ژنێکی لوبنانی بە حەزێک کە تایبەت کراوە بە پیاوان بەرەنگاری کۆمەڵگە دەبێتەوە

زۆرێک لە ژنان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا سەرەڕای ئەو زەحمەتی و ڕەخنە و ڕوانگە سەرسوڕهێنەرانەی کە بەدوایاندا دەکەون شایستەیی و باشی خۆیان سەلماند، بۆیە ئەزموونەکە بۆ ئەوان هێڵی ژیان و شکاندن بوو لە هەموو بەربەستەکاندا.

فادیا جومعە

 

لوبنان- تا ئەمڕۆش هەندێک لە پیشە و حەزەکان وەک پارێزگاری پیاوان لە کۆمەڵگەکاندا ماونەتەوە و بە بیرۆکە و داب و نەریتە کۆنەکان بەهێزکراون لەسەر بنەمای ڕەگەزپەرستی و جیاکاری ڕەگەزی، بەڵام ژنانێک هەن کە بە ویست و ئیرادەو بەرەنگاربوونەوە و ڕەتکردنەوەی سنووردارکردنیان لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا، حەزەکانیان بەرەوپیشبردووە.

 

فاتیمە کرشت خەڵکی شارۆچکەی قانا ئەل جەلیلە لە باشووری لوبنان دایکی چوار کچ و کوڕێکە، بۆ چەندین ساڵ کاری کرد بۆ یارمەتیدانی هاوژینەکەی و خێزانەکەی لە بەرهەمهێنانی سەوزە و دروستکردنی سابوون، بەڵام لەگەڵ خراپبوونی باری ئابووری و کاتێک هاوژینەکەی تووشی شێرپەنجە بووە، دابینکردنی پێداویستییەکان زۆر قورس بووە و زۆربەی ئەو پێداویستیانە دەکەوێتە سەر شانی فاتیمە.

 

"ئاسوودەیی دەروونیم لە ڕاوە ماسی و کەنار دەریایە"

فاتیمە کرشت هەر لە سەرەتاوە حەزی لە ڕاوە ماسی بوو، دەربارەی ئەوە وتی: چێژ و ئاسوودەیی دەروونی خۆم لەو کاتژمێرانەدا دەبینم کە لە کەنار دەریا بەسەری دەبەم.

 

دەربارەی دەستکردنی بە کارکردن ئاماژەی بەوەکرد لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٠ دەستی بەکارکردن کردووە بە ڕاهێنانی حەزی ماسیگرتن لە کاسبا، دوای ئەوەی تووشی دۆخێکی خەمۆکی بووە کە وای لێکردووە دەرمانی ئارامکەرەوە و هیپنوتیک وەربگرێت بۆ ماوەی چەندین ساڵ، وتیشی: دوودڵ بووم لەوەی بەرامبەر کەناری دەریا دابنیشم بەدوای شوێنێکدا بگەڕێم کە هەندێک ئاسوودەیی و ئارامیم پێ ببەخشێت، دەستم کرد بە فێربوونی ماسیگرتن، و چێژێکی زۆرم لەو حەزەم دۆزییەوە کە بە ڕێکەوت چاوم پێی کەوت، هەر کاتێک ماسییەکم دەگرت دڵخۆش دەبووم.

 

بەردەوامبوون و بەرەنگاربوونەوە

سەبارەت بەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕووی بووەتەوە، وتی: ڕووبەڕووی دژایەتییەکی گەورە بوومەوە لەلایەن براکانم و کۆمەڵگەوە، تەنانەت هاوژینەکەم بەهۆی ئەو ڕەخنە و ڕەتکردنەوەیەی کە ڕووبەڕووی بوومەوە کاریگەری لەسەر بوو، بەهۆی ئەوەی کە تاکە ژن بووم و ماسی گرتن تەنها بۆ پیاوانە لە ژینگە و کۆمەڵگاکەمان، بەڵام بە ویست و ئیرادەی بەهێزەوە گرنگیم بە هەموو ئەو ڕەخنانە نەدا کە ڕووبەڕووی بوومەتەوە، بەردەوام بووم لە کەناری باشووری کۆرنیچ لەگەڵ کوڕەکەم لەسەرەتادا، دواتر هاوژینەکەم و هەموو منداڵەکانم دەستیان کرد بە ڕاوکردنی ماسی لەگەڵم هەتا ئەو کاتەی خەڵکیش ڕاهاتوون بە سەیرکردنی ماسیگرتنم، بۆیە بووم بە بەشێک لە دیمەنی ڕۆژانەی کەنار دەریاکە.

 

پشتیوانی و بەخێرهاتن

فاتیمە کرشت ڕوونیکردەوە لەگەڵ هەبوونی نارەزایەتییەکان پشتیوانی و بەخێرهاتنی لەلایەن ڕێبواران و سەردانیکەرانی کەنار دەریاوە وەرگرتووە، ڕێز و پێزانینی نیشان دراوە بۆ ئەوەی دەیکات، وتیشی: هیچ جیاوازییەک لە نێوان ژن و پیاودا نییە جگە لە شێوەیەکی سروشتی و بە پێچەوانەوە پەیوەندی بە منەوە نییە و من جیاکاری ڕەت دەکەمەوە چونکە وەک ژنان توانای ئەوەمان هەیە هەموو شتێک بکەین.

 

فاتیمە کرشت لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: لە نەخۆشییەکەم چاکبوومەوە، هیچ سەرنجێکم نەدا بەوەی خەڵک چی دەڵێن و نەریتێکی لاواز و بیرۆکەی هەڵە، بۆیە داوا لە هەموو ژنان دەکەم شوێن نموونەی وەک من بکەون و بە بوێرییەکی بەهێزەوە بڕۆنە دەرەوە بۆ کارکردن و پەرەپێدانی حەزەکانیان.