لە سوەیدا پێداویستییە سەرەتاییەکان بەردەست نین و قەیران بەردەوامە
ماوەی چەند ڕۆژێکە دانیشتووانی شاری سوەیدا لە باشووری سووریا بە قەیرانێکی سەختدا دەژین و پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک ئارد و سووتەمەنی بڕاوە.
ڕۆشێل جونیور
سوەیدا-دوای ئەوەی حکومەتی کاتی سووریا ڕێگری لە کاروانەکانی ئارد بەرنامەی خۆراکی جیهانی کرد بۆ چوونە ناو شاری سوەیدا، دانیشتووانەکەی تووشی کەمی خۆراک دەبن.
ئەم بڕیارە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی دانیشتووان هەبووە، ئازارەکانیان لەسەر هەموو ئاستەکان زیاتر کردووە، جا لەڕووی خۆراکەوە بێت یان بارودۆخی ژیانی بنەڕەتی.
یەکەم دەرکەوتنی ئەم قەیرانە کەمی نانە کە بەشێکی سەرەکی ژیانی ڕۆژانەی سوەیدایە، ئەمیرە زیب حەلح وتی:من موچەم نییە، دایک و باوکم کەمئەندامن، ناتوانن بەدەوری خۆیاندا بجوڵێن و ئەوەی پێویستیان پێیانە بەدەستیبهێنن، ئەمڕۆ نان نییە، سووتەمەنیان بڕیووە، خەڵکیش هیچ شتێکیان نییە پشتی پێ ببەستن، ئەو دەپرسێت ئەم هاوکارییە لە یونیسێفەوە هاتووە، کەواتە بۆچی دەیبڕن؟
"قەیرانە یەک لە دوای یەکەکان"
سانا باڵان باسی لە ئازارەکانی ڕۆژانەی خۆی کرد و وتی: دوو ڕۆژە بێ نان بووین، ئازارەکانمان بێئەندازەن، کۆچبەرین، نە غاز، نە گازۆیل، نە دار مان هەیە، ئێمە ڕۆژەکانمان بە گەڕان بە دوای ڕزق و ڕۆزیدا بەسەر دەبەین، نانەواخانەکانیش داخراون، منداڵەکان پێویستیان بە خواردن و خواردنەوە هەیە، ئێمەش بەدەست کەمی ئاو و کارەباوە دەناڵێنین، خەڵک پێویستمان بە هاوکارییە، دەبێت پێکەوە بوەستین و پاڵپشتی یەکتر بکەین.
"ئارد: قەیرانێکی دووبارەبووەوە کە کاریگەری لەسەر هەموو کەسێک هەیە"
رەبا عەبید، لە چێشتخانەی کرمل ئاستی ئەو فشارەی دانیشتووانەکەی ڕوونکردەوە و وتی: ئەمڕۆ ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورە بووینەوە، خەڵک داوای نان دەکەن، بەڵام ئارد بەردەست نییە، ئێمە هەندێکمان هەڵگرتبوو، بەڵام هەمووی نەماوە، تەنانەت لە ماڵەکانیشماندا، هیچ نانێک نەماوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆچی لەم شارەدا بەم شێوەیە مامەڵەمان لەگەڵ دەکەن؟ تەنانەت سەوزەواتیش بە ڕێژەیەکی کەم دەگاتە دەستمان، شەکریش بە کیلۆ دەدرێت بە خەڵک، ئەم منداڵانە چییان کردووە بۆ ئەوەی شایەنی ئەمە بن؟ شارەکە لە لێواری داڕماندایە، خەڵک نازانن چی بکەن، تەنانەت دارەکانی سووتەمەنیش لە دەرەوە دێت.
"گەرمکردنەوە و یارمەتی"
ئازاری دانیشتووانی سوەیدا بە هاتنی وەرزی زستان توندتر دەبێت، سوهیر مەسعوود وتی: دۆخەکە بەرگەی نەگیراوە، ڕۆژێک پێداویستیمان بۆ دابین دەکەن، ڕۆژی دواتریش دەیانبڕن، قەیرانی گواستنەوە زۆر سەختە، لە ماڵەکاندا گەرمکەرەوە نییە، لە نەخۆشخانەکاندا سووتەمەنی نییە، چۆن منداڵان لەم دۆخەدا بژین؟ چی ڕوودەدات ئەگەر ئەمە بەردەوام بێت؟.
دووپاتیشیکردەوە، نە سەوزە و ئارد و شیر بۆ منداڵان هەیە، هیچ شتێکی جێی متمانە نییە، سوەیدا بووەتە شارێکی لەبیرکراو، ئێمە تەنها داوای ئەوە دەکەین کە بە شکۆمەندیەوە لە ماڵەکانماندا بژین و کەسێک گرنگیمان پێبدات، ئێمە لە ڕابردوودا بەم شێوەیە نەبووین، هەرگیز نەگەیشتینە ئەم ئاستە.