هێزەکانی پاراستنی ژنان بيث نهرين؛ هێزێکی چالاکی ژنان لە بەرگریکردن لە خاک

بەشداری ژنان لە بەرگریکردن لە خاک و پاراستنی کۆمەڵگە پایەیەکی بنەڕەتییە بۆ پاراستنی ناسنامەی مێژوویی و پیرۆزییە ئایینییەکان، هەروەها بوونیان هاوسەنگی بەهێز دەکات و دەیانکاتە هاوبەشی کارا لە بڕیاردان.

ئەسما محەمەد

 

قامیشلۆ- هێزەکانی ژنان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە پێشەنگایەتیکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و بەرگریکردن لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و پاراستنی کۆمەڵگە، هەروەها بەشدارن لە پاراستنی ناسنامەی مێژوویی گەلانی ناوچەکە و بەهێزکردنی هاوسەنگی و هاوبەشی نێوان هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا.

 

هێزەکانی پاراستنی ژنانی "بيث نهرين" کە بەشێکە لە قەسەدە، نموونەیەکی ناوازەی هێزێکی ڕێکخراوی ژنانە، کە لە ساڵی ٢٠١٥ دامەزراون لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی داعش کە لە ساڵی ٢٠١٣ بۆ سەر گوندەکانی کریستیانی بەدرێژایی ڕووباری خابور دەستیپێکرد و ژنان و کۆمەڵگەیان کردە ئامانج بە جۆرەها توندوتیژی و دەستدرێژی و کوشتن.

 

لەو کاتەوە ئەم هێزانە بوونەتە ئاماژەی بەرخۆدانی ژنان و هێزێکی سەربازی چالاک کە هەوڵدەدەت بۆ پاراستنی خاک و کۆمەڵگە و شوناسی مێژوویی و ئایینی خەڵک، هەروەها بەرەوپێشبردنی ئاسایش و سەقامگیری بۆ هەموو پێکهاتەکان.

 

"بە ئامانجگرتنی گوندەکانی کریستیانی"

ئەو ڕووداوە دڵتەزێنانەی لە ساڵی ٢٠١٣دا لە گوندەکانی خابور بەدیکران، تەنها ڕووداوی گۆشەگیر نەبوون، بەڵکو ئاماژەیەکی ڕوون بوون بۆ پێویستی بەپەلەی هێزێکی ڕێکخراوی ژنان کە توانای پاراستنی ژنان و کۆمەڵگە و خاکی هەبێت لە هەموو هەڕەشەیەک، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی ئەم هێزی ژنانە، مەبەست لێی وەک ئاماژەی بەرخۆدان و هێزێکی سەربازی تایبەتمەند کە تایبەتە بە بەرگریکردن لە ماف و شکۆمەندی و پاراستنی شوناسی مێژوویی و ئایینی گەل.

 

نورسریان، وتەبێژی هێزەکانی پاراستنی ژنانی "بیث نهرین"، جەختی لە ڕۆڵی ناوەندی ئەو هێزانە لە پاراستنی کۆمەڵگە و دەستەبەرکردنی بەشداری چالاکانەی ژنان لە بەرگریکردن لە نیشتمان و داڕشتنی داهاتووی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کردەوە.

 

دووپاتیشی کردەوە، کە بوونی ژنان لە سەربازیدا ئیتر بژاردە نییە، بەڵکو پێویستییەکی ستراتیژییە بۆ مسۆگەرکردنی هاوسەنگی کۆمەڵایەتی و سەقامگیری دۆخی ئاسایشی و سیاسی.

 

"ڕۆڵی سەربازی هێزی ژنان"

دامەزراندنی هێزەکانی پاراستنی ژنانی "بیث نهرین"، ڕووداوێکی زوو تێپەڕ نەبوو، وەک نورسریان ڕوونیکردەوە، بەڵکو دەرئەنجامی تێگەیشتنێکی ڕاستەقینە و کردەیی بوو لە پێویستی بەهێزکردنی ژنان بۆ بەرگریکردن لە خۆیان و کۆمەڵگەکانیان و خاکەکەیان، ئەمەش دوای هێرشە ڕاستەوخۆکانی داعش کە ژنانیان کردە ئامانج.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە هێزی ژنان تەنها هێزێکی سەربازی نییە، بەڵکو ئاماژەی بەرخۆدان و هاوپشتی ژنانە، هەروەها ئەم هێزانە ڕەنگدانەوەی ئیرادەی ژنانن بۆ پاراستنی کۆمەڵگەکەیان و پاراستنی ئەو بەها و بنەمایانەی ئێمە وەک گەلێک پێناسە دەکەن، ڕۆڵی سەربازی هێزەکان بریتییە لە بەرگریکردن لە خاک و ناسنامە و بەها مێژوویی و ئایینییەکان و پاراستنی ژنان و منداڵان، ئەم ئەرکانە هێزەکان دەکەنە توخمێکی ستراتیژی لە بەرگریکردن لە کۆمەڵگە و پاراستنی مافەکانی، هێزەکانی ژنان دوو بەرپرسیارێتییان لە ئەستۆدایە کە بریتین لە بەرگریکردن لە خۆ و پاراستنی کۆمەڵگە، هەروەها جەخت لەسەر ڕۆڵی خۆیان دەکەنەوە لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی هاوسەنگدا کە توانای بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگەکانی داهاتووی هەبێت.

