"جیاکاری ڕەگەزی کاریگەری لەسەر تەندروستی دەروونی منداڵان دەبێت"

سەیران بەدەخشان، ڕاوێژکار و چالاکوانی مافی منداڵان دەڵێت: جیاکاری ڕەگەزی کاریگەری لەسەر تەندروستی دەروونی منداڵان هەیە، هەروەها پاشخانی زۆرێک لە نەخۆشییە دەروونییەکانی وەک خەمۆکی و دڵەڕاوکێ پێکدەهێنێت.

ژینۆ درەخشان

 

سنە-جیاکاری واتە مامەڵەی نادادپەروەرانە یان لایەنگری منداڵێک بەهۆی ڕواڵەت و تەمەن و ڕەگەز و چاوەڕوانییەکانی خێزان و بەهرە و هتد.

 

دایکان و باوکان لە تەمەنی منداڵیدا بەرکەوتەی ئەزموونی بابەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ کچانی ناو خێزانەکەدا بوون، چونکە دایکەکە شایەتحاڵی هەڵسوکەوتی دایک و باوکی بووە لەگەڵیدا و باوکەکەش شایەتحاڵی هەڵسوکەوتی دایک و باوکی بووە لەگەڵ خوشکەکەی و منداڵە کچەکانی ناو خێزانەکە، ئەوەی کە منداڵییدا بینیویانەو فێری بوون، لە تەمەنی گەورەییدا بەبێ هۆشیاری پراکتیزەی دەکەن، جا چ نەریتی بێت یان هاوچەرخ.

 

دیارترین ڕەفتارە جیاکارییەکان بریتیین لە ڕێگەنەدان بە مندالانی کچ بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ کەسانی نامۆ و خوێندن، زۆرکردن لە هەڵبژاردنی هاوژین و هەزاران سنووردارکردنی دیکە کە سەرچاوە و بناغەی توندوتیژی دژی ژنانن.

 

"جیاوازی ڕەگەزی ڕەگ و ڕیشەی لە بیروباوەڕی پیاوسالاریدا هەیە"

سەبارەت بە خراپترین جیاوازی دایک و باوک  بەرامبەر منداڵ، سەیران بەدەخشان، ڕاوێژکار و چالاکوانی مافی منداڵان وتی: جیاوازی ڕەگەزی ڕەگ و ڕیشەی لە بیروباوەڕی پیاوسالاریدا هەیە، بەشێکی زۆر لە دایک و باوکان دەبینین، کاتێک باس لە ڕەگەزی کۆرپە دەکرێت، دەڵێن "گرنگ نییە، بە مەرجێک دۆخی تەندروستی باش بێت" بەڵام له ماڵەوه هێشتا کوڕیان له کچان پێ باشتره ، پەسەندکردنێکە کە لە درێژخایەندا سەرچاوەی هەڵاواردنێکی ئازاربەخش و قەرەبوو نەکراوەیە، بە بڕوای من ئەم پەسەندکردنانە ڕەگ و ڕیشەی لە نەریتە کۆنەکان و بیروباوەڕی ئایینی کۆمەڵگە پیاوسالارەکاندا هەیە لە زۆر حاڵەتدا.

 

