پاسەوانە پیرەکە: "تاڵیبان ناچاری کردووم ژنکوژ بم"

ق. د. بە دەنگێکی هێمن دەڵێت: سێ کچم هەیە و هەرگیز پێم نەوتوون چی لەبەر بکەن و چی لەبەر نەکەن، بەڵام ئێستا من لەگەڵ کچانی تردا خراپ ڕەفتار دەکەم.

بەهاران لاهیب

 

کابول- لەم ڕۆژانەدا تاڵیبان لە بەشێک لە شارەکانی ئەفغانستان وەک کابول و بامیان ڕێگەیان بە هەندێک قوتابخانە داوە وانە بە زمانی ئینگلیزی بخوێننەوە، بەڵام بە چەندین یاسا کە پێویستە ستاف و قوتابیانی ئەو قوتابخانانە پابەندی بن، ئەگەرنا مەترسی دووبارە داخستنەوەی ناوەندەکان دێتەوە ئارا، هەندێک جاریش قوتابخانەکان بۆ ئەوەی دانەخرێن بەرتیلیان دەدایە تاڵیبان، سەرەتا لە ڕۆژدا کاتژمێری دیاریکراو بۆ پەروەردەی کچان تەرخان دەکرێت، جگە لەوەش خوێندکارانی کچ مافی ئەوەیان نییە لەبەردەم دەروازەی چوونە ژوورەوەی قوتابخانەکەدا بوەستن و دەبێت دەستبەجێ ناوچەکە بەجێبهێڵن؛ نابێ ژاوەژاو و پێکەنین بکەن؛ لە هەمووی گرنگتر پێویستە هەموو کەسێک حیجابێکی ڕەش لەبەر بکات و بەردەوام بێت لە بەکارهێنانی چارشێو و چەندین یاسای دیکە بەسەر کچان و ژناندا سەپێندراوە.

 

ئێستا هەموو قوتابخانەیەک ناچارە بە توندی ڕەچاوی ئەم یاسایە سەدەی ناوەڕاست و دژە ژنانە بکات، بە پێچەوانەوە هەموو کارەکانیان ڕێگرییان لێدەکرێت و مۆڵەتەکەیان هەڵدەوەشێتەوە، بۆیە بەرپرسی قوتابخانەکان ئەرکیان بە پاسەوانی دەروازەکان داوە کە ڕێگە نەدەن هیچ کچێک بێ حیجاب و چارشێوی ڕەش بچێتە ژوورەوە.

 

ق. د. پاسەوانێکی بە تەمەنە، کە بە ڕووخسارییەوە هەژاری و سەختی دەبینرێت، بەپەلە کچەکان ئاگادار دەکاتەوە کە لەچکەکانیان ڕابکێشن و قژیان بشارنەوە، هەندێک کچ بە هەڵە سەر و دەموچاویان دادەپۆشن و وادەزانن مامەڵە لەگەڵ ئەفسەرێکی ناسراودا دەکەن، هەندێکی تریش کە ئەم پاسەوانە دەناسن بە بێباکی یان بە پێکەنینەوە تێدەپەڕن، بەڵام ئەمجارە پاسەوانە پیرەکە بە تووڕەییەوە دەڵێت: "کچم بە تۆ دەڵێم، لەچکەکەت بکە"، بەڵام ئەم پیاوە ئەوەندە میهرەبانە تووڕەییەکەی زیاتر لە پاڕانەوە دەچێت نەک توڕەیی.

 

ق. د. بە دەنگێکی هێمن دەڵێت: سێ کچم هەیە و هەرگیز پێم نەوتوون چی لەبەر بکەن و چی لەبەر نەکەن، بەڵام ئێستا من بەم شێوەیە لەگەڵ کچانی تردا خراپ ڕەفتار دەکەم.

 

پاسەوانەکە باس لەوە دەکات، کە لە ڕۆژانی یەکەمدا زۆر گرنگی بە فەرمانی بەرپرسی قوتابخانەکە نەداوە و بە کچەکانی نەگوتووە سەر و دەموچاویان داپۆشن، بەڵام بەرپرسەکە بانگی دەکات و ئاگاداری کردووەتەوە کە ئەگەر جدی نەبێت ئەوا لە کارەکەی دوور دەخرێتەوە، ق. د. دەڵێت: کاتێک بە کچان دەڵێم حیجابەکەت بکێشە یان بۆچی چارشێوت لەبەر نییە، هەست بە شەرمێکی زۆر دەکەم، بەڵام چی بکەم؟ تاڵیبان ناچاری کردووم ژن کوژی بکەم.