 

"ئامادەیی سەربازی و بەرگری کۆمەڵگە"

نورسریان ڕوونیشیکردەوە، ئامادەیی بەردەوامی هێزەکان بەردی بناغەی ئامادەکارییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هەڕەشەیەکی کتوپڕ، جا چ لە بواری سەربازی، کۆمەڵایەتی یان پەیوەندیی میدیایی بێت، وتیشی: ئەم ئامادەییە هێزەکانی ژنان دەکاتە توخمێکی کاریگەر لە وەڵامدانەوەی خێرا و پاراستنی خەڵکی مەدەنی و کۆمەڵگە بە گشتی.

 

"خولی پەروەردەی سەربازی و فیکری"

ئەو مەشق و خولانەی کە هێزەکانی "بیث نهرین" ئەنجامی دەدەن، هەمەچەشن و هەمەلایەنە و خولی پەروەردەی سەربازی و هزری و سیاسی و ڕێکخراوەیی لەخۆدەگرێت، ئامانجی ئامادەکردنی ژنانە بۆ بەرگریکردن لە دۆزی خۆیان و تێگەیشتن لە سروشتی ئەو ململانێیەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، وتی: ئەمڕۆ بەرگری لە هێزی جەستەیی سنووردار نەماوە، بە پلەی یەکەم بابەتی هزری و ستراتیژییە، هەڤاڵانمان مەشق و خولی پەروەردە دەکەن لەسەر چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی شەڕی دەروونی و کۆمەڵایەتی و میدیایی، هەروەها چۆن پابەندبن بەو بنەما و بیرۆکانەی بەرگرییان لێدەکەن پێش ئەوەی تەنانەت چەک هەڵبگرن.

 

ئەم خولانە، وەک خۆی ئاماژەی پێدەکات، ژنان بەهێز دەکات بۆ بەرخۆدان لە بەرامبەر ئاڵەنگاریەکاندا و ڕۆحی دەستپێشخەری و بەرپرسیارێتی پەروەردە دەکات، ئەمەش وایان لێدەکات ببنە توخمێکی کاریگەر لە پاراستنی کۆمەڵگەدا، هەروەها پەرە بە تواناکانی پێشەنگایەتی و ڕێکخراوەیی و دیسیپلینی سەربازییان دەدات، بەهێزیان دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی سەختترین و ئاڵۆزترین دۆخەکان.

 

"دیسپلینی سەربازی و بەشداری ژنان"

ڕوونی کردەوە، کە دیسیپلینی سەربازی ژنان ڕەگ و ڕیشەی لە سروشتی خۆیاندا هەیە، ئەوان توانای پابەندبوون بە یاسا و دیسیپلین خێراتر و بەردەوامتر لە پیاوان نیشان دەدەن، بەتایبەتی کاتێک پەیوەست بێت بە بنەمایەک یان دۆزییەکەوە کە باوەڕیان پێی هەیە پێویستی بە کاریگەری سەربازی هەبوو، سەرکەوتووبوون لە ئەرکە ئاڵۆزەکاندا ئەم دیسیپلینە ژنان دەکاتە هاوبەشی ڕاستەقینە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازی و کۆمەڵایەتییەکان و هاوسەنگی بەردەوام لە نێوان بەشداریکردنی ژنان و کاریگەریی لە بەرگریکردن لە کۆمەڵگەدا مسۆگەر دەکات.

 

"گشتگیری و ئازادی بەکۆمەڵ''

هێزەکانی پاراستنی ژنانی "بیث نهرین"ی بە هێزێکی گشتگیر پێناسە کرد کە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگە لەخۆدەگرێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئازادی تاکەکەسی ژنان پەیوەستە بە ئازادیی بەکۆمەڵی هەموو ژنانی کۆمەڵگەوە، وتی: ئەگەر ژنێک ئازاد بێت و توانای بەرگری لەخۆی هەبێت، لەکاتێکدا ژنێکی دیکە لەو مافە بێبەش بکرێت، ئەوا ئازادی بەتەواوەتی بەدی نەهاتووە، کاردەکەین بۆ مسۆگەرکردنی ئازادیی هەموو ژنان، بەهێزکردنیان بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی کارا بەشداری بەرگری لەخۆیان و کۆمەڵگەکەیان بکەن، هەروەها بەدیهێنانی یەکسانی و دادپەروەری بۆ هەموو پێکهاتەکان.

 

ئەم ڕێبازە بە بڕوای نور سریان، یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی بەهێز دەکات و کۆمەڵگەیەک دروست دەکات کە توانای ئەوەی هەبێت پێکەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگەکان ببنەوە و هاوبەشی ڕاستەقینە لە نێوان هەموو پێکهاتەکانیدا بەدەست بهێنن.

