دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان ڵە تونس سستی دامەزراوەیی ئاشکرا دەکات

دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵێکی تەمەن سێ ساڵ لەلایەن گەنجێکەوە کە لە باخچەیەکی ساوایان کاردەکات لە گەڕەکی نەسر، ڕای گشتی تونسی هەژاندووە، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی بانگەوازەکان بۆ کۆتاییهێنان بە بێدەنگی لە بەرامبەر ئەو تاوانانە.

نەزیهە بوسعیدی

 

تونس- لە کۆمەڵگەکانی ئێمەدا چیرۆکی ئەو ئازارانەی کە توندوتیژی سێکسی بەرامبەر بە منداڵان دەیسەپێنێت بەردەوامە لە سەرهەڵدان و سستی سیستەمی ڕێکخستن و سستی وەڵامدانەوە دامەزراوەییەکان بۆ قێزەونترین پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ ئاشکرا دەکات، ڕووداوی ئەو منداڵەی لە باخچەکەیدا هەراسان کراوە، تەنها ڕووداوێکی گۆشەگیر نییە، بەڵکو بانگەوازێکی بەئاگابوونەوەیە کە بۆشاییەکانی پاراستنی منداڵ ئاشکرا دەکات و بەرپرسیارێتی دەخاتە ئەستۆی کامپە فەرمی و کۆمەڵایەتییەکان بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی خێرا، بێدەنگی یان بێکردەوەیی لە بەرامبەر ئەم جۆرە تاوانانەدا تەنها کولتووری بێ سزایی بەردەوام دەکات، لە کاتێکدا زیانلێکەوتووان و خێزانەکانیان بەردەوامن لە تووشبوون بە دەرئەنجامە دەروونی و کۆمەڵایەتییە قووڵەکان.

 

نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر منداڵێکی کوڕ لەگەڵ دایکیدا گەڕایەوە ماڵەوە، بەڵام دڵتەنگ و تووڕە بوو و بە ڕۆیشتنێکی قورس و نائاساییدا دەڕۆیشت، کاتێک دایکی لێی پرسی بۆچی دڵتەنگیت، وەڵامی دایەوە کە جارێکی تر ناچمە باخچەی ساوایان چونکە فۆتۆگرافەرەکەی ئەوێ ئازاری داوم.

 

بە پەنجە ئاماژەی بەو شوێنە کرد، بۆیە دایکی پشکنینی بۆ کرد و تووشی شۆک بوو کاتێک بۆی دەرکەوت کوڕەکەی ئازاری سێکسی دراوە، بۆ پشکنینی پزیشکی بردی بۆ لای پزیشک و دواتر سکاڵای لە وەزارەتی ژنان و منداڵان و بەتەمەنەکان تۆمار کرد، بەڵام ئەم ژنە بانگهێشت نەکراوە بۆ گوێگرتن لە لێدوانەکەی، هەروەها هیچ هەنگاوێکیان نەگرتەبەر بۆ پشکنینی باخچەی ساوایان و داخستنی و سزادانی تاوانبارەکە، چونکە منداڵەکەی تاکە زیانلێکەوتوو نییە.

 

لە بەرامبەر ئازاری دایکەکە و ئەو شوێنەوارە دەروونییانەی کە ڕۆژانە لەسەر منداڵە بچووکەکەی بەجێدەهێڵێت، لاپەڕەیەکی مافی ژنان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا باسی تاوانەکەی کردووە، هەواڵەکە بە خێرایی لە سەرجەم ماڵپەڕەکان و پلاتفۆرمە ئۆنلاینەکاندا بڵاوبووەوە و ملیۆنان کۆمێنت و شەرمەزارکردن و توڕەیی لێکەوتەوە، بۆچوونەکان جیاواز بوون سەبارەت بە سزای گونجاو بۆ تاوانبارەکە و ئەو باخچەی ساوایانەی کە کاردەکات.

 

بەپێی دوایین پێشهاتەکانی دۆسیەکە، چوار کەس دەستبەسەر کراون تاوەکو لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، خاوەنی باخچەی ساوایانەکە وڵاتی بەجێهێشتووە، وەزارەتی ژنانیش تا ئێستا فەرمانی داخستنی نەداوە.

