'ئێمە یاساکانی دژە ژنانی تاڵیبان قبوڵ ناکەین"

ژمارەیەک لە پزیشکانی ناڕازی ئەفغانستان، ڕایانگەیاند، ئێمە لە هیچ هەڕەشەیەکی تاڵیبان ناترسین، ئەوان باش دەزانن کە ژمارەیەکی زۆر لە پزیشک و مامۆستای ژن هەن وانە بە کچانی خوار پۆلی شەشەم دەڵێنەوە، ئەگەر ناڕەزایەتییەکان دەست پێبکەن، ژنان دەرفەتەکە دەقۆزنەوە و

بەهاران لاهیب

 

کابول- دەسەڵاتدارانی تاڵیبان لە ئەفغانستان هەموو ڕۆژێک یاسا بۆ چەوساندنەوەی ژنان دەردەکەن و ناوەڕۆکی فەرمانەکانیان لە دوورەوە نیشان دەدات کە زیاتر بە کۆیلەکردنی ژنانە، ئەمەش ڕق و کینە و بۆچوونە دژ بە ژنانەکانیان دەردەخات.

 

لە کاتی باڵادەستبوونی تاڵیبانەوە، بۆ سێ ساڵ دەچێت کە ژنان بێبەش بوون لە کارکردن لە دەرەوەی ماڵ و خوێندن، تاکە بوارێک کە کاری تیادا دەکەن، بواری پزیشکییە، ئێستاش بەشێک لە مامۆستایان وانە بە کچانی خوار پۆلی شەشەم دەڵێنەوە.

 

لە ١٤ی حوزەیرانی ئەمساڵەوە بەپێی نامەیەکی مەلا هەیبەتوڵا ئاخوندزادە، ڕێبەری مەزنی ئەفغانستان، مووچەی سەرجەم ژنان بۆ پێنج هەزار ئەفغانی کەمکرایەوە، ئەم فەرمانە بووە هۆی ناڕەزایەتی ژمارەیەک ژن بەتایبەتی لە کەرتی تەندروستی چوار نەخۆشخانەی کابولدا بە ناوەکانی شێخ زەید ، پزیشکی ددان، تەندروستی منداڵان، وەزیر محمد ئەکبەر خان.

 

ساڵحە نیازی، پزیشکی یەکێک لە نەخۆشخانەکانە و دەڵێت: بەر لە ناڕەزایەتییەکە شاندێکمان ڕاسپارد بچین بۆ لای وەزیری تەندروستی و باسی ئەو کێشە ئابورییانە بکەین کە ڕووبەڕووی بووینەتەوە، وەزیری تەندروستی ئامادەنەبوو چاوی پێمان بکەوێت، ژمارەیەک بەرپرسی تری وەزارەت هاتن و سوکایەتیان بە شاندەکە کرد و هەڕەشەیان لێکردن کە ڕێگە بە ژنان نادەن کار بکەن، ئەوان وتیان پێویستە دڵخۆش بیت چونکە مۆڵەتی کارکردنت هەیە، ئەگینا پێویستمان پێت نابێت.

 

ڕەزا سەفا پزیشکێکی دیکەیە و دەڵێت: ناڕەزایەتیەکە لە نزیک نەخۆشخانەکەمان دەستیپێکرد، ئێمە لەگەڵ کارمەندە ژنەکانی چوار نەخۆشخانە ڕێککەوتبووین لەهەمان ڕۆژدا ناڕەزایی دەرببڕین، بەڵام تاڵیبان تۆمەتباریان کردین بە پێشێلکردنی یاسای شەریعەت و وتیان پێویستە زیندانی بکرێین.

 

نەفیسە فروغ ئاماژەی بەوەدا، کە جگە لەو سوکایەتییانە، تاڵیبان هەمیشە بە زیندانیکردن، ئەشکەنجەدان، کۆمەڵگەی نەریتی ئەفغانستان، لێدان و دەستدرێژی و دەستدرێژی سێکسی ژنان دەترسێنن، وتیشی: ئەوان درکیان بەوە کرد کە ئێمە لەم هەڕەشانە ناترسین، هەموومان پێویستمان بە مووچەی مانگانەی خۆمانە و لە هەمان کاتدا خەڵک بە تایبەت ژنان پێویستیان بە پاڵپشتی ئێمەیە، کار و پیشەکەمان ڕێگەمان پێنادات بترسین و واز لە ناڕەزایەتی بهێنین.

 

ئەو پزیشکە ژنانە لە کۆتاییدا ئاماژەیان بەوەدا، کە لە هیچ هەڕەشەیەکی تاڵیبان ناترسن، بە پێچەوانەوە دوای ناڕەزایەتیەکانمان، تاڵیبان بڕیارەکەیان پاشەکشە پێکرد و لە میدیاکانەوە هۆکارەکانی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی ژنی ڕاگەیاند.