پەروان لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان... دەنگی ژنان لە دڵی ستەم و هەژارییەوە

پارێزگای پەروان لە ئەفغانستان، ژنان سەرکێشی لە دژی بە مەترسییەکان، ئاڵەنگاری نادادپەروەری و هەژاری دەکەن لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا.

بەهاران لەهیب

 

پەروان-لە ژێر ئاسمانی پارێزگای پەروانی ئەفغانستان کە سروشتی سەرسوڕهێنەر لەگەڵ کارەساتەکانی هەژاری و ستەمدا یەکدەگرێتەوە، ژنان وەک هێمای بەرخۆدان و خۆڕاگری دەردەکەون. لەبەرامبەر کۆنتڕۆڵی تاڵیباندا، ژنانی پەروان سەرەڕای چەوساندنەوە و بێبەشبوون، هەڵگری ئاڵای ئازادییان هەڵبژارد، ویستی بەهێز و خۆڕاگری خۆیان لە بەرامبەر نادادپەروەریدا بیر دنیا هێنایەوە.

 

پەروان یەکێکە لە پارێزگاکانی باکووری ئەفغانستان، نزیکەی ١٠ قەزا و زیاتر لە ١٣٢٢ گوند پێکدێت. بە یەکێک لە سەوزترین پارێزگاکانی وڵات دادەنرێت، ڕووبارەکانی بەناوبانگی وەک پەنجشیر، قوربەند، شەتل، سالەنگ، کە سیمایەکی جیاواز بە ناوچەکە دەبەخشن. بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیای لەسەر ڕێگای ئاوریشم، گرنگییەکی مێژوویی بەدەستهێناوە کە وایکردووە بەدرێژایی سەدەکان ببێتە جێگەی سەرنجی پاشاکان.  ئەم پارێزگایە شایەتی دامەزراندنی یەکەمین کارگەی قوماش و یەکەمین بەنداوی کارەبای ئاوی لە وڵاتەکەدا بوو، ئەمە پێگەی خۆی وەک یەکێک لە گرنگترین ناوچەکانی مێژووی ئەفغانستان بەهێزتر کرد.

 

لە پەروان وەک زۆرێک لە پارێزگاکانی تری ئەفغانستان، دانیشتووان تێکەڵەیەکن لە هەمەجۆریی نەتەوەیی و گروپەکانی وەک پشتون و تاجیک و هەزارە پێکەوە دەژین. بەڵام لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا ئەم پارێزگایە گۆڕەپانی نائارامی و شەڕ و ململانێکان بووە، کە لە حکومەتی سۆڤیەت پاڵپشتیکراوەوە دەستی پێکردووە، لەڕێگەی گروپە جیهادییەکانەوە بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شا مەسعود و وقلب دين حکمەتیار، بە ڕژێمی تاڵیبان کۆتایی پێهاتووە. سەرەڕای ئەم قەیرانە بەردەوامانە، هێزە نەتەوەیی و پێشکەوتنخوازەکان لە خەباتیان ڕانەگرتووە و ژن و پیاو گیانیان بەخت کردووە بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی گەل.

 

لەگەڵ گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات لە ناوەڕاستی مانگی ئابی ٢٠٢١، شاری چەریکار، ناوەندی پارێزگای پەروان، شایەتحاڵی خۆپیشاندانی بەرفراوان بوو بە سەرکردایەتی ژنان، کە ئازایانە ڕووبەڕووی سەرکوتێکی توند بوونەتەوە و درێژەیان بە چالاکی دژە تاڵیبان داوە.

 

بەداخەوە ژنان لە ئەفغانستان لەژێر چەقی کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاری ڕەق و حکومەتە گەندەڵەکاندا دەژین. بە تایبەتی لە پارێزگای پەروان، ژنان خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییە سەرەتاییەکانی وەک نەخۆشخانە و ڕێگای قیرتاوکراو و ئاسانکاریە گرنگەکانی دیکەیان نییە. کاتێک سەردانی ئەم پارێزگایە دەکەیت، بە ڕوونی کاریگەرییەکانی هەژاری و بێکاری بە هەموو ڕووخساری دانیشتووانی ئەو پارێزگایە نووسراوە.