 

"ڕاستەقینە و شۆککەر"

چەندین ڕێکخراوی ژنان دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ئەو منداڵەیان بە ترسناک پێناسە کردووە، کۆمەڵەی "لطيفة طعم الله" ڕایگەیاندووە، دەستدرێژیکردنە سەر منداڵێکی سێ ساڵ لەناو باخچەیەکی ساوایان لە گەڕەکی نەسری تونس ڕووداوێکی ڕاستەقینە و شۆککەرە، بەتایبەتی کە بووەتە کێشەیەکی دووبارەبووەوە لەو شوێنانەی کە بڕیارە شوێنی چاودێری و پاراستنی منداڵان بن.

 

ڕێکخراوەکە لە ڕاگەیاندراوەکەیدا جەختی لەسەر پێویستی دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەیەکی ڕاستی و هەمەلایەنە لە بارودۆخی ڕووداوەکە و لێپرسینەوە لە تاوانباران و دڵنیابوون لە ڕوونی لە جێبەجێکردنی یاساکەدا بەبێ لایەنگری، هەروەها پێشکەشکردنی پاڵپشتیی دەروونی و یاسایی بۆ منداڵ و خێزانەکەی پێویستییەکی بەپەلە و ئەرکێکە.

 

ڕێکخراوی "مساواة" " یەکسانی" ڕاگەیاند، کە بە توندی تاوانی هەراسانکردن و دەستدرێژیکردنە سەر منداڵەکەی شەرمەزارکرد، داوای لێپرسینەوە لە ئەنجامدەر و هەموو بەرپرسانی تاوانەکە بکرێت، لەوانە ئەوانەی کە ئاسانکارییان کردووە، بەشدارییان کردووە، یان پەردەپۆشیان کردووە، جا لە ناوەوە یان دەرەوەی شوێنی ڕووداوەکە بێت، لە ڕێگەی جێبەجێکردنی یاسای ڕاستەقینە و توند و ڕێگریکردن.

 

وەزارەتی خێزان و ژنان و منداڵان و بەتەمەنەکان بەرپرسیارە، یەکەم لە کەمتەرخەمی و دواخستنی بەدواداچوون بۆ کەیسەکانی پەیوەست بە توندوتیژی سێکسی و هەراسانکردن و دەستدرێژی سێکسی و تەنانەت هەوڵدان بۆ پاساوهێنانەوە بۆ ئەو تاوانانە، کە ئەمەش بەهۆی نەبوونی میکانیزمی کاریگەرانەی پاراستن و چاودێری و لێپرسینەوە، گۆڕیوە بۆ دیاردەیەکی دووبارەبووەوە و بەربڵاو لە کۆمەڵگەدا.

 

دووەم: وەزارەت بەرپرسیار بوو لە چاودێریکردنی ڕاستەقینەی ٩٩٣٠ دامەزراوەی منداڵان کە نزیکەی ٥٦٠٠ باخچەی ساوایانی تایبەت و ٥٠٠ ی داینگە لەنێویاندا بوو، ئەم دامەزراوانە تەنها لەلایەن ٤٣ پشکنەر و ١٧٧ یاریدەدەری پێداگۆژیکەوە سەرپەرشتی دەکرێن، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر چاودێریکردنی ڕاستی و بەرپرسیارانە هەیە، میکانیزمەکانی چاودێریکردن سست دەکات و بەشدارە لە بڵاوبوونەوەی داینگە ڕێکنەخراوەکان کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت کاردەکەن و کارەساتی زۆریان لێدەکەوێتەوە.

 

سێیەم: وەزارەت بەرپرسیار بوو لە پابەندبوونی بە پراکتیزە کارگێڕییە بیرۆکراتییەکانەوە کە ڕێگرن لە جێبەجێکردنی داخستنی پێویست یان جێبەجێکردنی یاساکە، ئەمەش مەترسییەکی ڕاستەقینە بۆ سەر منداڵان دروست دەکات و مەترسی لەسەر باشی جەستەیی و دەروونییان دروست دەکات.

 

"بێدەنگی دەوڵەت"

سارا بن سەعید، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمەڵەی دەنگی ژنان، بە ئاژانسەکەمانی ڕاگەیاند، دوای ئازاردانی سێکسی منداڵێکی تەمەن سێ ساڵ، شەپۆلێکی توڕەیی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی سەریهەڵدا، بەداخەوە دیاردەی ئازاردانی سێکسی لە تونس بوونی هەیە، ئامارەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە لە ٨٠٪ی ژنانی تونس تووشی جۆرێک لە هەراسانکردن بوون، وەک منداڵان زۆرجار دیاردە بێدەنگ دەکرێت، بە تایبەت لەو دامەزراوانەی کە ئێمە بە پەروەردەیی دەزانین.

