری بكەن چونكە برام ئەسیر بووم ئەگەر ئەسیرت هەبووایە لای حكومەتی بەعس نەدەبوو دەستگیربكرێی و ١٥ ڕۆژ دەستبەسەرکرام، دوای ١٥ ڕۆژەکە ئەوەی شكاتی لەمن كردبوو لە دادگا سوێندی خواردبوو كەمن بێتاوانم ئینجا ئازاد كرام، گەرنا منیش وەك ماڵە خاڵ و پورەكانم گولـلەباران دەكرام.
هۆكار چییە یادی ڕاپەرین وەك پێویست نییە بەشێوەیەكی لاواز ئەو یادە دەكرێتەوە؟
یادی ڕاپەرین و وكەمتەرخەمی حزب زۆر زۆرە بەداخەوە گەرنا ئێمە چوار ماڵمان شۆفڵی لێدرا، ئەو هەموو شەهیدەمان دا، كەس نەهات بڵێ چیتان پێویستە و تا ئێستا پرسیاریان لەنەوەكانمان نەكرد، بەڵام بەداخەوە ناتوانم هیچ بڵێم، لەڕێگەی سایتەكەتان داوادەكەم لە کێشەکانمان بپرسن كە ئێستا چەندین گرفتمان هەیە، راستە حوكمی ئازادیمان وەرگرت بەڵام خەممان زۆرتربوو هیچمان بۆ نەكراوە.