دەیان گوندی سوەیدا لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بێبەشن

دەیان خێزان لە زۆربەی گوندەکانی شاری سوەیدای سووریا بەبێ کارەبا دەژین، ئەمەش کاریگەری لەسەر کارکردنی نانەواخانە و نەخۆشخانەکان دەبێت و لەگەڵ دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما، ئازاری خەڵک زیاد دەکات.

ڕۆشێل جونیور

 

سوەیدا- شارۆچکەی شەهبای سەر بە شاری سوەیدای سووریا، لە ٢٢ی کانوونی یەکەمەوە، بە تەواوی تووشی پچڕانی کارەبا بووە و ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی دانیشتووانەکەی کردووە، قەیرانەکە تەنها لە شەهبادا سنوردار نەبوو، بەڵکو بۆ ١٧ گوندی دراوسێ درێژبوویەوە، ئەویش دوای ئەوەی هێڵی کارەبای دابینکردنی ناوچەکە لە نزیک گوندی لغا لە لایەن هەتەشەوە کۆنتڕۆڵکرا، هەروەها بەهۆی بەردەوامی پێشێلکردنی ئاگربەست لە سوەیدا دانیشتوانەکەی زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.

 

ئەم پچڕانە بووەتە هۆی وەستانی پەیوەندییەکان و کاری نانەواخانەکان، هەروەها نەخۆشخانەی شەهبا لە خزمەتگوزاری دەرچووە و ژیانی نەخۆشەکان دەخاتە مەترسییەوە و ئازاری ئەو دانیشتووانە زیاد دەکات کە لە نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکاندا ڕووبەڕووی بارودۆخی سەخت بوونەتەوە.

 

کەندا مەحیساوی لە شاری شەهباوە وتی: ''ماوەی چەند ڕۆژێکە بێ کارەباین نەک تەنها لە شار بەڵکو لە گوندەکانیشدا، هەروەها ژمارەی گوندەکانی دەرەوەی خزمەتگوزاری زۆرە، هۆکارەکەشی وەکو دەردەکەوێت، دەگەڕێتەوە بۆ پێشێلکردنی ئاگربەست، کە بووە هۆی تێکچوونی کارکردن لەو ناوچانەی کە لەلایەن جیهادییەکانی هەتەشەوە کۆنترۆڵکراون، هەروەها تا ئێستاش ڕێگە بە چوونە ژوورەوەی وەرشەی چاککردنەوە نەدراوە، سەرەڕای ئەوەی مانگی سووری لەگەڵدا بووە، ئەمەش بەهۆی ڕەچاوکردنی لایەنی سیاسییەوە کە کاریگەری لەسەر هاووڵاتیان هەبووە''.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "هەموو هاووڵاتیان بەدەست هەمان کێشەوە دەناڵێنن، وەکو پچڕانی پەیوەندییەکان، نەبوونی ئینتەرنێت، هەروەها لەم کەشوهەوا ساردەدا گەرمکەرەوە نییە، تەنانەت پشت بەستن بە وزەی خۆر بەهۆی کەشوهەواوە قەیرانەکە چارەسەر ناکات، هەروەها نەخۆشخانەکەش لەخزمەتکردن دەرچووە و تەنها چەند کاتژمێرێک کاردەکات، ئەویش بەهۆی بەخشینی سووتەمەنی گازۆیل لەلایەن دانیشتووانەوە، نانەواخانەکانیش بەهەمان شێوە و ئاوی خواردنەوەش بەهۆی نەبوونی کارەباوە دەبڕدرێت.

 

جەختی لەوەش کردەوە: "هاوڵاتی زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، بەو پێیەی ئێمە لەژێر گەمارۆیەکی ناڕەوادا دەژین کە سنووردار نییە بە کارەبا، بەڵکو خۆراک و موچە و خزمەتگوزارییەکانیش دەگرێتەوە، لە ئێستادا لەبەردەم کێشەیەکی خراپترداین، بەو پێیەی گەمارۆکە گۆڕاوە بۆ شێوازی دیکە، بڕینی پەیوەندییەکان و ئینتەرنێت خەڵک لە یەکتر جیادەکاتەوە، هەروەها ترسی ئەوە زیاتر دەکات کە شارەکە بەر کێشە یان لەشکرکێشییەکان بکەوێت بەبێ ئاگاداربوونی هیچ کەسێک، هەروەها  تەواوی بوارگەلێک هەن کە ئێمە هیچیان لێ نازانین و ناتوانین پێی بگەین، ئەوانیش بەهۆی ئەم پەککەوتنەوە هیچ لەبارەی ئێمەوە نازانن، ئەم هەلومەرجە ترسێکی زۆری لای هاوڵاتیان دروست کردووە و کەس نازانێت ئەم قەیرانە چۆن کۆتایی دێت''.

 

''هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ژیانی خەڵک و پێداویستییە سەرەتاییەکان''

سەبارەت بە خەڵکی جەنینە، کە یەکێک لەو گوندانەی کە بەهۆی بەردەوامی قەیرانی پچڕانی کارەباوە زیانیان بەرکەوتووە و چەند ڕۆژێکیشە بەردەوامە، وتی: ''جەنینەش هاوشێوەی دەیان گوندی دیکەی سوەیدا کارەبایان لەدەستداوە، کە خەڵکەکەی خۆیان لە دابڕانێکی تەواودا بینیەوە دوای وەستانی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، وەکو پچڕانی پەیوەندییەکان و نەبوونی ئاو و پەککەوتنی نەخۆشخانە و کلینیکەکانی خزمەتگوزاری.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، قەیرانەکە چیتر تەنها پچڕانی کارەبا نییە، بەڵکو بووەتە "مەترسی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ژیانی خەڵک و پێداویستییە سەرەتاییەکان".

 

هەدی ئەکرەم عامر، دانیشتووی گوندی خالیدیە، دووپاتی کردەوە، "دۆخی ئێمە زۆر خراپە، لە ماڵەکانمان ئاوارە بووین و ئێستاش لە پەناگەی شەهباین و بەدەست پچڕانی کارەباوە دەناڵێنین، منداڵەکانمان بەهۆی تاریکییەوە ناتوانن بۆ تاقیکردنەوە بخوێنن، هەروەها هیچ گۆڕانکارییەک لە بەرژەوەندی ئێمەدا نییە، تەنانەت گەرمکەرەوەش بەردەست نییە، کارەباش بە تەواوی نەماوە".

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە باجی ئەو دۆخە سیاسییە دەدەین، کە ئێمە و منداڵەکانمان هیچ پەیوەندییەکمان پێیەوە نییە، پێشتر بە ڕادەی پێویست ئاوارەیی و سەختیمان بەسەردا هاتووە و ناتوانین هیچ شتێک بگۆڕین".

 

نەبیلە عادل، دانیشتووی شاری شەهبا، وتی: "دۆخی کارەبا زۆر خراپە، هەفتەیەکە کارەبا و ئاو نییە، تەنانەت پەیوەندی و ئینتەرنێتیش پچڕاوە، نەخۆشخانە و نانەواخانەکانیش بەهۆی ئەم پچڕانەوە تووشی کێشەی گەورە بوونەتەوە".