ڕادیۆی دەنگی قودس دەستی بە پەخش کردەوە

ڕادیۆی دەنگی قودس لە دڵی شاری غەززەوە دەستی بە پەخش کردەوە، بوو بە یەکەم ڕادیۆ کە لە دوای ئاگربەستەوە بێدەنگی میدیایی بشکێنێت و دووپاتی کردەوە، کە ڕۆژنامەگەریی فەڵەستینی سەرەڕای بە ئامانجگرتن و شەڕ بێدەنگ نابێت.

نەغم کەراجە

 

غەززە- دوای وەستانی زۆرەملێ بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ بەهۆی شەڕەوە، ڕادیۆی دەنگی قودس نزیکەی هەفتەیەک لەمەوبەر دەستی بە پەخش کردەوە، ئەم وێستگەیە یەکەم وێستگەیە کە دەکرێتەوە و دەست بە کاری پیشەیی خۆی دەکاتەوە دوای ئەوەی ئاگربەستەکە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمە هەنگاوێکە کە کاریگەرییەکانی زیاترە لە تەنها دەستپێکردنەوەی پەخش، دەگاتە ئەو ئاستەی کە ناتوانرێت دەنگی فەڵەستین بێدەنگ بکرێت، گرنگ نییە بۆردوومانەکانی چەندە چڕ بێت یان چەند بینایەک داڕمێت.

 

ڕادیۆکە گەڕانەوەی بۆ بارەگا سەرەکییەکەی لە دڵی شاری غەززە هەڵبژارد، لەناو باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون کە لە لێواری داڕماندایە بەهۆی ئەو زیانە بەرفراوانەی پێکهاتەیی بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانەوە تووشی بوو، ئەم کارە پیشەییە مەترسیدارە، ستافەکەی لە دەستپێکردنەوەی کاری ڕۆژنامەوانی وەک پێش ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ ڕانەگرت، لە شارێکدا کە هێشتا وێرانەکانی تازەن، دەنگی ڕادیۆ هات بۆ ئەوەی ڕیتمی ڕۆژانەی ژیان ڕێکبخاتەوە، لە نێو داروپەردووی شەڕدا پەنجەرەیەکی هیوا بە گوێگران بدات.

 

تەسنیم بەحیسی، پێشکەشکاری ڕادیۆی "دەنگی قودس" کە دەنگی هاوواتای بەیانی هەزاران فەڵەستینییە، وتی: ساڵانێکی زۆرە لەو وێستگەیە کاردەکات، شەڕ هۆکاری نەبوونی لە پیشەکەدا نەبووە، بەڵکو دەرئەنجامێکی زۆرەملێ بووە لە دۆخێکی زۆر مەترسیداردا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ و دەستپێکردنی دەستدرێژییە بەربڵاوەکان، سەرەڕای بۆردوومان و هەڕەشەکان لە ڕۆژانی سەرەتاییدا بەردەوام بووم لە کارەکانم، چونکە پێمانوایە ئەرکی پیشەییمان پێویستی بەوەیە لە مەیدانەکەدا بمێنینەوە و ڕاستییەکان بگەیەنین، بەڵام لەگەڵ فراوانبوونی هەڵمەتەکان و چڕبوونەوەی ئامانجگرتن لەو ناوچەیەی کە وێستگەی ڕادیۆیی لێیە، بەردەوامبوون سەختە.

 

ڕوونیشیکردەوە، من ناچار بووم وەک هەزاران ڕۆژنامەنوسی دیکە و خێزانەکانیان بەرەو دیر بەلح لە باشووری کەرتی غەززە کۆچبکەم، لەوێش ڕووبەڕووی ڕاستیەکی سەخت بوومەوە، هیچ بارەگایەکی جێگرەوەمان نەبوو، هیچ سەرچاوەیەکی تەکنیکیمان نەبوو، هیچ مسۆگەرییەکی ئاسایشیشمان نەبوو، جگە لەوەش سوپای داگیرکەر بەردەوام بوو لە بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە ئاشکرا، لەبەرچاوگرتنی تەواوی جیهان و بێدەنگییە شەرمەزارکەرەکەی، وایکرد کاری ڕۆژنامەوانی ببێتە مەترسییەکی ڕاستەقینە بۆ سەر ژیان.

 

سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکان بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی پەخش لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، بەڵام بارودۆخی ئاسایش و لۆژستی وەک بەربەستێکی گەورە مایەوە، لەگەڵ جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە، بەڕێوەبەرایەتی ڕادیۆکە بڕیاری گەڕانەوەی دا، بڕیارێک کە تەسنیم وتی: سەرچاوەی گرتووە لە باوەڕێکی قووڵ بە ڕۆڵی میدیا لە کاتی کارەساتدا.

