لەناو گەمارۆدا دەستپێشخەرییە ناوخۆییەکان بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ کۆچبەران ئامڕازێکی کاتی پێشکەش دەکەن

لەژ ێر ئەو گەمارۆیەی کە بەسەر کۆبانێدا سەپێندرا، دانیشتووانی شارەکە دەستپێشخەریی خۆیان دەستپێکردووە بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ ئەو کۆچبەرانەی کە لە کاتی هێرشەکانی ئەم دواییەی چەتەکانی هەتەشە پەنایان بۆ ئەو شارە بردووە.

سیلڤا ئیبراهیم

 

کۆبانێ-شاری کۆبانێ لە ژێر گەمارۆیەکی خنکێنەردا دەژی، ئاو و کارەبا و ئینتەرنێت و پێداویستییەکانی خۆراک پچڕاوە، بۆیە دانیشتووان داوای هەڵگرتنی گەمارۆ و دەستپێکردنەوەی چالاکییە بازرگانییەکان دەکەن.

 

لەناو ئەو گەمارۆیەدا، بە دەنگی مۆسیقای کوردی، دەستپێشخەریی "يد العون" "دەستی یارمەتی" بە سەرچاوەیەکی سنووردار کاردەکات بۆ دابینکردنی هاوکاری بۆ ئەو کۆچبەرانەی کە لە هێرشەکانی چەتەکانی هەتەشە لە ڕەققە و تەبقا و گوندەکانی کۆبانێیەوە کۆچدەکەن، سەرەڕای ئەو گەمارۆیەی بەسەر شارەکەدا سەپێنراوە.

 

دەستپێشخەری "يد العون" "دەستی یارمەتی" بۆ یەکەمجار لە ساڵانی پێشوودا دەستی بە کارە مرۆییەکانی خۆی بۆ خەڵکی شەهبا کرد و ئەندامەکانی توانیان لەو کاتەدا ٧٠٠ خێزان پەناگە بدەن، ئەمەش دووەمجارە هاوکاری ئەو کەسانە دەکەن کە لە کاتی هێرشەکانی ئەم دواییەدا پەنایان بۆ کۆبانێ بردووە، لە ئێستادا دەستپێشخەرییەکە ٢٥ ئەندامی هەیە، بەڵام کراوەیە بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت بەشداری بکات و هاوکاری پێشکەش بکات.

 

”پێداویستییەکان بەس نین بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خێزانەکان”

هەر لەو چوارچێوەیەدا، عەدلە ڕۆمی، ئەندامی دەستپێشخەری "يد العون" ”دەستی یارمەتی” وتی: ئەم دەستپێشخەرییە هەوڵێکی بنەڕەتییە لە لایەن خەڵکی کۆبانێیەوە، چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوەی شار. ئەو پێداویستیانەی دابەش دەکرێن ئەوانەن کە لە دوکان و فرۆشگاکان بەردەستن، وەک دەزانین بڕی پێداویستییەکان سنووردارە بەهۆی ئەو گەمارۆیەی کە بەسەر شارەکەدا سەپێنراوە، هەروەها بەتانی و دۆشەک دابەش دەکەین کە لەلایەن دانیشتووانەوە بەخشراون.

 

دووپاتیکردەوە، کە دەستپێشخەرییەکە لە ٢٤ی کانوونی دووەم دەستی بە چالاکییەکانی کردووە و لەم ماوەیە کورتەدا توانیویەتی هاوکاری ٤٠٠ خێزان بکات، هەروەها پێداویستی لە کۆبانێ ئێستا سنووردارە و پێداویستی هەموو خێزانە کۆچبەرەکان دابین ناکات، بەو پێیەی ژمارەیان لە هەزاران کەس تێدەپەڕێت، پێویستە دەستپێشخەریی زۆرتر هەبێت بۆ پاڵپشتیکردنی کۆچبەرانی کۆبانێ.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، دەستپێشخەری "يد العون" ”دەستی یارمەتی” دەتوانێت بۆ هەفتەیەکی دیکە هاوکاری پێشکەش بکات، بەڵام دوای ئەوە بەهۆی گەمارۆدانی بەردەوام، پێداویستییەکان تەواو دەبن، هەروەها پێشکەشکردنی هاوکاری بەتەنها بەس نییە بۆ پاڵپشتیکردنی کۆچبەران. هەڵگرتنی گەمارۆی سەر شارەکە و گەڕاندنەوەی چالاکییە بازرگانییەکان زۆر گرنگە، بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستای شارەکە.

 

لە کۆتاییدا، عەدلە ڕۆمی، ئەندامی دەستپێشخەری "يد العون" ”دەستی یارمەتی” بانگەوازی لە گەلی کورد کرد، تا گەمارۆی سەر شاری کۆبانێ هەڵبگیرێت، بڕژێنە سەر شەقامەکان، هەروەها کۆبانێ قەڵای بەرخۆدانە، شایەنی ئەوە نییە کە گەمارۆیەکی لەو شێوەیە بەسەریدا بسەپێندرێت و هیوادارین هەمووان بە هاودەنگی بوەستن بۆ شکاندنی ئەو گەمارۆی سەری.