یانەیەکی ئەسپسواری بۆ منداڵانی ئۆتیزم کردەوە

 ڕۆز ئەلفاریس، کە یانەیەکی ئەسپسواری لە شاری قامیشلۆ کردووەتەوە بۆ چارەسەری منداڵانی تووشبوو بە ئۆتیزم، باس لەوە دەکات، ئەسپسواری هەستێکی جیاواز بە مرۆڤ دەبەخشێت و چارەسەرە بۆ زۆرێک لە نەخۆشییە دەروونییەکان.

زەینەب عیسا

 

قامیشلۆ- لە شاری قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، یانەیەکی ئەسپسواری لەلایەن بنەماڵەی ئەلفاریسەوە کرایەوە بۆ چارەسەرکردنی منداڵانی ئۆتیزم، ڕۆز ئەلفاریسی، خاوەنی یانەکە وتی: کردنەوەی یانەکە بۆ چارەسەری منداڵانی تووشبوو بە ئۆتیزمە و بەدیهێنانی خەونی ژنانی گەنجە بۆ ئەسپسواری.

 

ڕۆز ئەلفاریس باسی لە سەرەتای کردنەوەی ئەو پڕۆژەیە و ئامانجی کردنەوەی کردو وتی: نزیکەی مانگێکە بە هاوکاری هاوژینەکەم ئەم پڕۆژەیە دروست دەکەم، ئامانجمان لە کردنەوەی چارەسەرکردنی منداڵەکانمانە لە ئۆتیزم،  سواربوونی ئەسپ هەستێکی جیاواز بە خەڵک دەبەخشێت و چارەسەرە بۆ زۆرێک لە نەخۆشییە دەروونییەکان، هەندێک لە ژنە گەنجەکان خەونیان بە فێربوونی ئەسپسوارییەوە بینیوە، ئێمەش ویستمان خەونەکانیان بەدی بهێنین.

 

٥ ڕاهێنەری ژن و پیاو هەن

 ڕۆز ئەلفاریس ئاماژەی بە ژمارەی ڕاهێنەران و ئەو سەختییانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە کردو وتی: لە سەرەتاوە هەندێک کێشەی دارایی هەبوو، چونکە زۆر گرانە ئەسپت هەبێت، بەڵام بە پاڵپشتی خێزانەکەم و هاوژینەکەم، سەختییەکان کەم دەبنەوە، ٥ ڕاهێنەری ژن و پیاو هەن کە منداڵان و ژنان فێری ئەسپسواری دەکەن، لە ڕاستیدا هەر ڕاهێنەرێک ستایلێکی تایبەتی هەیە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە دێن بۆ فێربوون ١١ منداڵن، لەگەڵ ٥ ژن و ٤ پیاو، داوا لە هەموو لایەک دەکەم فێری ئەسپسواری بن چونکە چەندین لایەنی ئەرێنی هەیە و ئەسپسواری خۆی شوێنی خۆشی و شادییە.

 

"سەرەتا خەڵک فێری نزیکبوونەوە لە ئەسپ دەکەین"

مریەم عەلی، ڕاهێنەر باسی لە یانەی ئەسپسواری و نزیکی ژن و منداڵی لە ئەسپ کرد و وتی: ئێمە لێرە بەخێرهاتنی ژن و پیاو دەکەین، فێری ئەسپسوارییان دەکەین و خەونەکانیان بەدی دێنین، هەندێک ترس لەلای منداڵان هەیە کاتێک سواری ئەسپ دەبن، سەرەتا فێریان دەکەین چۆن لە ئەسپەوە نزیک بن، چۆن بۆ نزیکبوونەوە بە میهرەبانی پاشان بە هێواشی پێکەوە بڕۆن، لە کۆتاییدا چۆنێتی سواربوونیان ئەوەیە کە لە پشتەوە لێیان نزیک نەبنەوە و دووەمیان ئەوەیە کە لەناکاو لێیان نزیک نەبینەوە.