هەروەها دەربارەی ئەو ڕاستییەی کە ڕەگەز ناتوانێت سەرکەوتنی منداڵان دیاری بکات، وتی: ئەو خێزانانەی کە کولتوورێکی پیاوسالارییان هەیە و منداڵی کوڕیان هەیە، لە پەیوەندیکردن و هەڵبژاردندا زیاتر ئازادییان هەیە و لە دەرەوەی ماڵەوە چالاکییان هەیە، کاریگەری لەسەر گەشەکردنی کەسایەتی منداڵان بۆ نموونە لەم کولتوورەدا مافی کوڕە لە دەرەوەی ماڵ و لەگەڵ هاوڕێکانی بێت، بەڵام کچان دەبێت ملکەچی زۆرێک لە داب و نەریتەکان بن، لە زۆرێک لە ناوچەکاندا منداڵانی کچ و ژنانی گەنج هەن کە بەهۆی هەڵاواردنی ڕەگەزییەوە بێبەشن لە خوێندن، یان ئەو ژنانەی کە ڕێگەیان پێنادرێت بەشداری لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان بکەن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمەڵگەیەک کە تێیدا ژنان ئامادەیییەکی چالاکانەی کولتووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوورییان هەبێت، دەتوانێت ڕێگایەکی نەرمتر بگرێتەبەر بۆ گەیشتن بە گەشەکردن و خۆشگوزەرانی، بە پێچەوانەی کۆمەڵگەیەکەوە کە هێشتا منداڵەکانی لە کاتی لەدایک بووندا لە چەشنە کۆنەپەرستییە ڕەگەزییەکاندا تێوەگلاون، بۆیە ناتواندرێت دادپەروەری ڕەگەزی هەبێت.

 

"خێزان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە داڕشتنی تێڕوانینی منداڵ"

سەیران بەدەخشان وتی، منداڵان لە سەرەتای تەمەنیاندا پەیام سەبارەت بە ڕەگەزەکەیان لە دایک و باوکیانەوە وەردەگرن، کاتێک منداڵ دەبن یەکێک لە گرنگترین بابەتەکان کە بەداخەوە قسەی لەسەر ناکرێت، چەشنە ڕەگەزپەرستییە لە پەروەردەکردندا منداڵان، بۆیە خێزان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە پێکهێنانی دیدگای منداڵ بۆ ڕەگەزی بەرامبەر کاتێک کوڕێک داوای کڕینی بووکەڵە دەکات یان دەیەوێت یارییەکی چێشت لێنان بکڕێت، ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە دەبێتەوە کە "ئایا تۆ کچیت؟"، ژمارەیەکی زۆر لەو ڕستە جیاکارییانە هەن، کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ سیفەتەکانی تەمبەڵی و شەرمنی و هەستیاری بۆ کچان دەگەڕێننەوە، هەروەها سیفەتەکانی بوێری و هێز و شەڕانگێزی و دەسەڵات بۆ کوڕان دەگەڕێننەوە، لەگەڵ خێزانیشدا، کۆمەڵگەش بەشدارە لە گواستنەوەی ئەم چەشنە کۆنەپەرستانە، بۆ نموونە، لە کۆمەڵگادا نۆرمێکە کە شین بۆ کوڕانە و پێویستە خۆشیان بوێت، و نابێت ڕەنگی پەمەیی بەکاربهێنن چونکە ئەو ڕەنگە بۆ کچانە.

 

سەبارەت بە ڕادەی تەندروستی دەروونی منداڵان بەهۆی هەڵاواردنەوە، وتی: ئەگەر منداڵێکی کچ لە قوتابخانە ڕایبگەیەنێت کە ئارەزووی کارێکی چاکسازی، کارەبا، دارتاش و هتد، ڕێگری لێدەکرێت، بەم شێوەیە جیاکاری ڕەگەزی کاریگەری لەسەر تەندروستی دەروونی زیانبەرکەوتووەکە دەبێت و پاشخانێک بۆ زۆرێک لە نەخۆشییە دەروونییەکانی وەک خەمۆکی و دڵەڕاوکێ دروست دەکات.

 

سەیران بەدەخشان لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی توێژینەوەکان، جیاکاریی ڕەگەزی پەیوەندییەکی گەورەی لەگەڵ هەژاری و دواکەوتوویی لە کۆمەڵگەدا هەیە، ئەو ڕەفتارانەش بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن دایک و باوکی نەزانەوە ڕەوا دەبینرێت، لە کۆمەڵگەی پیاوسالاریشدا بەهێزتر دەبێت، کاریگەری لەسەر گەشەکردن و تەندروستی دەروونییان دەبێت و دەتوانێت کاریگەری لەسەر ڕەفتاری داهاتوویان هەبێت لە تەمەنی گەورەییدا.