 

''کۆردیناسیۆنی لەگەڵ قەسەدە''

هێزەکانی پاراستنی ژنانی "بیث نهرین" بەشێکن لە سیستەمی بەرگری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و لە ژێر چەتری قەسەدە کاردەکەن، ئەوان کۆردیناسیۆن لەگەڵ هێزە سەربازییەکانی ناوچەکە و هێزە ئاسایشییەکانی ناوخۆ دەکەن بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی هەموو پێکهاتەکان، وتی: ئەم کۆردیناسیۆنیە لێکتێگەیشتن لەنێوان هەموو پێکهاتەکان بەهێز دەکات، شوێنێک بۆ هاوکاری هاوبەش دروست دەکات، هەروەها هێزێکی یەکگرتوو دەکاتە هێزێکی یەکگرتوو کە توانای پاراستنی هەمووان هەبێت، هاوکات ڕێز لە داب و نەریتی هەر پێکهاتەیەک و مسۆگەرکردنی یەکڕیزی نیشتمانی یەکگرتوو، ئەم کۆردیناسیۆنە ڕەنگدانەوەی بەهای هاوبەشی و وادەکات هەموو پێکهاتەیەک بەرگری لە خۆی و کۆمەڵگاکەی بکات لە چوارچێوەی پاراستنی هەمەلایەنە بۆ هەموو گەل و خاک.

 

"ئەو ئاڵەنگاریانەی کە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە لە بواری سەربازیدا"

وەک هەر بوارێک، ئاڵەنگاری هەیە، نور سریان ڕوونیکردەوە، ڕەتکردنەوەی کۆمەڵگە دیارترینیان بوو، وتی: هەر لەسەرەتاوە ژنان ڕووبەڕووی ڕەتکردنەوەی کۆمەڵایەتی دەبوونەوە بەهۆی تێوەگلانیان لە بواری سەربازیدا، سەرچاوەکانیش هەندێکجار سنووردار بوون، لەگەڵ ئەوەشدا بە ئیرادە و کۆڵنەدان کارمان کرد بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاڵەنگاریانە، ژنانیش خۆیان لە هەڵمەتە سەربازییەکانی دژ بە داعش لە هول و شەدادی و ڕەققە سەلماندی.

 

ئاماژیکردەوە، ئەو ئەزموونانە پشتڕاستیان کردووەتەوە کە ژنان نەک هەر توانای بەشداریکردنیان هەیە، بەڵکو دەتوانن توخمێکی کاریگەر و چارەنووسساز بن لە هاوسەنگی هێز لەناو کۆمەڵگە و مەیدانی سەربازیدا.

 

"کاریگەری هێزەکانی ژنان لەسەر داهاتوو"

نورسریان دووپاتی کردەوە، کە بوونی هێزی ژنان کاریگەری درێژخایەنی لەسەر داهاتووی کۆمەڵگە هەیە، بوونی ژنان لە سەربازیدا ڕەنگدانەوەی هاوبەشییەکی ڕاستەقینەیە لە بەرگری و بونیادنانی داهاتوودا ژنان چیتر لە گۆڕەپانی سەربازیدا نەبوون نین، بەڵکو بوونەتە بەشدارێکی چالاک لە بڕیاردان و بونیادنانی کۆمەڵگە و دەستەبەرکردنی هاوسەنگی بەردەوام لەنێوان هەموو پێکهاتەکاندا، بەمەش مسۆگەری پاراستنی مافەکان و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو و بەردەوام.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ئامادەبوونە ڕۆڵی ژنان وەک هاوبەشی چالاک لە کۆمەڵگەدا بەهێز دەکات و پاراستنی بەردەوامی خاک و ناسنامە و بەهاکانی هەموو پێکهاتەکان لە داهاتوودا مسۆگەر دەکات.

 

''پەیامی بەهێزکردن بۆ هەموو ژنان''

لە کۆتاییدا، نور سیریان، وتەبێژی هێزەکانی پاراستنی ژنانی بێث نەهرین، پەیامێکی ئاراستەی سەرجەم ژنانی گەلی سریانی و ئاشووری و کلدان و هەموو پێکهاتەکانی سووریا کرد و وتی: ئەرکی ئەمڕۆمان بەرگریکردنە لە خاک و نیشتمان و مافەکان و کۆمەڵگە، هەموو ژنێک مافی ئەوەی هەیە بەشداری بکات و فێربێت و هاوبەشێکی ڕاستەقینە بێت لە بەرگریکردن لە نیشتمان و بونیادنانی وڵاتێک، کۆمەڵگەی دیموکراتی لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانییە، ئێمە دەنگی ئێوەین بۆ گەیاندنی پەیامەکە و دڵنیابوون لەوەی کە هەموو ژنێک بە ئازادی وشکۆمەندیەوە دەژی و بەشێکە لە هێزێکی چالاک کە داهاتوو بونیاد دەنێت.