دەنگی ژنانی ئەفغانستان: بژی هاودەنگی جیهانی ژنان!

ژنانی ئەفغانستان هەمیشە باسیان لە هاوپشتی و ئازاری هاوبەشی ژنان کردووە لە سەرانسەری جیهاندا و پێیانوایە تاکە ڕێگە بۆ ڕزگاربوونی ژنان لە ڕێگەی ئەم مەسەلەیەوەیە و دڵنیان کە خەباتی ژنان دەبێتە هۆی ڕزگاربوونیان.

 

بەهاران لەهیب

 

ئەفغانستان- ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان لە کاتێکدایە کە ساڵانە دەیان ژن دەبنە قوربانی و دەکوژرێن لە ئەفغانستان، ئەو ژنانەی لە ئەفغانستان لە شەڕ و تاوان لەدایک بوون و هەموو ژیانیان بە توندوتیژی فرە چین بەسەر بردووە، ئەم چەوساندنەوەیە لەلایەن کۆمەڵگە و بنەماڵە و حکومەتەکانەوە ئەنجامدراوە، بەڵام هەرگیز بچووکترین هەنگاو لەلایەن حکومەتەکانی ئەفغانستانەوە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری نەنراوە و هەمیشە هەوڵی داوە ئەو تاوانانە بە هەر نرخێک بێت بشاردرێتەوە.

 

زیاتر لە ٤٠ ساڵە ژنانی ئەفغانی ڕووبەڕووی دەستدرێژی بەکۆمەڵ و بێبەشبوون لە کار و خوێندن و لەدەستدانی ئازیزان و توندوتیژی خێزانی و بڕینی گوێ و لووت و خۆکوشتن و سووتاندنی زۆرەملێ و هەزاران تاوانی دیکە بوونەتەوە، بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین لیستی ئەو تاوانانە زۆر درێژە بۆ ئەوەی لێرەدا باسی بکەین.

 

بەڵام لەلایەکی ترەوە ژنانی هۆشیار بێدەنگ نەبوون و دەنگیان بەرزکردۆتەوە، تەنانەت ئەگەر گیانیشی فیدایی کردبێت، بەڵام بەردەوام بوون لە شەڕکردن دژی ئەو سیستەمە.

 

بە بۆنەی ٨ی ئادارەوە لەگەڵ لەیلا نەواب قسەمان کرد کە ژنێکی تەمەن ٦٠ ساڵە و لە کەناری ڕێگایەک لە کابول کەلوپەلی بچووک دەفرۆشێت، ژیانێکی سەختی بەسەر بردووە و بەردەوامە لە خەبات بۆ مانەوە، وتی: نزیکەی ٦٠ ساڵە ژیاوم، بەڵام لەم ماوەیەدا، جگە لە هەژاری و نەهامەتی هیچم لە دەوروبەرم نەبینیوە، ئایا ڕۆژێک هەیە بەناوی منەوە ناوی لێنراوبێت؟"

 

ماندوو بوو، دوای بێدەنگییەکی زۆر درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: کوڕەکەم پێش هاتنی تاڵیبان لە ڕژێمی پێشوودا کاری کردووە و ژیانێکی تاڕادەیەک باشی بۆ من و هاوژینەکەم و منداڵەکانی دروستکردووە. بەڵام کاتێک تاڵیبان هاتە سەر دەسەڵات، ڕۆژانە بە هەزار ترسەوە دەژیا، لە کۆتاییدا ناچار بوو پەنا بۆ ئێران ببات و لەو ڕۆژەوە هیچ هەواڵێکمان لێ نەبیستووە.

 

فرمێسک لە چاوەکانی لەیلا ڕژا، ماوەی دوو ساڵە لەگەڵ یەکێک لە کوڕەکانی لە کەناری ڕێگاکەدا کاری فرۆشتنی کردووە، هەموو ڕۆژێک ناچارە نزیکەی ٥٠ ئەفغانی بداتە نوێنەری تاڵیبان بۆ ئەوەی مۆڵەتی کارکردن وەربگرێت، وتی: تاکە هیوای من سێ منداڵی کوڕەکەمە. خۆزگە گەورە ببن و خوێندەوار بن و ژیانێکی باشتر بۆ خۆیان بونیاد بنێن، من و هاوژینی کوڕەکەم شەو و ڕۆژ هەوڵدەدەین بە هەر نرخێک بێت کە خوێندەوار بن.

 

یەڵدا ئەحمەد، پسپۆڕی دەروونناس و چالاکوانی مافەکانی ژنان، بەبۆنەی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان پەیامی ناردو وتی: وەک هەموومان دەزانین ڕۆژی ٨ی ئادار بە تێکۆشان و مانگرتن و تێکۆشانی ژنان بۆ بەدەستهێنانی مافە شایستەکانیان بەڕێوەچوو، ئەو پرسە گرنگ و بنەڕەتییەی ئەمڕۆ پێویستە ئێمەی ژنان لێی فێربین، ئەوەیە کە تەنها ژنان خۆیانن کە لەڕێگەی هاودەنگی و یەکڕیزییەوە دەتوانن زنجیرەکانی ستەم لە دەست و قاچیان بشکێنن، ئەمڕۆ ژنانی وڵاتانی وەک ئەفغانستان لە ژێر پێڵاوی خوێناویی گروپە نەزانەکانی سەدەی ناوەڕاستدا دەخرێنە ژێر پێ، یان ژنانی ئێران لەلایەن ڕژێمی لەسێدارەدانی شاهانە ڕادەستی فەوجەکانی مەرگ دەکرێن، یان ژنانی فەلەستین لە شەڕی نێوان زلهێزە ئیمپریالیستەکاندا خێزان و ماڵەکانیان لەدەست دەدەن، یان ژنانی کورد شەڕی چەکداری دەکەن و هەموو ڕۆژێک لە دژی تاوانەکانی داعش دەکوژرێن، یان ژنان لە زۆر شوێنی جیهان لە توندوتیژی و هەموو جۆرە ستەمێکدا دەژین، بە بۆچوونی من هیچ ڕێگەیەکی تر نییە جگە لە بەرەنگاربوونەوە و خەباتکردن و وەستانەوە بەرامبەر بە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە.

 

یەڵدا ئەحمەد لە کۆتاییدا هیوای بە خەباتی ژنان دەربڕی و وتی: دڵنیام ئەم خەباتەی ژنان دەبێتە هۆی ڕزگاربوونیان، بژی هاودەنگی جیهانی ژنان لە سەرانسەری جیهان! "بە هیوای سبەینێیەک بەبێ شەڕ و توندوتیژی.