 

حکومەتی بە بەرپرسیار زانی لەوەی کە بەسەر ژنان و منداڵاندا دێت و ڕایگەیاند، حکومەت بێدەنگە لەسەر ئەم بابەتە هەروەها داینگە و باخچەی ساوایان کە ڕێک نەخراون، وازی لە ڕۆڵی کۆمەڵایەتی خۆی هێناوە و چیتر وەبەرهێنان لە کەرتی پەروەردە و دامودەزگاکانی منداڵدا ناکات، تاکە سەرمایە جێدەهێڵێت کە لەو بوارانەدا وەبەرهێنراوە، دەرگاکانی بەڕووی کرێکارانی ناشارەزا لە چاودێری منداڵاندا کردووەتەوە، کە ئەمەش بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی سێکسی وەک هەراسانکردن و توندوتیژی دژی منداڵان لە دامەزراوە تایبەتەکاندا.

 

ڕوونیشیکردەوە، کۆمەڵگەی مەدەنی ساڵانێکە کار لەسەر دیاردەی توندوتیژی دژی ژنان و منداڵان دەکات، هەروەها یاسای ژمارە ٥٨ باس لە توندوتیژی دژی ژنان و منداڵان دەکات، بەڵام بێدەنگییەکی تەواو لەلایەن حکومەتەوە هەیە و هیچ باسێک لەسەر دیاردەکە نەکراوە.

 

"دەرئەنجامە وێرانکەرەکان

سامیە بن سەلامە لەتیف، فەرمانبەری خانەنشینکراوی کەرتی تەندروستی و چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی وتی: ئەوەی بەسەر منداڵەکەدا هات، بەڕاستی تاوانێکی ترسناکە، کە ئەمەش بە لامەوە زۆر ناخۆشە و ئازاری دام، وەک زۆر کەسی دیکە، چونکە لێکەوتەی وێرانکەری بۆ منداڵە زیانلێکەوتووەکە و بۆ کۆمەڵگە بەگشتی هەیە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێموانییە ئەوە یەکەم ڕووداو بێت، هیوادارم دوا ڕووداویش بێت، بەڵام ئەو پرسیارەی هەمیشە دێتە ئاراوە ئەوەیە: بۆچی ڕوویدا؟ و چۆن ڕوویدا؟  هەروەها هەمیشە خۆم دەخەمە جێگەی دایکەکەوە، منداڵە بەنرخەکەم بە باخچەی ساوایان دەسپێرم بۆ ئەوەی بتوانم بە ئارامی بچمە سەر کارەکەم، بتوانم باشترینی خۆم بدەم و بەرهەمی پێویست بەدەستبهێنم، بەڵام ئەم ڕووداوە هەموو دایکەکانی تووشی شۆک کردووە، هەروەها ئەو باخچەی ساوایانەش کە منداڵیان هەیە و گرنگییان پێدەدەن.

 

دووپاتیشیکردووە، بێ گومان ئەنجامدەری ئەم ڕووداوە بەدەست نەخۆشییە دەروونییە تایبەتەکانەوە دەناڵێنێت کە پاڵیدەنێت بۆ ئەنجامدانی ئەم کارانە، کە بە "قێزەون" پێناسەیکردووە، ئەمەش بۆ پاساودانی تاوانبار نییە، بەڵکو شیکارییە بۆ دەروونناسی ئەو کەسانەی کە ئازاری منداڵان دەدەن، هەروەها تاوانەکە کاریگەریی ڕاستەقینەی لەسەر منداڵەکە و بۆ کۆمەڵگە بەگشتی هەیە.

 

سامیە بن سەلامە لەتیف جەختی لەوەشکردەوە، کە دەبێت بەدواداچوون بۆ ئەو تاوانە بکرێت لەلایەن وەزارەتی ژنان و منداڵان و بەتەمەنەکان و هەروەها وەزارەتەکانی پەروەردە و ناوخۆ و تەندروستی و ڕۆشنبیرییەوە، بۆ ئەوەی هۆکارە بنەڕەتییەکان دەستنیشان بکرێت و کۆتاییان پێبهێنرێت.