لە کۆبانی داگیرکەری تورکیا نەیتوانی ژنان لە سازدانی بۆنە و چالاکییەکانی ٨ی ئادار ڕابگرێت
ژنان لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دوای بەشداریکردنیان لە شۆڕشی ژنان کە لە ١٩ی تەمووزی ٢٠١٢ لە شاری کۆبانی دەستیپێکرد، زیاتر دەربارەی واتاو سروشت و گرنگی ڕۆژی جیهانی ژنان لە ٨ی ئاداردا ئاگاداربوون.

نورشان عەبدی
کۆبانێ- ژنانی کانتۆنی فورات لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دووپاتیان کردەوە کە بەشداریکردنیان لە شۆڕشی ژناندا وای لێکردوون کە ئەمڕۆ بە ئازادی و بێ ترس یادی ڕۆژی جیهانی خۆیان بکەنەوە، جەختیان لەوە کردەوە کە لە ڕێگەی خەبات و بەرخۆدانەوە هەموو ڕۆژێکیان دەکەن بە ٨ی ئادار.
ڕۆژی جیهانی ژنان کە دەکەوێتە ڕۆژی ٨ی ئادار، ڕۆژێکە بۆ داواکردنی ئازادی و یەکسانی بۆ ژنان هەر بۆیە لە ساڵی ١٨٥٧دا کۆمەڵێک ژنە کرێکار لە شاری نیویۆرک لە ئەمریکا، مانگرتنیان ڕاگەیاند،لە بەرامبەر ئەم مانگرتنەدا ١٢٩ کرێکاری ژن سووتێندران کە داوای ماف و دادپەروەری و یەکسانییان دەکرد.
" بۆ بەرخۆدان لەسەر ڕێگای ئازادی بەڵێنمان نوێ دەکەینەوە "
سەبارەت بە گرنگی ڕۆژی جیهانی ژنان بۆ ئەو، سەدیقە خلۆ، وتەبێژی ناوەندی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی لە شاری کۆبانی، ڕایگەیاند، ئەو ژنانەی ئەمڕۆ لە بەرەکانی پێشەوە لە بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ شەڕ دەکەن و بەرخۆدان دەکەن، مافی خۆیانە ڕۆژی جیهانی خۆیان بەرز ڕابگرن، ئەم ژنانە ئەڵقەیەکن لە زنجیرەیەک بەرخۆدان کە ژنان بە درێژایی مێژوو نیشانیان داوە، لە خەباتکردندا ناوەستن، ژنانی کۆبانی، بەرخۆدانی خۆیان سەلماندووە، ئەمڕۆش لە بەنداوی تشرین دەبینین کە بەرخۆدان دووبارە دەبێتەوە و ژنانی ئێمە سەرلەنوێ مێژوو دەنووسنەوە، بۆیە دەتوانین بڵێین هەموو ئەم بەڕێوەبردن و هێز و سەرکەوتنانەی کە ژنان بەدەستی دەهێنن، لە میراسی ڕۆژی جیهانی ژنانەوە هاتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێش شۆڕشی ١٩ی ئاب، ئێمە لەبارەی شتێکەوە بەناوی ڕۆژی جیهانی ژنان زانیاریمان نەبوو، ئێمە تەنها بۆ خزمەتکردنی پیاوان و پابەندبوون بەو داب و نەریتە ژیاوین کە مافەکانمان لە زەوت کرابوو، بەڵام دوای بەشداریکردنی ژنان لە شۆڕشدا، ئێمە ئەمڕۆ واتای بوونی خۆمان دەزانین و درکی پێدەکەین، هەروەها ئەو قوربانیدانانەمان زانی کە ژنان لە ٨ی ئادار داویانە.
سەبارەت بە ئەرکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی لە خەباتی ژناندا، وتی: هەوڵدەدەین بیرکردنەوە و ڕزگاری و شیکاری ژنان و چۆنیەتی سەلماندنی خۆیان و ناسنامەی خۆیان لەنێو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەدا بڵاوبکەینەوە، بۆ ئەم ڕۆژە ئێمەی ژنانی ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئاهەنگ دەگێڕین بۆ ئازادیی خۆمان و ڕۆژە نێونەتەوەییەکەمان بە سازدانی بۆنە و وتار سەبارەت بە ڕاستی ژنان و شێوازی ئاهەنگگێڕانمان لە ڕۆژە نێونەتەوەییەکەمان لە شۆڕشی ١٩ی ئاب کە بە پێشەنگایەتی ژنان لە ناوچەکانمان دەستی پێکرد”.
"سەدەی بیست و یەک دەبێتە سەدەی سەرکەوتنی ژنان"
لجین سالم، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لە شاری کۆبانی وتی: ٨ی ئادار ڕۆژێکە بۆ ڕزگاری و یەکسانی و دادپەروەری و دیموکراسی ژنان، و پشتڕاستی دەکەینەوە کە ٨ی ئاداری ئەمساڵ دەکەینە ڕۆژی سەرکەوتن و ئازادی و یەکسانی ئەم ڕۆژە گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ ئەو ژنانەی کە ڕاپەڕین و ناسنامەیەکیان بۆ خۆیان دروستکرد لە پێناوی داوای مافەکانیان و یەکسانی لە نێوان ڕەگەزەکاندا .
سەبارەت بە ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاش وتی: ئێمە واتای ڕاستەقینەی ڕۆژی جیهانی ژنانمان نەدەزانی، بەڵام دوای شۆڕشی ١٩ی تەمووزو دوای ئەوەی ژنان چەند هەنگاوێکی بەرەو پێشکەوتن و سەرکەوتنیان ناوە، زیاتر ئاگاداری واتاو گرنگی ئەم ڕۆژە بووین بۆ ئێمە.
ڕوونیشیکردەوە، یەکێک لە دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەوەیە کە ئێستا دەرفەتی ئەوەیان بۆ ڕەخسا داوای ماف و ناسنامەی خۆیان بکەن، ژنان توانیویانە کۆمەڵگە بەهەموو لایەنە سیاسی و سەربازی و کۆمەڵایەتییەکانی بەڕێوەببەن، هەموو ساڵێک لە سەرەتای مانگی ئادارەوە ژنان لە ناوچەکانمان دەست پێدەکەن بۆ پێشوازیکردن لە ڕۆژە نێودەوڵەتییەکەیان. هەرچەندە ئەمساڵ ناوچەکە ڕووبەڕووی هێرشی داگیرکاری تورکیا دەبێتەوە، سەرەڕای ئەوەش، ژنان لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا لە چالاکییەکانیان پاشەکشە ناکەن بەڵکو ئەم هێرش و دەستدرێژییانە ئیرادە بۆ بەردەوامبوون لە خەبات و بەرخۆدان زیاتر دەکات.
لجین سالم لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: کە شۆڕشی ١٩ی تەمووز هێزێکی لەناو ئێمەدا دروست کرد، ژنانی پێکهاتەی عەرەب بەهێزتری کردین بۆ ئەوەی بتوانین دان بە واقیعەکەماندا بنێین و بە ئازادی و سەرکەوتن جەژنی جیهانی خۆمان بگێڕین، لەسەر ئەو بنەمایە بەردەوام دەبین لە خەبات و بەرخۆدانمان، دەتوانین هەموو ڕۆژەکانمان بگۆڕین بۆ ئاهەنگ و سەرکەوتن.