ڕۆژنامەنووسەکان ئەرکی ئەخلاقی و مێژوویی خۆیان بەجێدەگەیەنن
دوو ڕۆژنامەنووس لە پێناو خستنەڕووی ڕاستییەکان، ڕێگای هەقیقەت دەگرن و تا دوا هەناسە قەڵەم و کامێراکەیان بۆ خستنەڕووی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەکاردەهێنن، ئەوانیش جیهان بیلگین و نازم داشتانن، کە ١٩ی کانوونی دووەم بە ئامانجگیران.
سلێمانی
تاوانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە، لە دواین پێشهاتیشدا، رۆژی ١٩ی ئەم مانگە، هەردوو رۆژنامەنووس جیهان بیلگین و نازم داشتان، رۆژنامەنووسانی راگەیاندنی ئازاد لە هێرشێکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا لە سنووری کۆبانێ شەهیدبوون
شەهیدکردنی ئەو رۆژنامەنووسانە کاردانەوەی بەرفراوانی لەسەر ئاستی کوردستان و جیهان لێکەوتەوە و دوێنێش هەریەکە لە یەکێتی ڕاگەیاندنی ئازاد-یەرەئە و یەکێتی ڕاگەیاندنی ژن-یەرەژە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسییدا بە تووندی بەئامانجگرتنی ئەو دوو رۆژنامەنووسەیان شەرمەزار کرد و رایانگەیاند، دەوڵەتی تورک بەم هێرشانەی هەموو بەهاکانی کۆمەڵگە بە ئامانج دەگرێت و رۆژنامەنووسانی ئازاد دەکاتە ئامانج، کە ڕاستی داگیرکارییەکانیان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکەن.
رۆژنامەنووس جیهان بیلگین، پەیامنێری ئاژانسی هاوار نیوز بوو، لە هەرکوێیەک ستەم و نادادپەروەریی هەبوایە، بە مایکەکەی و زوومی کامێراکەیەوە لەوێ بوو
قەڵەمەکەی کردبووە سەنگەرێکی پتەوی بەرگریکردن لە ئازادیی و بەهاکانی ژیان، هەمیشە ئامانجی بوو تێکۆشانی ژن بکاتە مانشێتی کارە میدیاییەکانی.
ئەو لە ساڵی ١٩٩٦ لە شارۆچکەی مەدیادی سەر بە شاری مێردین لە باکووری کوردستان لەدایکبووە، قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندیی و ئامادەیی لە شارۆچکەی مەدیاد تەواو دەکات و دواتر لە کۆلێژی یاسا لە زانکۆی دیجلەی ئامەد وەردەگیرێت
وەک خۆی دەڵێت، لەوێوە ئاشنای راستییەکانی دوژمنانی گەلی کورد دەبێت و هێدی هێدی بەرەو تێکۆشانی ئازادیی هەنگاو دەنێت، ساڵی ٢٠١٤ لەپاڵ خوێندنی زانکۆ، دەست بە کاری راگەیاندن دەکات، سەرەتا لە رۆژنامەکانی ئۆزگور گوندەم و ئازادیی وڵات دەست بەکار دەبێت و بۆ ماوەی سێ ساڵ کاری بڵاوکردنەوەی ئەو رۆژنامانە دەکات، دواتر تێکۆشان لە راگەیاندنی ئازاد مەزنتر دەکات، لە ساڵی ٢٠١٧دا و روو دەکاتە رۆژئاوای کوردستان و لە ئاژانسی ئانها دەستبەکار دەبێت و تا شەهیدبوونیشی لەو ئاژانسە بەردەوام دەبێت لە تێکۆشانی راگەیاندنی ئازاد.
هاوکات نازم داشتانیش وەک گەڕیدەیەکی هەقیقەت، ماوەی ١٠ ساڵی رەبەق بە قەڵەم و کامێراکەیەوە لە سێ پارچەی کوردستان درێژەی بە کاروانی راگەیاندنی ئازاد دا، ئەو ساڵی ١٩٩٢ لە شارۆچکەی گیهادینی سەر بە شاری ئاگری لە باکووری کوردستان لەدایکبووە، هەر لە سەرەتای تەمەنییەوە درک بە ستەم و داگیرکارییەکانی سەر گەلی کورد دەکات و بۆ ئەوەش رێگای راگەیاندنی ئازاد بۆ رووبەرووبوونەوەی هێرشەکانی سەر گەلەکەی هەڵدەبژێرێت
ساڵی ٢٠١٤ لەگەڵ چڕبوونەوەی هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، نازم داشتان روو دەکاتە رۆژئاوا و سەرەتا لە عەفرین و دواتریش لە کۆبانێ داستانی بەرخۆدانی شەڕڤانان بۆ جیهان دەگوازێتەوە
دوای دەستپێکردنی بەرخۆدانی خۆبەڕێوەبەریی لە باکووری کوردستان لە ساڵی ٢٠١٥، شەهید نازم دەگەڕێتەوە بۆ باکوور و لە سلۆپیی رووماڵی بەرخۆدانەکە دەکات
دواتر و لە ساڵی ٢٠١٦ جارێکی دیکە روو لە رۆژئاوای کوردستان دەکاتەوە و بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە عەفرین، کۆبانێ، گرێسپی، شەنگال و باشووری کوردستان درێژە بە کاروانی راگەیاندنی ئازاد دەدات
لە سەروبەندی رووداوەکانی ئەمدواییەی سووریا و هێرشی سوپای تورک و چەتەکانی بۆ سەر باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، شەهید نازم بۆ ماوەی ١١ رۆژ سات بەساتی بەرخۆدانی شەڕڤانان لەدژی هێرشە داگیرکارییەکان لە منبج و پردی قەرەقۆزاق و بە تایبەت لە بەنداوی تشرین و ناوچەی سرین بۆ رای گشتیی و جیهان دەگوازێتەوە.
دوای بە ئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلەکەیان، لە کاتێکدا لەسەر ئەرکی ڕۆژنامەنووسیان بوون، لەسەر ئاستی کوردستان و جیهانیش، ژمارەیەکی زۆر لە رێکخراوەکانی بواری پاراستنی مافی رۆژنامەنووسان و توێژە جیاجیاکان، ئیدانەی بە ئامانجگرتنی ئەو دوو رۆژنامەنووسەی راگەیاندنی ئازادیان کرد و داوایان کرد، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی سنوورێک بۆ تاوانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دابنێت.