بەهۆی پیشەکەیان و ڕەنگی پێستیان ژنانی پاککەرەوە پەراوێزخراون

ژنانی پاککەرەوە لە یەمەن لە هەلومەرجێکی سەختدا کاردەکەن و مووچەیەکی کەم وەردەگرن و لە سەرەتاییترین مافە یاساییەکانیان بێبەش دەکرێن.

ڕانیا عەبدوڵا

 

یەمەن - پیشەی پاککەرەوە بە یەکێک لە خراپترین پیشەکانی یەمەن دادەنرێت و زۆرینەی خەڵکی کۆمەڵگەی یەمەن بە کەمتر سەیری ئە کەسانە دەکەن کە پیشەیان پاککەرەوەیە، بۆیە هەموو ئەوانەی لە کەرتی پاککردنەوەی شەقام و شوێنە گشتییەکان کار دەکەن، پەراوێزخراون و بەهەمان شێوە بە توندوتیژییەکی ئاڵۆز دژی ژنانی پاککەرەوە چونکە هەم ژنن و هەم پێستیان ڕەشە.

 

کەرتی پاکوخاوێنی بۆ ژنانی پاککەرەوە

ژمارەی ژنانی پاککەرەوە لە یەمەن دەگاتە یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار ژن لە کۆی ژمارەی پاککەرەوەکان کە ژمارەیان ٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزارە لە وڵاتەکەدا، زۆربەی ئەو ژنانە لە کەرتی پاکوخاوێنی و پاککردنەوەی شەقام و شوێنە گشتییەکان، یان پاککردنەوەی ماڵەکان کاردەکەن، مووچەکەیان کەمە و ئەمەش وایان لێدەکات ژیانێکی شایستە نەژین، بەهۆی پێشێلکردنی مافە یاساییەکانیان و تەنانەت لە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتا و نەخۆشییەکاندا، لە سەختترین بارودۆخدا کاردەکەن.

 

ڕیم سەعید، کارگوزارێکی پاککەرەوەیە و ئاواتەکەی ئەوەیە کە چێژ لە ژیانێکی شایستە وەربگرێت لە ژینگەیەکدا کە بەهۆی ڕەنگی پێستیەوە جیاکاری نەکرێت، حەزی دەکرد، بچێتە قوتابخانە و خوێندن تەواو بکات، بەڵام خۆی و هاوتەمەنەکانی بەختی کەمتریان هەبووە لە چاو ژنانی تر، چونکە هیچ دەرفەتێکی تریان نەبوو جگە لە کارکردن بۆ دابینکردنی بژێوی پێویست.

 

ڕیم سەعید ماوەی ٩ ساڵە وەک پاککەرەوە لە شەقامی ئەلدەبوا لە شاری تەعز لە باشووری ڕۆژئاوای یەمەن کاردەکات، لە بەیانی زووەوە تا نیوەڕۆ بە پاککردنەوەی شەقامەوە سەرقاڵە و داهاتی دارایی لە ٦٠ هەزار ڕیاڵی یەمەنی تێناپەڕێت، کە دەکاتە ٥٠ دۆلار لە مانگێکدا، وتیشی: بەهۆی بارودۆخی خێزانەکەمەوە ناچارم بەردەوام کار بکەم، چونکە تاکە کەسم بژێوی خێزانەکەم دابین بکەم، چونکە دایک و باوک و پێنج منداڵم بەخێو دەکەم، ئەو مووچەیەی مانگانە وەریدەگرم، سەرەتاییترین پێداویستییەکان پڕ ناکاتەوە، بەڵام ناچارم کار بکەم بۆ ئەوەی تەنانەت بەشێکی کەمی خواردن و خواردنەوە دابین بکەم.

 

ڕیم سەعید بەدەست چەندین سەختی دەناڵێنێت، یەکێکیان ئەوەیە کە بەشێکە لەو گروپە پەراوێزخراوەی کە کۆمەڵگە بە کەمتر تەماشای دەکات، دووەمیشیان ئەوەیە کە لە کەرتی پاککردنەوەدا کار دەکات، کە بە یەکێک لە پیشە ناپەسەندەکانی یەمەن دادەنرێت، بۆیە لە ماوەی کارەکەی بەرکەوتەی جۆرەها قسەی ناشرین و توندوتیژی زارەکی و جەستەیی دەبێتەوە.

 

زەوتکردنی سەرەتاییترین مافەکان

غەدیر عەدانی، چالاکوانی کۆمەڵایەتی، باسی لەوەکرد، ئەو ژنانەی کە لە کەرتی پاککردنەوە کار دەکەن سەرەتاییترین مافەکانیان نییە و ژنانی پەراوێزخراون کە لەبەر ئەوەی ژنن و بەهۆی ئەوەی سەر بە چینێکن، جیاکارییان بەرامبەر دەکرێت، لە ماوەی کارکردنیان لەسەر شەقامەکان تووشی توندوتیژی زارەکی و جەستەیی دەبنەوە.

 

غەدیر عەدانی هۆکارەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی، زۆربەی کرێکارانی پاککەرەوە پەراوێزخراون، چونکە نەخوێندەواری لە نێویاندا بەربڵاوە، ئەم گروپە بێبەشن لە خوێندن بەتایبەتی ژنان و ژنانی پاککەرەوە منداڵەکانیان نانێرن بۆ قوتابخانە، بەهۆی ئەو هەژاری و چەوساندنەوەیەی ڕووبەڕووی بوونەتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "بێبەشکردنی ئەو ژنانەی لە کەرتی پاککردنەوەدا کاردەکەن لە مافەکانیان و پێنەدانی مافی پشووەکانیان، پێشێلکارییەکی جەستەیی گەورەیە بۆ سەر ژنان، هەروەها مووچەی مانگانە وەک سێکتەرەکانی دیکە وەرناگرن، زۆربەیان مووچەی ڕۆژانە وەردەگرن و هیچ بیمەیەکیشیان نییە".