 

لەم دواییانەدا پەیامنێری ئاژانسەکەمان سەردانی گوندێکی ئەم پارێزگایەی کرد، بۆ تێگەیشتنێکی نزیکتر لە بارودۆخی دانیشتووان و بەتایبەت ژنان وەربگرێت. لەم سەردانەدا، جەمیلە نور، ژنێکی تەمەن ٥٥ ساڵان ناسی کە سەرەڕای ئەوەی تووشی چەندین نەخۆشی بووە، بەڵام لەسەر پارچە زەوییەکی کشتوکاڵی کە لە خزمەکانی بەکرێی گرتبوو بۆ دابینکردنی بژێوی خێزانەکەی، کاری دەکرد.

 

وتیشی: کوڕەکانم بەهۆی هەڕەشە بەردەوامەکانی تاڵیبانەوە ناچاربوون گوندەکە بەجێبهێڵن. ئێستا تەنها چەند پیاوێکی بەساڵاچوو لە گوندەکەدا ماون کە بەرپرسیارن لە بژێوی ژیانی خێزانەکانیان، یەکێک لە کوڕەکانم لەم دواییانەدا، دوای چەند جارێک لەلایەن تاڵیبانەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کرا، گوندەکەی بەجێهێشت.

 

لە سەردەمی حکومەتی پێشوودا زۆرێک لە دانیشتووان توانیان لە خزمەتگوزارییە سەربازی و ئاسایشیەکان کار بکەن، بۆ ئەوەی کەمترین ئاستی ژیانیان دەستەبەر بکەن. بەڵام ئێستا تاڵیبان ئەوانی وەک دوژمن دەستنیشان کردووە و ژیانیانی خستۆتە مەترسییەوە. زۆرێکیان ناچار بوون ماڵ و خاکی خۆیان بەجێبهێڵن و پەنا بۆ پارێزگاکانی تر یان وڵاتانی دراوسێ ببەن، کە لەوێدا خەبات دەکەن بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان.

 

جەمیلە نور ڕوونیشیکردەوە، بە کۆنترۆڵکردنی تاڵیبان، هەژاری لە گوندەکەمان بەشێوەیەکی بەرچاو خراپتر بووە، هاوڵاتیان زیاتر وابەستەی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بووە، خێزانیش هەن کە توانای یەک ژەمێکیان نییە، ژن و پیاو وەک کرێکاری بەکرێگیراو لەسەر زەویی هاوڵاتیانی دیکە کاردەکەن بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان.

 

ناوبراو ئاماژەی بە بەرخۆدانی ژنان کردو وتی: من و هاوژینەکەم لەسەر ئەو پارچە زەوییە کاردەکەین کە بەکرێمان گرتووە، ئەوەی گوندەکەمان جیادەکاتەوە ئەوەیە کە ژنان دەتوانن شانبەشانی پیاوان لە کێڵگەکاندا کاربکەن، هەرچەندە پیاوانی ئایینی دەستنیشانکراوی تاڵیبان بەردەوامن لە پەرەپێدانی ئەو بیرۆکەیەی کە نابێت ژنان لە ماڵەکانیان دەربچن، بەڵام هاوڵاتیانی گوندەکە ئەو بیرۆکانەیان قبوڵ نەکردووە و ناڕەزایەتییان بەرامبەر دەربڕیوە.

 

لە منداڵییەوە لەسەر ئەم زەوییانە گەورە بووم، هەروەک من ژنانی گوندەکە ناتوانن بەدرێژایی ڕۆژ لە ژوورەوە بمێننەوە، بۆیە بڕیارەکانی تاڵیبان کاریگەرییان لەسەر ئێمە نییە، تەنانەت ئەگەر هەموو جیهان بیەوێت ئازادیم بەرتەسک بکاتەوە، دەستبەرداری ئەم مافە نابم و بەردەوام دەبم لە کارکردن لە بواری کشتوکاڵدا.

سەرەڕای توندی بێبەشی و نادادپەروەری، هیوا بە زیندووی دەمێنێتەوە. چیرۆکی ژنانی وەک جەمیلە نور نەک هەر گوزارشت لە ئازار و مەینەتیەکانی گەلی ئەفغانستان دەکات، بەڵکو بەڵگەیەکی زیندوو بۆ جێگیربوون و خۆڕاگرییان.پارێزگای پەروان کە لە مێژە بەدەست ستەمەوە دەناڵێنێت، دەنگی بەرخۆدان لە دژی تاڵیبان، بەرگریکردن لە ئازادی بەردەوامە. ئەم دەنگانە لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا کاڵ نەبوونەوە، بەڵکو ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر بوون.