لە نێوان ترس و هیوادا چیرۆکی کیشوەر مەولود هەیە کە دەبێت ببیسترێت
کیشوەر مەولود، ئەو ژنەیە کە ڕۆژێک ڕووبەرووی نەخۆشی شێرپەنجە بوو، بەڵام ئەمڕۆ وەک هێزێکی نوێ دەگەڕێتەوە ژیان.
میهرەبان سەلام
هەڵەبجە-ئەمڕۆ ٤ی شوبات، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەیە و چیرۆکی ژنان هەن کە دەبێت ببیسترێن، ئەم چیرۆکەی ئەمڕۆ باسی دەکەین تەنها خەم نییە، بەڵکو دەنگی ئارەزوو، ئارامگرتن و سەرکەوتنە؛ چیرۆکی ژنێک کە نەهێشت ترس بەسەریدا زاڵ ببێت، کیشوەر مەولود دایکی دوومندالە و لە هەڵەبجە نیشتەجییە، لەسالی ٢٠١٦ تووشی شێرپەنجەی مەمک بوو، بەجۆریک مەمکی بڕایەوە، بەلام دوو کوڕەکەی بوونە هیوا بۆی و لە ئێستادا نەخۆشیەکەی تیپەڕاندوەو بەهیواوە دەژی.
کیشوەر مەولود باسی ژیانی خۆی و ئەزمونی لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجەو تیپەڕاندنی نەخۆشیەکەی کردو وتی: لەسالی ٢٠١٦ هەستم بەوە کرد کە گۆی مەمکم لار دەبێت ، بە خوشکەکەم کە لەخۆم منداڵترە وت کە گۆی مەمکم لار دەبێت و وتی مەترسەو هیچ نیە، لەسەر قسەی ئەو گوێم پێنەدا هەرچەندە لێشی دەترسام.
"گرێ گرێبوونی سنگم وایلێکردم سەردانی پزیشک بکەم"
کیشور مەولود درێژە بە ئەزموونی ژیانی خۆی دەدات لەگەل نەخۆشیەکەو وتی: ڕۆژێک هەستم کرد گرێیەکی زۆر ناخۆش بەردەستم کەوت و چەند جارێک دراوسێکانم بانگ کردو پیشانم دان وتیان با بە خێرایی سەردانی پزیشک بکەین و پاش ئەوەی چوومە نەخۆشخانە دوای لێکۆڵینەوەو زەرع پێیان وتم دەبێت بە زووترین کات نەشتەرگەری بکرێت، ئیتر ئەوکاتە نەشتەرگەریەکەیان بۆ کردم بە پزیشکم وت ئەگەر سنگیشم ببڕی بیبرە بەڵام با هیچ گرێیەک بەجێ نەمێنێت، ئەم نەخۆشیە تا هەرجێگەیەک چووە دەریبهینە بۆ ئەوەی دووبارە دروست نەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد،نەشتەرگەری کردن بە قورسی تیپەڕیوەو وتی: پاش ئەوەی بە ئاگاهاتمەوە بینیم هیچم نەماوە و هیوادارم کەس ئەوە نەبینێت کەمن بینیم،وەک ئەوەی خەون ببینم، پاش ئەوەی دڵنیا بووم کە شێرپەنجەیە، لەوە ترسام بچمە نەخۆشخانەی هیوا، بەڵام بەناچاری ڕووم لە نەخۆشخانەکە کردو ئیدی بە ٩ جەلسە دەرزی کیمیایی قژ و برۆکانم کەوتن.
"بێ هیوا بووم بەڵام خۆم هیوام بەخۆم دەبەخشی"
بەشێکی خۆشەویست لای ژنان پرچیانە، کیشوەریش بەهەمان شێوە دەرزی کیمیایی هیندە قورس بووە لەسەر ژیانی قژ و برۆ و موەکانی جەستەی لەدەستداوە وتی : یەکەم دەرزی سەرم شت هەموو قژەکانم کەوتن و تەلەفونم بۆ براکەم کرد وتم قژم دەکەوێت و وتی ئەو هەموو قژە بەسەرتەوە بووە، وتم بەڵێ لە کیسەمان کردو هەڵمان گرتن پاشان، دوای قژم برۆکانیشم کەوتن و دوای ئەوە ١٥ لێزەرم کرد، ئەمەش قۆناغێکی قورس بوو، چیرۆکی ژیانی من دریژەی کیشاو خێزانەکەم بەردەوام لەگەلم بوون، من وتم ئیدی دەبێت خیزانەکەم نەیەن بەتەنها بۆ لێزەر دەچووم، دووبارە ژیامەوە و لە ئێستادا تەنها بە ئیش و کاری قورس دەستەکانم ئاوسانیان پێوە دیارە، بەردەوام پشتی لەژێر دەستم دادەنێم.
"لەبەر خاتری کوڕەکانم بەردەوام بووم و ژیامەوە"
کیشوەر باسی لەوەکرد کە دەبێت ئەوەندە ئازابیت بەسەر قسەی کۆمەڵگەو خەلک زاڵ بیت وتی: خۆشەویستی دوو کوڕەکەم شەنەو شەپۆل وایکرد بەردەوام بم چونکە ئەوان باوکیان نەبوو هەم دایک بوسم هەم باوک و وازم لێنەهێناون و ئیشم کردووە، پەیامم بۆ هەموو خوشکیک ئەوەیە پێشوەختە پشکنین بکەن و زووتر چارەسەری بکەن، بە چوار دەرزی نەجات دەبێت، ئەوەی تووش دەبێت مایەی ترس نییە، من کورەکەم گریا وتی دایکە سەیری خۆت کردووە خۆم باوەڕم بە نەخۆشیەکە هێناو وتم دەبێت ئاگامان لە دڵی دەوروبەریش بێت، هیوادارم کەس توش نەبیت و هەمیشە وتومە خوایە گیان بەس من ئەو دەرزیانە بەکاربهێنم.
کیشوەر مەولود لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد کە نەخۆشییەکە بڵاوەوە هەرکەس ڕەنگە تووش ببێت بەڵام دەبێت هیوا و ئومید هەبێت وتیشی: دووخوشکەکەم زۆر ناڕەحەت بوون ئەمەش بووە هیوا بۆمن کە وتم گرنگ ئەوەیە ئێوە نین، بەڵام ئێستا نەخۆشیەکەم تیپەڕاندووەو نەوەی خۆشمم بینی.