 

سەبارەت بەو ساتانە وتی: کاتێک ئاگربەست ڕاگەیەندرا، هەستمان کرد پەنجەرەیەکی بچووکمان هەیە بۆ ئەوەی هەناسەمان بگرێت، بەڵام نەماندەویست ئاگربەستی بێدەنگی بێت، بەڵکو ئاگربەستی کردار بێت، بۆیە بڕیارماندا وەک پێش ٧ی تشرینی یەکەم ٢٠٢٣ بگەڕێینەوە، بە هەمان ڕۆح و هەمان پابەندبوون بە خەڵکەوە.

 

تەسنیم بەحیسی وردەکارییەکانی یەکەم ڕۆژی گەڕانەوەی بۆ سەر کارەکەی بیر دێنێتەوە وبوتی: رێگای ڕادیۆکە ئاسان نییە، بیناکە وێران بووە، سەرکەوتنیش بۆی مەترسیدارە، لەگەڵ هەموو هەنگاوێکدا پێویستی بە وریایییەکی زۆر هەیە، بەتایبەتی کە وێستگەکە لە نهۆمی حەوتەمدایە، هەر جارێک کە بە پلیکانەکاندا سەردەکەوم، هەست بە قورسایی بەرپرسیارێتی دەکەم پێش ترسەکە، چونکە دەزانم کە دەنگم تەنها نوێنەرایەتی من ناکات، بەڵکو بینەرێکە کە چاوەڕێی ئەوەن ببیستن کە غەززە هێشتا لە ژیاندایە.

 

"دەستکەوتێک کە لە ناخی ئازارەوە لەدایک بووە”

جەختی لەوە کردەوە، کە سەرچاوەکان لەڕادەبەدەر سنووردار بوون، بەشێکی زۆری ئامێرەکان زیانیان بەرکەوتووە، کارەباکە جێی متمانە نەبووە، کوالیتی ئینتەرنێتیش خراپ بووە، بەڵام ئیرادەمان بەهێزتر بوو لە هەموو ئەوانە، ئێمە کارمان بەو شتانە کرد کە هەمانبوو، خۆمان ستۆدیۆکەمان ڕێکخستەوە، هەنگاو بە هەنگاو بەرنامەکانمان دەستپێکردەوە، بەتایبەتی ئەو نمایشە بەیانییەی کە خەڵک خوویان بە بیستنی ڕۆژانە گرتبوو، ئەوە لە پەخشدا ئاڵەنگاریەکی کەسی و پیشەیی بوو بۆ من کە بیهێنمەوە.

 

تەسنیم بەحیسی، کارکردن وەک پەخشکەر لە یەکەم ڕادیۆ کراوە کە دوای ئەوەی ئاگربەستەکە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، تەنها گەڕانەوە نییە بۆ کارێک، بەڵکو "دەستکەوتێکە کە لە ئازارەوە لەدایک بووە"، هەروەها دەستکەوتێک کە بە شوێن و ئامێرەکان ناپێورێت، بەڵکو بە توانای خۆڕاگری و بەردەوامبوون دەپێورێت، بوون لە هەوادا لەم کاتەدا، لەم شوێنەوە، پەیامێکە کە ڕۆژنامەنووسە فەڵەستینییەکە پاشەکشە ناکەن، وشەی ئازاد بەهێزترە لە بۆردوومانکردن.

 

دووپاتی دەکاتەوە، کە وەڵامی ئامادەبووان هاندەرێکی زیادە بووە بۆ بەردەوامبوون، هەروەها ئەو پەیامانەی دوای گەڕانەوە پێمان گەیشتبوو جوڵاو بوون، زۆرێک دەیانوت بیستنی ڕادیۆ هەستی بەیانی هێنایەوە، لەگەڵ هەستی ژیانی ئاسایی کە لێیان دزرابوو و ئەوە بە تەنها بەسە، بۆ ئەوەی ئێمە لەم ڕێگا مەترسییە بەردەوام بین.

 

گەڕانەوەی ڕادیۆی "دەنگی قودس" بۆ پەخشکردن لە باڵەخانەیەکەوە کە هەڕەشەی ڕووخانی لەسەرە، لە نەبوونی هیچ مسۆگەرییەکی پاراستن، کە ڕادەی ئەو پێشێلکارییانە ئاشکرا دەکات، کە ڕۆژنامەنووسان لە کاتی شەڕدا تووشی بوون، هەروەها پێشێلکارییەکان کە دەگاتە تاوانی بەڵگەدار بەپێی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان، بە ئامانجگرتنی دامەزراوە میدیاییەکان و ڕۆژنامەنووسان پێشێلکارییەکی ڕوونی ڕێککەوتننامەکانی جنێڤ پێکدەهێنێت کە مسۆگەری پاراستنی ڕۆژنامەنووسان وەک هاوڵاتی مەدەنی دەکات و ڕەنگدانەوەی شکستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە لە لێپرسینەوە لە تاوانباران.